رووداو - تەندروستی
کلیڤلاندی پزیشکی دەریدەخات، بەکارهێنانی شەکرە دەستکردەکان (زایلیتۆل) کە لە بەرهەمە دایتەکان باوە، رەنگە مەترسییەکانی سەر تەندروستیی دڵ زیاد بکات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە.
د. ستانلی هەیزن، سەرۆکی بەشی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی نەخۆشخانەی کلیڤلاند دەریخستووە، زایلیتۆل خانەکانی مەیینی خوێن چالاکتر دەکات و تەنیا لە ماوەیەکی کەمدا دوای خواردنی، مەترسیی دروستبوونی مەیینی خوێن، جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
مادەی زیلیتۆل بە شێوەیەکی سرووشتی لە هەندێک میوە و سەوزەدا بە بڕێکی زۆر کەم هەیە، بەڵام وەک جێگرەوەی شەکری سرووشتی بە رێژەیەکی زۆر دەستکرد دەخرێتە ناو شیرینییە بێ-شەکرەکان، بنێشت، کاکاو، بەرهەمەکانی پاککردنەوەی ددان (وەک هەویری ددان) و ساردەمەنییەکانەوە.
بە گوتەی پزیشکان، بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ، باشتر وایە پشت بە خۆراکی سرووشتی و تەندروست ببەسترێت و لە بەکارهێنانی مادە دەستکردەکان دووربکەوینەوە. ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە یان مەترسیی جەڵتەیان لەسەرە، پێویستە پێش بەکارهێنانی هەر شیرینکەرێکی جێگرەوە، راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێ کە لە ماڵەوە تاوەکو پشکنینی هێڵکاریی دڵ پێویستە 10 خولەک بێت و لە ماڵەوە تاوەکو ئەنجامدانی قەستەرە بۆ کەسی تووشبووی جەڵتەی دڵ پێویستە 90 خولەک بێت، چونکە ''خولەکێک دواکەوتن لە بووژانەوەی دڵ، 10٪ چانسی ژیان کەم دەبێتەوە''.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سنگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
هۆکاری جەڵتەی دڵ
بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ خوێن بۆ دیوارێکی دڵ ناچێت، خانەکانی ماسوولکەی دڵ دەمرن و دڵ فەرمنای ئاسایی خۆیان لەدەستدەدەن.
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە زۆرە؛
* پیاوان
* جگەرە و نێرگەلەکێش
* تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن
* قەڵەو و کێشزۆر
* کەمجووڵە
* ئەوانەی تووشبووی جەڵتە لە خێزانەکانیان هەیە
* تووشبووی شەکرە و بەرزەچەوری



