رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر دەڵێ، نەخۆشیی سوورێژە لە هەولێر بڵاوبووەتەوە و لە سێ مانگ دا زیاتر لە 100 کەس تووش بوون. دەشڵێ، نەمانی هەڵمەتەکانی کووتانی سوورێژە و نەچوون بۆ بنکە تەندروستییەکان هۆکاری سەرەکین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 د. دلۆڤان ئەحمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو چوار مانگ پێش ئێستا نەخۆشیی سوورێژە لە شاری هەولێر لەژێر کۆنترۆڵ دا بوو، بەڵام لە سێ مانگی رابردوودا تووشبووانی سوورێژە رووی لە زیادبوون کردووە و زیاتر لە 100 حاڵەت تۆمار کراون.
سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشییەکە، د. دلۆڤان روونیکردەوە، "نەمانی هەڵمەتەکانی کوتانی سوورێژە و نەچوونی هاونیشتمانییان بۆ بنکە تەندروستییەکان هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەن، هاوکات، رۆژانەش حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن."
لە وەڵامی ئەوەی بۆچی هەڵمەتەکانی کوتانی سوورێژە ئەنجام نادرێت، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر گوتی، "ساڵانە وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەڵمەتی کوتانی سوورێژەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدا، بەڵام لە ساڵی 2023وە ئەو هەڵمەتانە وەستاون و هیچ بڕە پارەیەکیش دابین نەکراوە تاوەکو هەرێمی کوردستان خۆی ئەو کارە بکات."
بەگوێرەی داتاکانی تەندروستیی هەولێر، تەنیا لە هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا 13 منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان یەک بۆ 9 ساڵدایە، تووشی نەخۆشییەکە بوون و پێشتر ڤاکسینی سوورێژەیان وەرنەگرتووە.
ساڵانی رابردوو بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی کوتان، هەرێمی کوردستان سوودی لە رێکخراوەکانی تەندروستیی جیهانی و یونیسێف وەردەگرت، بەڵام بە گوتەی د. دلۆڤان ئەحمەد ئەوانیش بەهۆی نەمانی پارەوە هەڵمەتەکانیان لە هەرێمی کوردستان راگرتووە.
رۆژی چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، سەفیر محەممەد، گوتەبێژی پەروەردەی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی مانگێکدا 30 تووشبووی سورێژە لە سنوورەکە تۆمار کراون، کە 14 کەسیان قوتابیی یەک خوێندنگەن."
سوورێژە یان سۆریکە چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، بەتایبەت منداڵی تەمەن دوو بۆ پێنج ساڵ. بە خێرایی تەشەنە دەکات و کۆکە، پژمە و بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوو لەو هۆکارانەن دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە: تا، کۆکە، بێهێزی، هەناسەتەنگی، سووربوونەوەی چاو و دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەسەر جەستە، هەروەها 7 بۆ 10 رۆژ دوای بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە دەشێت نیشانەکان دەربکەون.
ئەوانەی تووشی سوورێژە دەبن، پێویستە پشوو بدەن، ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە و جیابکرێنەوە، هەروەها هەریەک لە دەرمانەکانی کەمکردنەوەی تا، دژەخوران و تەواوکەرە خۆراکییەکان لە ژێر راوێژی پزیشکدا بەکاربێنن.



