رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، دەرمانێکی نوێی بە ناوی ئانکتیڤا (Anktiva) بۆ چارەسەری جۆرێکی دیاریکراوی شێرپەنجەی میزڵدان پەسند کرد.
ئەم دەرمانە بۆ ئەو کەسانەیە کە تووشی شێرپەنجەی میزڵدانی پاپیلاری پلە بەرز بوون، بەڵام شێرپەنجەکە ماسوولکەکانی میزڵدانی نەگرتووەتەوە و چارەسەری پێشووتری (BCG) سوودی نەبووە.
پەسندکردنی دەرمانەکە دوای ئەوە هات کە لە تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر 77 کەس دەرکەوت، 62%ـی بەشداربووان وەڵامدانەوەی تەواویان بۆ چارەسەرەکە هەبوو و هیچ نیشانەیەکی شێرپەنجەی پلە-بەرزیان تێدا نەما.
چارەسەرەکە بەشێوەیەکە کە ئانکتیڤا و BCG لە رێگەی قەستەرەوە راستەوخۆ دەکرێنە ناو میزڵدان، ئەم چارەسەرە هەفتەی جارێک بۆ ماوەی شەش هەفتە بەکاردەهێندرێت و دەکرێت تا 37 مانگ بەردەوام بێت.
باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی بریتین لە میزکردنی بەئازار، هەبوونی خوێن لە میزدا، هەوکردنی رێڕەوی میز، ئازاری ماسوولکە و جومگە، تا و لەرز.
شێرپەنجەی میزەڵدانی نا-ماسوولکەیی (NMIBC) جۆرێکە کە زۆرجار بە دەرمانی BCG چارەسەر دەکرێت، کە سیستمی بەرگریی جەستە هاندەدات دژی شێرپەنجەکە بجەنگێت، دەرمانی نوێی ئانکتیڤا لەگەڵ BCG بەکاردەهێندرێت و رێگەیەکی دیکە دەداتە سیستمی بەرگری بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان.



