رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، تەنانەت خواردنەوەی کەمیی کحول رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی مێشک هەبێت، ئەمەش دژی ئەو باوەڕە باوەیە کە پێیوابوو رۆژانە خواردنەوەی پەرداخێک شەراب رەنگە مرۆڤ لە لەبیرچوونەوە بپارێزێت.
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکیی ئەمریکی (JAMA) بڵاوکراوەتەوە، بۆی دەرکەوتووە کە رەنگە خواردنەوەی چوار پەرداخ لە هەفتەیەکدا پەیوەندی بە بچووکبوونەوەی قەبارەی مێشک و دابەزینی توانای زمانەوانییەوە هەبێت.
دکتۆر عومەر ئەوان، بەشداربووی پزیشکی لە سکریپس نیوز رایگەیاند: "توێژینەوەکە ناڵێت کحول دەبێتە هۆی لەبیرچوونەوە، ئەمە خاڵێکی گرنگە کە دەمەوێت بینەران لێی تێبگەن، بەڵام ئەوەی دەیڵێت ئەوەیە کە کحول یەکێکە لەو چەندین هۆکارە گۆڕاوەی کە دەتوانێت مەترسیی تووشبوونت بە لەبیرچوونەوە زیاد بکات".
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەی تەندروستیی گشتیی ئەمریکی بە روونی رایگەیاندووە کە کحول هیچ سوودێکی تەندروستی نییە، خواردنەوەی زۆر کە بە خواردنەوەی زیاتر لە دوو پەرداخ لە رۆژێکدا پێناسە دەکرێت، مەترسیی تەندروستی هەیە، دکتۆر ئەوان، گوتی کحول ماددەیەکی ژەهراوییە کە دەتوانێت بگۆڕێت بۆ ئەستەڵدیهاید، کە دەتوانێت راستەوخۆ زیان بە DNA بگەیێنێت.
ئەمەش پەیوەستکراوە بە لانیکەم حەوت جۆری شێرپەنجەوە، لەنێویاندا شێرپەنجەی مەمک، جگەر و کۆڵۆن، هەروەها دەبێتە هۆی هەوکردن، پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات و دەتوانێت زیان بە توانای بڕیاردان، یادەوەری و فێربوون بگەیێنێت.
دکتۆر عومەر ئەوان، دەڵێت: ئەگەر ئێستا کحول ناخۆیتەوە، من پێشنیازی ئەوە ناکەم دەست بە خواردنەوەی بکەیت، هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت خواردنەوەی کحول دەتوانێت تەندروستیت باشتر بکات. ئەگەریش زۆر دەیخۆیتەوە، دەبێت بیر لە کەمکردنەوەی بکەیتەوە."

.png&w=3840&q=75)

