رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بواری تەمەندرێژی ئاشکرای دەکات، تەنیایی و نەبوونی هاوڕێ دەکرێت هۆکار بێت بۆ زیادکردنی گوشاری دەروونی و لەو رووەوە تەمەن کورت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-9-2026 د. دانا مەردۆک، پسپۆڕی تەمەندرێژی لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە دکتۆر نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات گوتی: جگە لە تەنیایی، زۆردانیشتن هۆکارە بۆ ئەوەی ماسوولکەکان لاواز بن و ئەمەش تەمەنی کورت بە تاک دەدات.
لە وڵاتێکی وەکو عێراق لە ریزبەندی 150ـەمینی وڵاتە تەمەندرێژەکانە کە تێکڕای تەمەن نزیکەی 72 ساڵە، د. دانا مەردۆک لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەو وڵاتانەی کە تەمەنیان درێژە، دەرووندروستیشن و لەڕووی بیر و باوەڕەوە پشت بە شێوازی ژیانی تەندروست دەبەستن.
تێکڕای تەمەنی دانیشتووی وڵاتان
هۆنگکۆنگ 85.8 ساڵ
ماکاو 85.5 ساڵ
ژاپۆن 84.9 ساڵ
سویسرا 84.3 ساڵ
عێراق 72 ساڵ
تورکیا 78.68 ساڵ
ئوردن 80.45 ساڵ
ئێران 76.9 ساڵ
مالیزیا 75.9 ساڵ
سعودیە 78.1 ساڵ
ئیمارات 80.4 ساڵ
قەتەر 81.7 ساڵ
ئێمە دوو جۆر تەمەنمان هەیە
تەمەنی ساڵنامە: ئەمە ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە ژیاویت (بۆ نموونە، 40 ساڵ).
تەمەنی بایۆلۆژی: ئەمە تەمەنی راستەقینەی جەستەتە. واتە، ئەندامەکانی ناوەوەی جەستەت چەند بە باشی کار دەکەن و توانای چەندیان هەیە.
توێژینەوەکان دەریانخستووە، تەمەنی بایۆلۆژی گرنگترە بۆ ئەوەی بزانیت چەند دەژیت، نەوەک تەمەنی ساڵنامە. بۆ نموونە، دوو کەسی 60 ساڵ لەوانەیە یەکێکیان جەستەی وەک 50 ساڵێک کار بکات و ئەوی دیکەیان وەک 70 ساڵێک. ئەوەی یەکەمیان ئەگەری زیاترە تەمەنی درێژتر بێت.
چۆن دەتوانی تەمەنی بایۆلۆژیی خۆت بزانیت؟
ئێستا پشکنینی تایبەت هەیە کە تەنیا بە نموونەیەکی بچووکی لیک دەکرێ و دەتوانرێ لە ماڵەوە ئەنجام بدرێ.
پێنج خووی سادە بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی بایۆلۆژی
ژیانی رۆژانە کاریگەریی لەسەر تەمەنی بایۆلۆژی هەیە. هەندێک کار دەکرێ مرۆڤ پیر بکەن، بەڵام هەندێک کاری دیکەش دەتوانن کاتژمێرەکە بگەڕێننەوە دواوە.
1- وەرزش بکە: وەرزشکردن بە بەردەوامی مەترسیی مردن لە هەموو هۆکارەکان کەم دەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر پێشتر وەرزشت نەکردبێت، هەرگیز درەنگ نییە. توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەی هەشت هەفتە وەرزشیان کردووە (هەفتەی سێ جار، هەر جارەی 60 خولەک)، تەمەنی بایۆلۆجییان بە نزیکەی دوو ساڵ گەنج بووەتەوە.
2. خۆراکی تەندروست بخۆ: خواردنی میوە، سەوزە، دانەوێڵە، چەرەسات، پاقلەمەنییەکان، ماسی و پرۆتینی بێ چەوری، تەمەنی بایۆلۆجی کەم دەکاتەوە (واتە گەنجترت دەکات). هەوڵبدە کەمتر گۆشتی سوور، چەوریی تێر، شەکر و خوێ بخۆیت.
3. خەوت باش بکە: خەوی باش یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ گەنج مانەوە. لە کاتی خەودا، جەستە خۆی چاک دەکاتەوە. ئەو کەسانەی شەوانە کەمتر لە پێنج کاژێر دەخەون، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە تەمەن وەک شەکرە، نەخۆشیی دڵ، شێرپەنجە و لەبیرچوونەوە زیاد دەکات.
4. لە خووە خراپەکان دوور بکەوە: جگەرەکێشان، ڤەیپ و خواردنەوەی کحول، بەهێزترین هۆکارەکانن بۆ خێراکردنی پرۆسەی پیربوون. جگەرەکێشان سییەکان بە نزیکەی 4.3 ساڵ پیردەکات.
5. گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ کۆنتڕۆڵ بکە: گوشاری دەروونی راستەوخۆ پڕۆسەی پیربوون خێرا دەکات. توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەو کەسانەی هەفتانە زیاتر لە 40 کاژێر کار دەکەن، تەمەنی بایۆلۆجییان دوو ساڵ زیاد دەکات (واتە دوو ساڵ پیرتر دەبن)، کە رەنگە هۆکارەکەی سترێس بێت.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)