رووداو - تەندروستی دەرمانسازێک هۆشداریی دەدات لە خواردنی پاراسیتامۆڵ یان ئایبوپڕۆفین پێش وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا و ئاماژەی بەوەدا کە بەکارهێنانی ئەم ئازارشکێنانە وەک رێگرییەک لەوانەیە پێویست نەبێت. دکتۆر ناسڕ عەلی، دەرمانساز گوتی، "زۆربەی خەڵک پێشوەختە نازانن ئایا تووشی کاریگەرییە لاوەکییەکانی دوای کوتان دەبن یان نا، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی پێویست ناکات پێش دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک، ئازارشکێن بخورێت". دکتۆر ناسڕ عەلی "هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی ئەم دەرمانانە پێش هەندێک ڤاکسین یان لە کاتێکی نزیک لە کوتان، لەوانەیە کەمێک کاریگەریی لەسەر وەڵامدانەوەی بەرگریی جەستە هەبێت". دکتۆر ناسڕ عەلی ئاماژە بەوەدەکات " باشتر وایە ڤاکسینەکە وەربگریت، پاشان چاودێریی نیشانەکان بکەیت و ئەگەر دەرکەوتن، چارەسەریان بکەیت، نەک ئەوەی هەوڵبدەیت بە خواردنی دەرمان پێشوەختە رێگرییان لێ بکەیت." ناوەندی کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC)، رێنوێنی دەدات کە ئازارشکێنەکان یان دەرمانەکان بۆ دابەزینی تا، وەک پاراسیتامۆڵ و ئایبوپڕۆفین، وەک رێگرییەک پێش یان لە کاتی وەرگرتنی ڤاکسیندا بەکارنەهێنرێن. کەی دەکرێت ئازارشکێنەکان بخورێن؟ هەندێک کەس لەوانەیە دوای وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا هەست بە ئازاری قۆڵ، سەرئێشە، کەمێک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما یان ئازاری جەستە بکەن، ئەم نیشانانە زۆربەی کات سووکن و لە ماوەی رۆژێک یان دوواندا نامێنن. لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەی بێزارکەردا، دەکرێت ئازارشکێنێکی گونجاو بەکاربهێنرێت، زۆربەی کات پاراسیتامۆڵ بژاردەیەکی سادەیە بۆ کەمکردنەوەی سەرئێشە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما یان ئازاری جەستە، سەبارەت بە ئایبوپڕۆفین، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئازار و تا و هەوکردن، بەڵام بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە، بەتایبەتی هەندێک کەس کە برینی گەدە، گرفتی گورچیلە یان جۆرێکی دیاریکراوی رەبۆیان هەیە، بۆیە رێنوێنی دەکرێت راوێژ بە دەرمانساز بکرێت ئەگەر گومانت لەبارەی ئازارشکێنی گونجاوەوە هەبوو.