رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە کۆلێژی پزیشکی پەکین لە چین، خواردنەوەی رۆژانەی چا سوودی بۆ تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن هەیە، بەڵام گرنگە چایەکە زۆر گەرم نەبێت.
توێژینەوەیەکە کە لە گۆڤاری پزیشکیی (Journal of Internal Medicine) بڵاوکراوەتەوە و داتای نزیکەی 486,000 کەسی شیکردووەتەوە، دەریخستووە ئەو کەسانەی بە بەردەوامی چا دەخۆنەوە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی لوولەکانی خوێن بە رێژەی 11٪ کەمترە.
بەڵام دەشێت سوودەکانی چا بەهۆی گەرمییە زۆرەکەیەوە کەم ببنەوە، خواردنەوەی چا بە شێوەی شلەتێن یان گەرم سوودی زۆری هەیە، لە کاتێکدا خواردنەوەی بە پلەی گەرمیی زۆر بەرز، مەترسیی نەخۆشی لوولەکانی خوێن بە رێژەی 16٪ زیاد دەکات.
توێژەران بۆ ماوەی نۆ ساڵ چاودێریی بەشداربووانیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کەمترین مەترسی لەو کەسانەدا هەبووە کە رۆژانە نزیکەی دوو کوپ چایان بە پلەی گەرمیی مامناوەند خواردووەتەوە، هەروەها زۆرترین سوودەکان لەو کەسانەدا بینراون کە پابەندی شێوازی ژیانی تەندروست بوون، وەک وەرزش و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.
شارەزایانی زانکۆی پەکین جەخت دەکەنەوە، چا خوویەکی تەندروستە، بەڵام بە تەنیا جێگەی سیستمی خۆراکیی هاوسەنگ و ژیانی چالاک ناگرێتەوە. پەیامی سەرەکی بۆ چایخۆرەکان ئەوەیە: پێش خواردنەوەی، با چاکەت بۆ چەند خولەکێک سارد ببێتەوە بۆ پاراستنی تەندروستیت.


