رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، بۆ یەکەمجار لەدوای پەتای کۆڤید-19، خواردنەوەی کحول لەنێو کەسانی پێگەیشتوودا کەمبووەتەوە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و نەوەی نوێدا.
توێژینەوەکەی زانکۆی کێک لە ئەمریکا، پشتی بە ئاماری زیاتر لە 114 هەزار کەس بەستووە، دەریخستووە کە لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2024، خواردنەوەی کحول دابەزیوە، بەتایبەت لەنێو نەوەی ناسراو بە "Gen Z" (تەمەن 18-29 ساڵ) گەورەترین دابەزینیان لە خواردنەوەی کحولدا تۆمارکردووە بە رێژەی زیاتر لە 5٪.
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات؛ خواردنەوە کحولییەکان لەنێو نەوەی "millennials" (تەمەن 30-49 ساڵ) بە رێژەی 17٪ کەمی کردووە.
د. ماتیو ماسکوێرا، پسپۆڕی چارەسەرکاری دەروونی لە قوتابخانەی پزیشکیی هارڤارد کاریگەرییەکانی وازهێنان لە کحول بەپێی ماوەی وازهێنانەکە شیدەکاتەوە؛
دوای چەند رۆژێک لە وازهێنان؛
- خەوخۆشی و گەیشتن بە خەوی قووڵ
- ئاسوودەیی دەروونیی زیاتر دەبێت
- لێدانی دڵ ئاسایی دەبێتەوە
- پەستانی خوێن هاوسەنگ دەبێتەوە
- جەستە وزەیەکی زیاتری دەبێت
دوای هەفتەیەک لە وازهێنان؛
- سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەبێتەوە
- هۆرمۆنەکان هاوسەنگدەبنەوە
- ئارەزووی سێکسی دێتەوە باری ئاسایی خۆی
- تەندروستیی جگەر باشتردەبێت و هەوکردنی کەم دەبێتەوە
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و هەوکردنی جگەر کەم دەبێتەوە
دوای یەک مانگ لە وازهێنان؛
- پێست دەدرەوشێتەوە
- ئاستی هەڵمژینی مادە خۆراکی و ڤیتامینەکان لەلایەن جەستەوە ئاسایی دەبێتەوە
- کێش کەم دەبێتەوە بەهۆی نەمانی کالۆریی نێو کحول {بەمەرجێک خۆراکی پڕ لە کالۆریی نەخورێت}
- بە تەواوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بەهۆی کحولەوە کەم دەبێتەوە
- خەو باش دەبێتەوە و لەڕووی دەروونییەوە کەسەکە بە تەواوی ئاسوودە دەبێت
دوای سێ مانگ لە وازهێنان؛
- مێشک دەستدەکات بە دووبارە چاکبوونەوەی خانە تێکشکاوەکان
- توانا هزرییەکان و توانای بیرکردنەوە ئاسایی دەبنەوە
- دڵەڕاوکێ نامێنێت
- زیاتر کەسەکە دەکەوێتە نێو خەوی قووڵەوە
- جەستە هەست بە پشوودانی زیاتر دەکات
دوای زیاتر لە شەش مانگ لە وازهێنان؛
- سیستمی بەرگریی جەستە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە و بەهێزدەبێت دژی شێرپەنجە و هۆکارەکانی نەخۆشی
- کەمتر جەستە تووشی پەتا وەرزییەکان دەبێت
- فەرمانەکانی هەرسکردن ئاسایی دەبنەوە
- شێداریی جەستە ئاسایی دەبێتەوە و تینوویەتی و وشکبوونەوە نامێنن
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پەیوەست بە کحول کەم دەبێتەوە
- هەستەکان ئاسایی دەبنەوە و جەستە لە کحول پاک دەبێتەوە


.png&w=3840&q=75)