رووداو - تەندروستی
توێژەران بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەی کاریگەریی سیستمی خۆراک لەسەر خەو و بۆیان دەرکەوتووە، هەندێک خۆراک دەتوانن کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کواڵیتیی خەو هەبێت.
پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا (NIH) لە توێژینەوەکەیدا دەڵێت فستق، چەندین مادەی خۆراکیی تێدایە کە رەنگە بۆ خەو بەسوود بن، وەک مێلاتۆنین کە بە هۆرمۆنی خەو ناسراوە، ترشی ئەمینیی تریپتۆفان.
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری (Nutrition Research Reviews) بڵاوکرایەوە، لێکۆڵینەوەی لەوە کردووە کە ئایا پێکهاتەکانی نێو فستق دەتوانن یارمەتیی باشترکردنی خەو بدەن.
د. ماری پیێر ستۆنگ، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: "فستق بۆ توێژینەوەکانی خەو سەرنجڕاکێشە، چونکە چەندین مادەی خۆراکی و ئاوێتەی رووەکی کە پەیوەندییان بە فیزیۆلۆژیی خەوەوە هەیە، لە یەک خۆراکی تەواودا کۆدەکاتەوە''.
بەگوێرەی توێژینەوەکەی NIH، 28.3 گرام فستق نزیکەی 71 میلیگرام تریپتۆفانی تێدایە، بەڵام روون نییە کە ئایا ئەم بڕە بۆ باشترکردنی خەو کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت، هەروەها فستق بڕێکی گۆڕاو لە میلاتۆنینی رووەکی تێدایە، بۆیە دڵنیا نین لەوەی کە ئایا خواردنی دەتوانێت وەک یارمەتیدەرێکی سرووشتیی خەو کار بکات یان نا.



