رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی ڤێتێرنەری لەبارەی نەخۆشیی هاریی سەگەوە رایدەگەیێنێت، هەموو سەگێک مەرج نییە نەخۆشیی هاری هەبێت، بەڵام واباشترە هاونیشتمانییان ئاگاداری مامەڵەکردنیان لەگەڵ سەگ بن.
ئەمڕۆ سێشەممە 29-9-2026 دکتۆر لاڤین عەبدولوەهاب، پزیشکی ڤێتێرنەری بە رووداوی گوت: هەر سەگێک ڤاکسین نەکرابێت و بەرکەوتەی لەگەڵ ئاژەڵی کێویدا هەبێت، ئەگەری هەیە تووشبووی نەخۆشیی هاری بێت، بۆیە دەبێت خۆپارێزی لەو جۆرانە بکرێت.
د. لاڤین عەبدولوەهاب رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەدات، کاتێک رووبەڕووی سەگێک دەبیتەوە نابێت سەیری چاوەکانی بکرێت و ئازار بدرێن، ئەگینا کاردانەوەی تووندیان دەبێت. ئەوەشی باس کرد کە کاتێک سەگێک بەرەوڕووی کەسێک دێت، نابێت ئەو کەسە رابکات و ئاراستەی رۆیشتنەکە بە هێمنی بێت.
لەکاتی گەستنی سەگ ئەمانە جێبەجێبکرێن؛
- شوێنی برینەکە ئەگەر خوێنی لێهات، پەستانی بخرێتەسەر تاوەکو خوێنەکە رابگیرێت.
- شووشتنی شوێنی برینەکە بە ئاو و سابوون، چونکە ئەوە ناهێڵێت ڤایرۆسی نێو لیکی سەگەکە بچێتە جەستە.
- بگەیێندرێتە نەخۆشخانە؛ ئەگەر زانرا کەسەکە مەترسیی لەسەرە ئەوا دەرزیی دژە هاریی یاخود بەرزکردنەوەی بەرگریی جەستەی دەدرێتێ.
بۆچی گەستنی سەگ مەترسیدارە؟
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، هاریی سەگ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و دووچاری کۆئەندامی دەمار دەبێت، هاوکات نەخۆشییەکە مرۆژەڵییە، واتە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، نەخۆشیی هاریی سەگ لە رێگەی شلەکانی جەستەوە بەتایبەت لیک و خوێنی کەس یان ئاژەڵی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە و تەنانەت پەیوەندیی راستەوخۆ و گازگرتنیش هۆکارێکی گواستنەوەی نەخۆشییەکەن.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە سەگ
* دەرکەوتن؛ 2 بۆ 4 مانگ
* تا و گەشکە
* هەستیاری بە رووناکی و ئاو
* قورسیی قووتدان و لیکی زۆر
* ئیفلیجی
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە مرۆڤ
* دەرکەوتن؛ 2 مانگ بۆ ساڵێک
* ئیفلیجی
* تا و رشانەوە
* قورسیی قووتدان
* هەوکردنی مێشک و کۆئەندامی دەمار
* زیادبوونی لیک
* تێکچوونی باری دەروونی
* گازگرتن



