رووداو - تەندروستی
زانایانی ئەڵمانی لە تاقیگەدا توانییان تەمەنی خانەی مرۆڤ زیاتر لە 60 ساڵ گەنج بکەنەوە، بەشێوەیەک خانەی خوێنی کەسێکی 80 ساڵانیان گۆڕی بۆ خانەی بنەڕەتیی دەماری کە تەمەنی هاوشێوەی کەسێکی 20 ساڵان بوو.
د. ئۆلیڤەر بروستل، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیوروبایۆلۆژی، سەرپەرشتیی تیمێکی کردووە کە خانە پێشینەکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنیان بە بەکارهێنانی "فاکتەرەکانی ترانسکرپشن" گۆڕیوە بۆ خانەی بنەڕەتیی دەماری، ئەم خانانە دەتوانن گەشە بکەن و ببنە خانەی مێشک لە کاتی ئەم پرۆسەیەدا، نیشانە گەردییەکانی پەیوەست بە پیربوون سڕاونەتەوە.
د. ئۆلیڤەر بروستل، دەڵێت، "ئێمە دەزانین کە ئەم گەنجبوونەوەیە وادەکات خانەکان وەک خانەی گەنج رەفتار بکەن."
توێژەرانی زانکۆی بۆن لە ئەڵمانیا روونیدەکەنەوە، تێگەیشتن لە چۆنیەتیی گەنجبوونەوەی خانەکان یارمەتیدەرە بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییە دەمارییەکان، بەتایبەتی ئەڵزھایمەر، چونکە تەمەن بە هۆکاری سەرەکیی مەترسی بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییانە دادەنرێت.



