رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆلو لە فینلاند، دەریخستووە ئەو کەسانەی شەوان درەنگ دەخەون و بەیانیان درەنگ هەڵدەستن، بەراورد بەوانەی بەیانیان زوو هەڵدەستن، 1.7 هێندە زیاتربەهۆی کەمئەندامییەوە، خانەنشین دەبن.
د. تاپیۆ رایها، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "کاتێک خشتەی کارکردن لەگەڵ کاتژمێری زیندەیی جەستەتدا ناگونجێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی خەو بەمەش ئاستی ئەنجامدانی کارەکان باش نابێت''.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، 12.1٪ـی ئەو خانمانە و 8.3٪ـی ئەو پیاوانەی شەوانە درەنگ دەخەون، لەماوەی توێژینەوەکەدا مووچەی کەمئەندامییان وەرگرتووە. لە بەرامبەردا، تەنیا 7.2٪ـی خانمان و 5٪ـی پیاوان کە بەیانیان زوو هەڵدەستن، ئەو مووچەیەیان وەرگرتووە.
توێژەرانی زانکۆ فینلاندییەکە، بۆ ماوەی 12 ساڵ چاودێریی زیاتر لە 5 هەزار بەشداربوویان کردووە بۆیان دەرکەوتووە، ئەو جیاوازییە لە وەرگرتنی مووچەی کەمئەندامیدا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە کاتەکانی کارکردن، بڕی خەو و هۆکاری دیکەی وەکو دەرووندروستی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.



