رووداو - تەندروستی
ئەکادیمیای ئەورووپی بۆ دەمارناسی دەریخستووە، کێشەکانی خەوتن تەنیا ماندووبوون نین، کەمخەویی درێژخایەن مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستیی مێشک.
د. لوکا ڤیناتێلی، لە پەیمانگەی زانستە دەمارییەکانی ئیتاڵیا ئاماژە دەدات، ئەنجامەکانی توێژینەوەیەک لەسەر زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەس ئەنجام درابوو دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی تووشی کەمخەویی دەبن، 26٪ زیاتر مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک هەیە و 28٪ زیاتر ئەگەری چوونە نەخۆشخانەیان هەیە.
بەپێی توێژینەوەکە دەرکەوتووە، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان کەمخەوی، کێشەی دەروونی و مێشک هەیە وەک خەمۆکی، تێکچوونی رەفتار و نەخۆشیی لەبیرچوونەوە دۆزرایەوە.
توێژەران هۆشداری دەدەن، بێخەوی نابێت وەک کێشەیەکی کاتی سەیر بکرێت، بەڵکو نیشانەیەکی هۆشدارییە بۆ تێکچوونی تەندروستیی مێشک و پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.
دامەزراوەی جەڵتە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن وەکو؛
- ناڕێکیی رووخسار
- سڕبوونی لایەکی جەستە
- قورسبوونی زمان
- تێکچوونی جووڵە
- ناڕێکیی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازبوونی بینین
هەروەها دامەزراوەکە هۆشداریدەدات، هەر کەسێک تووشی یەکێک یاخود چەند نیشانەیەکی جەڵتەی مێشک بوو ئەوا پێویستە لانیکەم لە 30 خولەکدا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە تاوەکو چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت و کاریگەریی جەڵتەکە لەسەر جەستە و مێشکی تووشبووەکە کەمببێتەوە.



