رووداو - تەندروستی
خانمە پسپۆڕێکی کورد لە ئیتاڵیا کە یەکێکە لەو توێژەرانەی کار لەسەر دروستکردن و بەرهەمهێنانی مێشکی رۆبۆتی ''مێشکی دیجیتاڵی'' دەکات بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆشییەکان، وەکو توێژەرێکی کاریگەر ئەم ساڵ پێشەنگی ریزبەندییەکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.
د. پاوان سیروان دزەیی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە و توێژەری مێشکی رۆبۆتی لە ریزبەندی نێودەوڵەتیی (top 1000 scholar)دا پلەی 28ـەمینی لە بواری (کەناڵ و وەرگرەکانی ئایۆنەکان لەنێو پەردەی خانە) ''Ion Channels and Receptors'' لە جیهاندا بەدەستهێناوە.
لەم هەڵسەنگاندنە نوێیە جیهانییەدا، د. پاوان پێشەنگی توێژەرانی بوارەکەی گرتووە و Impact Score ـی 94.34 ـی بەدەستهێناوە کە ئەمەش پشت بە (کاریگەریی توێژینەوەکان، بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ و چارەسەری زیاتر، بەردەوامیی کاری زانستی و رۆڵی توێژەر لە بەرەوپێشچوونی زانست) لەماوەی ساڵەکانی نێوان 2021-2025 سەرچاوە دەگرێت.
ئەو خانمە پسپۆڕە لە بوارەکانی فیسیۆلۆژیی جەستە، فیسیۆلۆژیی دەماری و توێژینەوە لەسەر نوێبوونەوەی خانەکانی مێشک و چۆنیەتیی میکانیزمی خانەکان، چەندین توێژینەوەی لە گۆڤاری ئاست بەرز (Impact Factor) بڵاو کردووەتەوە.
لەبارەی مێشکی رۆبۆتی و داهێنانەکەی د. پاوان دزەیی، زیاتر بخوێنەرەوە لەم لینکە.



