رووداو - تەندروستی
رەنگە فڵچەی ماکیاژ وەکو ئامرازێکی ئاسایی جوانکاری دەربکەوێت، بەڵام راستەوخۆ بەر پێست دەکەوێت و رەنگە پاشماوەی کەرستەکانی جوانکاری و چەوری و خانە مردووەکانی پێست و میکرۆبەکانی لەسەر کۆببێتەوە، بەتایبەت ئەگەر بە رێکوپێکی پاک نەکرێتەوە یان لەگەڵ کەسێکی دیکە بە هاوبەشی بەکاربهێندرێت.
جۆ گیلکرێست، خانمێکی ئوسترالی شۆخ و شەنگ بوو، لە ساڵی 2015 تووشی هەوکردنێکی سەختی بەکتریایی بوو کە هیچ دەرمانێک چارەسەری نەدەکرد، گەیشتە بڕبڕەی پشتی و بووە هۆی ئیفلیجبوون. گیلکرێست، ئەو دەڵێت، فڵچەی ماکیاژی هاوڕێیەکی بەکارهێناوە کە تووشی هەوکردنی پێست ببوو، بۆیە پێیوابووە کە فڵچەکە سەرچاوەی گواستنەوەی هەوکردنەکە بووە.

چی دەتوانێت لەسەر فڵچەی ماکیاژ بژی؟
بابەتەکە تەنیا پەیوەندیی بە یەک جۆر بەکتریاوە نییە، توێژینەوەیەکی گۆڤاری نێودەوڵەتیی مایکرۆبایۆلۆژی بڵاو کرایەوە، دوای پشکنینی 57 فڵچەی ماکیاژی بەکارهاتوو، فرەجۆرییەکی میکرۆبی دەرخست کە کۆمەڵێک بەکتریای مەترسیاریان لەخۆگرتبوو.
ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی پێست، هۆشداری دەدات کە فڵچە پیسەکانی ماکیاژ دەکرێت پەیوەندییان بە کێشەکانی وەک زیپکە، سووربوونەوەی پێست و هەوکردنەوە هەبێت و ئاماژە بە ئەگەری بوونی بەکتریای وەک E. coli و بەکتریای ستافیلۆکۆکەس دەکات، جگە لە کەڕوو لەسەر ئامرازە جوانکارییە پاکنەکراوەکان.
ئەکادیمیاکە هۆشداری دەدات کە هیچ فڵچە و کەرستەیەکی جوانکاریی کەسێکی دیکە بەکارنەهێندرێت، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات فڵچەکانی ماکیاژ هەر 7 بۆ 10 رۆژ جارێک بشۆردرێن. لە کاتێکدا ئیسفەنجی ماکیاژ پێویستی بە پاککردنەوەی زوو زوو هەیە.


