رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA، دەرزییەک بۆ چارەسەری درێژخایەنی هەوکردنی جگەری جۆری B پەسەند کرد.
دەرمانەکە بە ناوی زانستی بەپیرۆڤیرسێن (Bepirovirsen)، ناوی بازرگانی Hibsago، بۆ چارەسەری هەوکردنی جگەر پەرەی پێدراوە. وێندی کارتەر، لە دەزگەی FDA رایگەیاند، پەسەندکردنی ئەم دەرمانە پێشکەوتنێکی گرنگە و یارمەتیی تووشبووان دەدات کە دوای تەواوبوونی چارەسەریش کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکەن.
وێندی کارتەر دەریخستووە، بەپێی تاقیکردنەوەکان، نزیکەی 24٪ـی ئەو نەخۆشانەی چارەسەرەکەیان وەرگرت، توانییان بەتەواوی دەرمانە کۆنەکانیان بوەستێنن. هەروەها، لە 19٪ بۆ 26٪ـی نەخۆشەکان گەیشتنە قۆناخی چاکبوونەوە، بەجۆرێک کە دوای وەستاندنی هەموو دەرمانەکان، ڤایرۆسەکە لە خوێنیاندا نەما. هەروەها، ئەم دەرمانە لەڕێگەی دەرزی ژێر پێستەوە لە ماوەی 24 هەفتەدا دەدرێت.
بەپێی کلیڤلاندی پزیشکی دەریخستووە، هەوکردنی جگەری جۆری B نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە دەبێتە هۆی هەوکردنی جگەر. ئەم نەخۆشییە لەڕێگەی بەرکەوتنی شلەی جەستەیی وەک خوێن، پەیوەندی سێکسی، یان لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسەکە دەتوانێت زیانی گەورە بە جگەر بگەیەنێت و لە حاڵەتە درێژخایەنەکاندا ببێتە هۆی تێکچوون یان شێرپەنجەی جگەر. بۆ خۆپارێزی ڤاکسین بەردەستە و بۆ چارەسەریش دەرمانی دژەڤایرۆس بەکاردەهێنرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە.



