رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان لەبارەی نیشانەکانی جەڵتەی دڵ و دەڵێت، ئازاری سنگ بە هیچ شێوەیەک پشتگوێ نەخرێت و دەبێت بە زووترین کات پشکنین بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 29-9-2026 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی دڵ، د. حوسێن عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ بە رووداوی راگەیاند: سنگئێشە و هەناسەتەنگی لەگەڵ ئارەقەکردنەوەی زۆر باوترین نیشانەن بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و پێویستە بە زووترین کات کەسی تووشبوو، بچێتە نزیکترین نەخۆشخانە.
د. حوسێن عەلی ئەوە باس دەکات کە نەخۆش هەبووە نیشانەکانی جەڵتەی دڵی هەبووە و پشتگوێی خستووە، کە دوای ساڵێک پشکنینی کردووە دەرکەوتووە؛ سستبوونی ماسوولکەکانی دڵی تووشبووە و لوولەکانی خوێنی گیراون.
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێ کە لە ماڵەوە تاوەکو پشکنینی هێڵکاریی دڵ پێویستە 10 خولەک بێت و لە ماڵەوە تاوەکو ئەنجامدانی قەستەرە بۆ کەسی تووشبووی جەڵتەی دڵ پێویستە 90 خولەک بێت، چونکە ''خولەکێک دواکەوتن لە بووژانەوەی دڵ، 10٪ چانسی ژیان کەم دەبێتەوە''.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
هۆکاری جەڵتەی دڵ
بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ خوێن بۆ دیوارێکی دڵ ناچێت، خانەکانی ماسوولکەی دڵ دەمرن و دڵ فەرمنای ئاسایی خۆیان لەدەستدەدەن.
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە زۆرە؛
* پیاوان
* جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشەکان
* تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن
* قەڵەو و کێشزۆر
* کەمجووڵە
* ئەوانەی تووشبووی جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ لە خێزانەکانیان هەیە
* تووشبووی شەکرە و بەرزەچەوری



