رووداو - تەندروستی
دەروونناسێک پێشنیاز دەکات، خەڵک لەڕێگەی میمبەرەکانی مزگەوت و قوتابخانەکانەوە هۆشیار بکرێنەوە لە مەترسیی خواردنەوە وزەبەخشەکان.
د. کازم گزالی، دەروونناس دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگە لە مەترسییە درێژخایەنەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان هۆشیار نەکرێتەوە و هەڵمەتێکی گشتگیری تەندروستی لە قوتابخانە، میمبەری مزگەوتەکان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئەم پرسە دەست پێ نەکرێت، نەوەی داهاتوو رووبەڕووی ئەم ئافاتانەی خوارەوە دەبێتەوە؛
- تێکچوونی دەروونی و رەفتاری: تووشبوون بە پەلاماری شڵەژانی لەناکاو (پانیک)، دڵەڕاوکێی بەردەوام، هەڵچوونی تووندوتیژی، لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی رەفتار و پەرچەکرداری ناهاوسەنگ.
- تێکچوونی جەستەیی: ناڕێکیی لێدانی دڵ، قەڵەویی پێشوەختە، شەکرە، سەرئێشەی بەردەوام، ئاڵۆزییەکانی کۆئەندامی هەرس و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
لە کۆتاییدا باسی ئەوەش دەکات، ئەگەر رێگری لەم بلۆگەر و کەسایەتییانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەکرێت کە نابەرپرسانە رێکلام بۆ ئەم بەرهەمانە دەکەن، دڵنیابن ئەم خواردنەوە زیانبەخشانە دەبنە بەشێک لە سەر مێزی هەموو ژەمەخواردنێکی رۆژانەمان.
خواردنەوە وزەبەخشەکان چی لە جەستە دەکەن؟
1- دوای 20 خولەک
لەدوای 20 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، لەبەر ئەوەی شەکری زۆریان تێدایە، شەکری خوێن بەرزدەکەنەوە و بەمەش خێرا هۆڕمۆنی ئەنسۆلین دەردەدرێت.
2- دوای 40 خولەک
لەدوای 40 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، کافاینی نێویان دەمژرێت، بەمەش جەستە وەڵامی دەبێت، بیلبیلەکانی چاو دەکرێنەوە، پەستانی خوێن زیاد دەکات و شەکری زۆرتر دەمژرێتە نێو خوێن، جەستە لە ئاگایی زیاتر دەبێت.
3- دوای 45 خولەک
لەدوای 45 خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، بەرهەمهێنانی دۆپامین زیاد دەکات، کە دڵخۆشی دروستدەکات و هاوشێوەی وەڵامی جەستەیە بۆ هێرۆین و مادەی هۆشبەر.
4- دوای کاژێرێک
لە دوای کاژێرێک لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان، شەکری خوێن تێکدەشکێت، کافاین کەم دەکاتەوە، بەمەش کەسەکە هەست بەبێهێزی دەکات و میزاجی تێکدەچێت، زۆرجار سەرئێشە و بێهێزی یاخود خەوزڕان و هەستکردن بە دڵەڕاوکێ روودەدەن.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی تێکساس، رۆژانە خواردنەوەی 85 بۆ 170 ملیگرام وزەبەخشەکان دەبێتە هۆی لاوازی سێکسی بەتایبەت بۆ ئەو پیاوانەی کێشی جەستەیان کەمە.
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، منداڵان و مێردمنداڵان بەهیچ شێوەیەک ئەو خواردنەوانە نەخۆنەوە کە مادە وزەبەخشەکان و کافایینیان تێدایە و دەڵێت بۆ گەورانیش سنوورداربکرێن، چونکە بڕی زیاد لە پێویستی رۆژانە مادەی زیانبەخشیان تێدا هەن.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)

