رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەمریکا دەریخستووە، گەنجان زیاتر روو لە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکەن، ئەمەش مەترسییەکانی ئالوودەبوونیانی زیاتر کردووە.
توێژەران لە زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیێگۆ دەڵێن، کە لەنێوان ساڵانی 2017 و 2022، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەنێو گەنجاندا بە خێرایی زیادیکردووە، بەپێی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری ''کۆنترۆڵکردنی تووتن'' بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ساڵی 2022، نزیکەی نیوەی ئەو گەنجانەی رۆژانە جگەرەی ئەلیکترۆنییان کێشاوە، جۆرێکیان بەکارهێناوە کە لانیکەم 4% نیکۆتینی تێدابووە.
توێژینەوەکەی زانکۆی کالیفۆرنیا، کە پشت بە داتای ''توێژینەوەی هەڵسەنگاندنی دانیشتووان بۆ تووتن و تەندروستی'' (PATH) بەستووە، دەریدەخەن کە لە ساڵی 2017 کەمتر لە 4%ی بەکارهێنەران جگەرەی ئەلیکترۆنیان بەکارهێناوە، بەڵام ئەو رێژەیە لەنێو گەنجانی تەمەن 18 بۆ 24 ساڵان بۆ 49.2% لە ساڵی 2022 بەرزبووەتەوە.
توێژینەوەکە، ئەمەشی دەرخستووە زیادبوونی بەکارهێنانی نیکۆتینی بەرز، هاوکات بووە لەگەڵ زیادبوونی ئالوودەبوون لەنێو گەنجاندا، بەجۆرێک ئاستی ئالوودەبوونیان گەیشتووەتە ئاستی ئالوودەبوونی جگەرەکێشانی ئاسایی، هەروەها دەرکەوتووە ئەو کەسانەی جۆری جگەرەی ئەلیکترۆنیان بەکارهێناوە، ئەگەری وازهێنانیان لە جگەرەکێشان کەمتر بووە.
توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا، ئاماژە بەوە دەکەن کە رۆڵی بازاڕکردن لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، لەوانەیە هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی گەنجان زیاتر روو لەم بەرهەمانە بکەن.


