رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، 17٪ـی دەرمان پشکی ئێمەیە لە بەغداوە پێویستە بێت، بەڵام ئەوە دابینناکرێت و مانگانە کورتهێنان هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک لە بووڵتەنی نیوڕۆژدا بەشداربوو و رایگەیاند، بە رێژەیەکی زۆر لەلایەن حکومەتەوە دەرمانە گرانبەهاکان پەیداکراون، بەڵام هەندێک دەرمان هەن کە دەستناکەون و باشترە لەلایەن پزیشکانەوە نەنووسرێن.
لەبارەی ئەو دەرمانانەوە گوتی، ئەو دەرمانانەی دەستناکەون، لە پشکنینەکان دەرناچن یاخود لە بازاڕدا نەماون، بۆیە پێویستە بە قەرز بیانکڕین.
لەبارەی نرخی پشکنینە تاقیگەییەکان، ئەو دڵنیایی دا کە هیچ پشکنینێک گران نەبووە، تەنانەت گوتی: هەندێکجار لە نەخۆشخانەی ئازادی کێشەی تەکنیکی دروستدەبێت لە ئامێری ساردکەرەوەکان کە دەشێت بەهۆی گرانبوونی نرخی گازوایل بێت و کارەبا نەبێت، بۆیە سیستمەکانی فێنککەرەوە هەندێکجار لەکاردەکەون.
د. ئەفراسیاب مووسا روونی دەکاتەوە، ئەو بودجەیەی بۆ سووتەمەنیی کەرتی تەندروستیی دهۆک تەرخانکراوە، مانگانە تەنیا 120 ملیۆن دینارە، لەکاتێکدا تەنیا نەخۆشخانەی ئازادی ئەگەر رۆژی 8 کاژێر کارەبا کار بکات، بایی نزیکەی 120 ملیۆن دینار سووتەمەنی دەوێت.


