رووداو - تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 260 هەزار نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا کراون و زیاتر لە نیو ملیۆن پشکنینی پێشوەختە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان ئەنجامدراون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راپۆرتێکدا کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ئامادەی کردووە، ئاشکرای کردووە کە لە ساڵی 2025دا، 258,488 نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا کراون، کە 217,238یان نەشتەرگەریی گشتی و 41,250یان نەشتەرگەریی بەپەلە بوون، نەشتەرگەرییە بەپەلەکان بەخۆڕایی کراون، لە کاتێکدا نەشتەرگەرییە گشتییەکان تەنیا بە 7 هەزار دینار بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەگەر هەمان نەشتەرگەری لە کەرتی تایبەت بکرانایە، تێچووەکەی زیاتر لە 182 ملیار دینار دەبوو، کە نزیکەی 161.4 ملیار دیناری بۆ نەشتەرگەرییە گشتییەکان و 20.6 ملیار دیناری بۆ نەشتەرگەرییە بەپەلەکان بوو.
نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکان و چارەسەرە تایبەتەکان
* 1,108 نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە.
* 24 نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک.
* 138,306 دانیشتنی شۆردنی گورچیلە بەخۆڕایی.
* 32,790 قەستەرەی دڵ و کردنەوەی خوێنبەرەکان بە باڵۆن.
* 28,572 دانیشتنی چارەسەری تیشک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.
* 536 نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە.
خۆپارێزی و پشکنینی پێشوەختە
* 512,264 پشکنینی خۆڕایی بۆ نەخۆشیی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن.
* 122,705 پشکنین بۆ ئەو کەسانەی هاوژینییان پێکهێناوە.
* 47,176 پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی مەمک.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، تێچووی دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجەی لە ئەستۆ گرتووە، کە چارەسەری کیمیایی و تیشکی لەخۆدەگرێت و ئاماژەی بەوەکردووە کە تێچووەکەی لە هەندێک حاڵەتدا لەنێوان 180 بۆ 200 هەزار دۆلاربووە، هەروەها چارەسەری خۆڕایی بۆ زیاتر لە 23 هەزار نەخۆشی تالاسیمیا دابین کراوە.
تێچووی دابینکردنی دەرمان لە ساڵی 2025دا نزیکەی 325 ملیار دینار بووە، کە حکومەتی فیدراڵی بە بڕی 222 ملیار دینار و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی 103 ملیار دینار دەرمانیان دابینکردووە.
کۆی گشتیی خەرجییەکانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا 773.4 ملیار دینار بووە، لە بەرامبەردا داهاتەکەی 112.9 ملیار دینار بووە.
بەپێی راپۆرتەکە، تێکڕای خەرجیی ساڵانەی حکومەت بۆ هەر تاکێک لە خزمەتگوزاریی تەندروستیدا نزیکەی 167 دۆلارە.



