نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ، بەهۆی کەمیی پزیشکی پسپۆڕ و کارمەندی تەندروستییەوە، گوشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکانیان دروست بووە. نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پزیشکی تایبەتمەندمان کەمە و گوشارێکی زۆرمان لەسەرە، چونکە لە هەموو قەزا، ناحیە و گوندەکانەوە نەخۆش دێن بۆ نەخۆشخانەکەمان، بە گشتی کارمەندی تەندروستیمان کەمە و داوامان کردووە زیاد بکرێت." سەبارەت بە پزیشکی سڕکار (بێهۆشکاری)، نێچیرڤان فەخرەدین ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا 4 پزیشکیان بۆ هەردوو نەخۆشخانە هەیە و ئەو ژمارەیە بەشیان ناکات، بۆیە زۆرجار لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پزیشک دەهێنن. بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ، باسی لەوەش کرد کە 9 تەختی چاودێریی چڕیان هەیە و هەموو ئامێرێکی پێویستیشیان لە بەشەکەدا هەیە، بەڵام گوتی: "زۆرجار ئەگەر پێویست بکات، نەخۆش دەنێرینە دهۆک و هەندێک جاریش هەولێر." نێچیرڤان فەخرەدین، لەبارەی ئامبوڵانسەوە گوتی: "3 ئامبوڵانسی کۆنمان هەیە و داوامان کردووە ئامبوڵانسی نوێمان بۆ دابین بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە."