رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە لایەن سەنتەری سیڤەر بۆ توێژینەوە و چارەسەری ئۆتیزم لە ماونت سینای لە نیویۆرکی ئەمریکا ئەنجامدراوە و دەریدەخات کە تێکچوونی بۆماوەیی "فیلان-ماکدێرمید" پەیوەندییەکی بەهێزی بە ئۆتیزمەوە هەیە.
د. جۆزێف دی بوکسباوم، بەڕێوەبەری سەنتەری سیڤەر بۆ ئۆتیزم و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "ئێمە پێشنیازی ئەوە دەکەین کە هەموو منداڵێکی ئۆتیزم پشکنینی بۆماوەیی بۆ بکرێت، ئەم دۆزینەوە بۆماوەییانە رێگە بە توێژەران دەدەن کە تاقیکردنەوەی کلینیکیی وردتر بۆ چارەسەرە ئەگەرییەکان بکەن''.
تێکچوونی فیلان-ماکدێرمید (PMS) نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەنە کە بەهۆی سڕینەوە یان گۆڕانکاری لە جینی SHANK3 لەسەر کرۆمۆسۆمی 22 روودەدات. ئەم تێکچوونە دەتوانێت ببێتە هۆی کۆمەڵێک کێشەی پزیشکی، هزری و رەفتاری. زۆربەی ئەو کەسانەی ئەم تێکچوونەیان هەیە، تایبەتمەندییەکانی ئۆتیزمیشیان تێدایە.
توێژینەوە نوێیەکە، کە داتای نزیکەی 180 هەزار کەسی ئۆتیزمی شیکردووەتەوە، مەزەندەی دەکات کە ئەم تێکچوونە کاریگەری لەسەر نزیکەی 1 لە هەر 7300 کەسێک هەیە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رەنگە زیاتر لە 45 هەزار کەس لە ئەمریکا تووشبووی ئەم نەخۆشییە بن، بەڵام زۆربەیان دەستنیشان نەکراون.
بەگوتەی توێژەران، هۆکاری سەرەکیی ئەم کەلێنە گەورەیە لە نێوان حاڵەتە زانراو و مەزەندەکراوەکاندا ئەوەیە کە زۆرجار پشکنینی بۆماوەیی بۆ ئەو کەسانە ناکرێت کە کێشەی گەشەیان هەیە، یان رووبەڕووی بەربەستی بیمە دەبنەوە. لە کاتێکدا کە چەندین چارەسەری نوێ بۆ ئەم نەخۆشییە خەریکە دەچنە قۆناخی تاقیکردنەوەی کلینیکییەوە، دەستنیشانکردنی بۆماوەیی دەتوانێت دەرگە بۆ وەرگرتنی چاودێریی پزیشکیی تایبەتمەند، بەشداریکردن لە توێژینەوەکان و چارەسەرە نوێیەکان بکاتەوە.



