رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەرییەکانی مەمک رێنوێنیی خانمان دەکات کە مانگانە پشکنینی خۆیی بۆ مەمکیان بکەن.
د. نەرمین تەها، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەرییەکانی مەمک تایبەت بە رووداو گوتی: پشکنینی خۆیی مەمک پێویستە دوای سووڕی مانگانە بێت، سەرەتاش خانمەکە بە وردی سەرنجی رووی مەمک و پێستەکەی بکات.
بە گوێرەی پەیمانگەی ئەمریکی بۆ شێرپەنجە، پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە 43٪ مەترسیی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەکە کەمدەکاتەوە، پزیشکێکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت: بەهۆی خودپشکنینی مەمکەوە دەکرێت زۆرینەی نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشانبکرێن و ژیانی خانمان بپارێزرێت.
د. نەرمین تەها هەنگاوەکانی خودپشکنینی مەمک باس دەکات و دەڵێت: ''سەرەتا خانمەکە لەبەردەم ئاوێنەیەک بوەستێت و هەردوو مەمکی لەڕووی قەبارە، رەنگ و شێوەوە بەراورد بکات، دواتر بۆ پشکنینی مەمکی چەپ پێویستە پەنجەکانی دەستی راست بەکاربهێندرێت، بەهەمان شێوە بۆ مەمکی راستیش دەستی چەپ بەکاربێت، پاشانیش پەستان بخرێتە سەر گۆی مەمک تاوەکو لە ئەگەری بوونی هەر دەردراوێکی نائاسایی وەکو خوێن، سەوزاو یاخود زەرداو خانمەکە دڵنیاببێتەوە''.
لە درێژەی قسەکانیدا د. نەرمین تەها بە گرنگی دەزانێت کە خانمان پشکنین بۆ ژێرباڵیان بکەن، چونکە لەکاتی بوونی شێرپەنجە لە مەمکدا رەنگە لیمفەگرێیەکانی ژێرباڵ بئاوسێن.
لە کۆتاییدا خانمان هۆشیاردەکاتەوە، ''لە ئەگەری بوونی هەر نیشانەیەکی گوماناوی و ناڕێکییەک لە مەمکەکان پزیشکی پسپۆڕ ئاگاداربکەنەوە''.


