رووداو - تەندروستی
بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو ئامێرانەی لە بەشە نوێیەکەی نەخۆشخانەی رزگاری دادەنرێن بۆ پشکنینی مەمک، پێشکەوتووترینە و گونجاوترینە بۆ خانمانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2026 د. چنار سنجاوی، بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو بەشە نوێیەی نەخۆشخانەی رزگاری کە تایبەت کراوە بە شێرپەنجەی مەمک و نەشتەرگەرییەکانی پەیوەست پێوەی گوتی: بەشەکە نوێ کراوەتەوە و شوێنەکەی فراوان کراوە.
د. چنار سنجاوی روونی دەکاتەوە، بەشەکە بەجۆرێک نوێ دەکەنەوە کە نەخۆش دڵی خۆش بێت کە بچێتە ئەوێ و بە باشترین کواڵیتییش خزمەتی بکرێت.
خانمان لە چ تەمەنێکدا پشکنین بکەن؟
بەگوێرەی رێنوێنییەکانی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، خانمان لەنێوان تەمەنی 40 بۆ 44 ساڵی پشکنینێکی مەمۆگرام بکەن، پاشان لە تەمەنی 45 بۆ 54 ساڵی، ساڵانە پشکنین بکەن بەتایبەت ئەوانەی لە ماڵباتەکانیان شێرپەنجە هەیە یاخود نیشانەی گوماناویی هەیە. لە تەمەنی 55 ساڵی بەرەو سەرەوە بیکەن بە دوو ساڵ جارێک یاخود هەموو ساڵێک.
بەڵام کۆلێژی ئەمریکی بۆ تیشک دەڵێت، پێویستە خانمان لە سەروو 40 ساڵییەوە هەموو ساڵێک پشكنینێکی مەمۆگرام بکەن.



