رووداو - تەندروستی توێژینەوەیەکی زانکۆی مۆنتانا ستەیتی ئەمریکی دەریدەخات، میکانیزمێکی شاراوەی خانەکانی دۆزیوەتەوە کە رێگەیان پێدەدات لە دۆخە سەختەکاندا لە ژیاندا بمێننەوە، ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە داهاتوودا. زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات کە خانەکانی جەستە بۆ ئەوەی بژین، پێویستیان بە ترشێکی ئەمینی هەیە بە ناوی "سیستین"، کە بۆ دروستکردنی پرۆتین و پاراستنی خانە لە زیان بەکاریدەهێنن. دوای 7 ساڵ لە توێژینەوە دەرکەوتووە کاتێک رێڕەوی سەرەکیی بەرهەمهێنانی سیستین لەکاردەکەوێت، خانەکان دەتوانن رێگەیەکی جێگرەوە بۆ دروستکردنی بەکاربهێنن. پرۆفیسۆرد. ئێد شمیت، لە زانکۆی ویلایەتی مۆنتانا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "هەموو خانەکان پێویستیان بە سیستین هەیە بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێننەوە، بەڵام ئەم مادەیە لە دەرەوەی خانەکاندا بە رێژەیەکی پێویست بەردەست نییە." پرۆفیسۆرد. ئێد شمیت دەڵێت "ئەم میکانیزمە نوێیە یارمەتیی خانەکان دەدات خۆیان لە مادە ژەهراوییەکان بپارێزن، بەڵام لە هەمان کاتدا رێگە بە خانە شێرپەنجەییەکان دەدات بەرگەی چارەسەری کیمیایی و شێوازەکانی دیکەی چارەسەر بگرن، ئەمەش وادەکات لەناوبردنیان قورستر بێت". ئەمڕۆ یەکشەممە 4-10-2026، د. محەممەد میرزا، پسپۆڕی فسیۆلۆژیی جەستە بە رووداوی راگەیاند، ئەم دۆزینەوەیە تێگەیشتنمان لەبارەی میکانیزمی بەرگریی خانەکان بەرامبەر گوشاری دژەهەوکردن قووڵتر دەکاتەوە. د. محەممەد میرزا، گوتیشی: "ئەمە لە بواری شێرپەنجەدا گرنگیی تایبەتی هەیە، چونکە خانە شێرپەنجەییەکان زۆرجار زیندەچالاکیی خۆیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر چارەسەری کیمیایی خۆیان بپارێزن، تێگەیشتن لەم میکانیزمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی ستراتیژیی نوێی چارەسەری."