رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، باشترین کات بۆ پێدانی خواردن بە منداڵ تەمەنی 6 مانگییە، چونکە لەم تەمەنەدا کۆئەندامی هەرس بەتەواویی ئامادەیە بۆ هەرس کردنی خواردن.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-10-2026 د. سۆران سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر منداڵێک زووتر ئارەزووی بۆ خواردنێک دروستبوو و هەستیاریی بەرامبەر ئەو خواردنە نەبوو، ئەوکات دەکرێت لە تەمەنی پێنج مانگییەوە خۆراک بە منداڵ بدرێت، بەڵام بە مەرجێک کە منداڵەکە بتوانێت سەرو و ملی رابگرێت و بتوانێت خۆراک قوتدات.
د. سۆران سابیر دەڵێت، "بەهیچ شێوەیەک نابێت لە چوار مانگ زووتر دەستبکرێت بە پێدانی خۆراک بە منداڵ، تەنیا شیری پێبدرێت".
بەپێی پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی منداڵان، دەتوانرێت بەم جۆرە خواردنانە دەست پێبکەیت و بیدەیتە منداڵەکەت، لەوانە:
- برنجی هاڕاو کە شۆربای پێدروست بکرێت.
- سریلاک ئامادە بکرێت بۆیان.
- سەوزەی بکرێتە نێو خۆراکەکانی وەکو (گێزەر،برۆکلی و پەتاتە).
- بە خواردنی شیرین دەست پێنەکرێت، چونکە کاتێک بە خواردنی شیرین دەستپێدەکرێت منداڵەکە دوور دەکەوێتەوە لە خواردنەکانی دیکە.
- بە هیچ شێوەیەک شەکر، هەنگوین و خوێ نابێت بدرێتە منداڵی خوار یەک ساڵی.



