رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی ئەم دواییانەی بەریتانی ئاشکرای دەکات، دانیشتووانی ناوچە دوورەدەستەکان یاخود هەژارنشینەکان زیاتر تووشی شێرپەنجە دەبن.
بەپێی ناوەندی بەریتانی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە؛ ساڵانە 34 هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمار دەکرێن کە هۆکارەکەی هەژارییە.
ئاڵفی تۆمسۆن بەهۆی جگەرەکێشانەوە تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام ئێستا بەختەوەرە چونکە بە پشکنینی پێشوەختە زوو دەستنیشان و چارەسەریش کراوە.
ئاڵفی تۆمسۆن، چاکبووەوەی شێرپەنجەی سییەکان دەڵێت ''ئەگەر ئەو پشکنینەم نەکردایە، رەنگە ئێستا لێرە نەبوومایە. چارەسەری تیشکم وەرگرت کە پێنج ژەمی دووقات بوو لەماوەی پێنج رۆژدا. کاتێک لەکۆتایی وەرگرتنی چارەسەرەکەتدا زەنگی چاکبوونەوە لێدەدەیت، شتێکی بەڕاستی باوەڕپێنەکراوە''.
لەبەر ئەوەی هەژارەکان هۆشیاریی تەندروستییان لاوازە و ئاستی دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییەکان کەمە، تەنانەت زۆرینەیان بەهۆی نەبوونی پارەوە گوێ بە چوونە پزیشک نادەن و بەشداری پڕۆگرامەکانی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە نادەن و گوێ بە کوتان نادەن، هەروەها زیاتر مەیلیان بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروستیش دەڕوات. هەر بۆیە زیاتر شێرپەنجە لەنێویان باوە.
ناسر توڕابی، توێژەر لە سەنتەری بەریتانی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە دەڵێت ''رۆژانە نزیکەی 95 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە پەیوەستن بە هەژارییەوە و ئەو ژمارەیە قبووڵنەکراوە، دەشتوانرێت رێگری لێبکرێت و حکومەت لەڕێگەی چەند هەنگاوێکی کردارییەوە پاڵپشتیی بکات، وەک وازهێنان لە جگەرەکێشان و بایەخدان بە پشکنینی پێشوەختە لە ناوچە هەژارنشینەکان''.
شێرپەنجەی سییەکان، سەر و مل، جگەر و سوورێنچک باوترینن کە زیاتر تووشی هەژارەکان دەبن. حکومەتی بەریتانیاش بۆ ئاگالێبوونی زیاتری هەژاران، نۆڕینگەی گەڕۆکی خۆڕایی بۆ پشکنینی شێرپەنجە لە ناوچە دوورەدەستەکان داناوە.



