رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتیی زانکۆی نیو ساوس وێڵز لە ئوسترالیا، هۆشداری دەدات کە رەنگە حاڵەتەکانی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە (dementia) تاوەکو ساڵی 2050 بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز ببنەوە.
توێژەرانی زانکۆی نیو ساوس وێڵز، پێشبینی دەکەن ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی نەخۆشییەکە لە 11.4 ملیۆن حاڵەتی ساڵانەوە بۆ 24.7 ملیۆن حاڵەت بەرز ببێتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 57 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی لەبیرچوونەوە بوون و پێشبینی دەکرێت ژمارەکەیان تاوەکو ساڵی 2050 بگاتە نزیکەی 150 ملیۆن کەس.
دەرکەوتووە، لەبیرچوونەوە زیاتر تووشی خانمان دەبێت، ساڵانە 10.6 حاڵەتی نوێ بۆ هەر 1000 خانمێک تۆمار کراوە، لە بەرامبەر 8.6 حاڵەت بۆ پیاوان. رێژەی تووشبوون لە وڵاتانی هەژار و مامناوەند (13.6 حاڵەت بۆ هەر 1000 کەسێک) بەرزترە وەک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان (8.3 حاڵەت).
بەپێی زانکۆی نیو ساوس وێڵز، هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ بەساڵاچوونی دانیشتووان دەگەڕێننەوە و جەخت لەسەر گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختە، خۆپاراستن و پەرەپێدانی چاودێریی پزیشکی دەکەنەوە.



