رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کیمیۆنگ لە کۆریای باشوور دەریخستووە، ئەو کەسانەی رۆژانە جووڵەیەکی کەمیان هەیە وەکو پیاسەکردن، رێژەی مایتۆکۆندریایان لە خوێنیاندا بەرزتر دەبێت، کە ئەمەش نیشانەیەکی گرنگی تەندروستیی خانەکانی جەستەیە.
توێژەرانی زانکۆ کۆرییەکە بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 45 بۆ 64 ساڵیدایە و رۆژانە زیاتر دەجووڵێن، ژمارەی کۆپیی DNAی مایتۆکۆندریا (mtDNAcn) لە خوێنیاندا بەرزە، کە ئەمەش پێوەرێکە بۆ وزە و کارایی خانەکان، کەمبوونەوەی ئەم پێوەرە پەیوەستکراوە بە پیربوون و چەندین نەخۆشیی درێژخایەنەوە.
بەپێی توێژینەوەکە ئەوانەی زیاتر پیاسە دەکەن و جووڵەی سووکیان هەیە، ئاستی mtDNAcn لە خوێنیاندا بەرزتر بووە. بەڵام پەیوەندییەکی هاوشێوە بۆ وەرزشی قورس و مامناوەند نەدۆزراوەتەوە، کە رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت بەشداربووان کەمتر ئەو جۆرە وەرزشانەیان کردووە.
توێژەرانی زانکۆی کیمیۆنگ، جەخت لەوە دەکەنەوە کە جووڵەی ئاسایی رۆژانە، وەک پیاسەکردن و کارەکانی دیکەی رۆژانە، رەنگە رۆڵێکی گرنگی هەبێت لە پاراستنی تەندروستیی مایتۆکۆندریا لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە باس دەکەن کە کەمجووڵەیی زۆر باشترە لەوەی کە هیچ جووڵەیەک نەبێت.



