رووداو - تەندروستی
لە تاقیکردنەوەیەکی پەیمانگەی میلانۆمای ئوسترالیا، ڤاکسینێکی تایبەتی mRNA کە لەسەر بنەمای گرێی شێرپەنجەیی خودی نەخۆش دروستکراوە، مەترسیی گەڕانەوەی شێرپەنجەی پێست (میلانۆما) یان مردن بەهۆیەوە کەم دەکاتەوە.
پرۆفیسۆر د. جۆرجینا لۆنگ، سەرپەرشتیاری سەرەکیی تاقیکردنەوەکە دەڵێت، "ئەمە یەکەم توێژینەوەی قۆناخی سێیەمە کە دەریدەخات چارەسەرێک کە لە گرێی نەخۆشەکانەوە دروستکراوە، دەتوانێت مەترسیی گەڕانەوەی شێرپەنجە یان مردن کەم بکاتەوە''.
پرۆفیسۆر د.جۆرجینا لۆنگ گوتیشی، ئەم ڤاکسینە بە سیستمی بەرگری نیشان دەدات بەدوای چیدا بگەڕێت و هێرشبکاتە سەر کام خانە، ئەمە دەتوانێت سەرەتای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بێت لە شێوازی چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا''.
تاقیکردنەوەکە بەناوی INTerpath-001، لەسەر زیاتر لە هەزار نەخۆش ئەنجامدراوە و دەریخستووە کە زیادکردنی ڤاکسینێکی تایبەتی mRNA بۆ چارەسەری ستانداردی بەرگری، بەشێوەیەکی بەرچاو ماوەی بێ نەخۆشی بۆ ئەو کەسانەی کە مەترسیی بەرزیان هەیە درێژدەکاتەوە، ڤاکسینەکە بە ناوی ئینتیسمێران (intismeran)ە کە بە تێکەڵکردنی لەگەڵ دەرمانی پێمبرۆلیزوماب، مەترسیی گەڕانەوەی میلانۆما یان مردنی بەڕێژەی 42٪ کەم کردەوە بە بەراورد بە بەکارهێنانی پێمبرۆلیزوماب بە تەنیا.
پێشکەوتن لە چارەسەری میلانۆمادا لە ماوەی دەیەی رابردوودا سەرسوڕهێنەر بووە. 15 ساڵ لەمەوبەر، مانەوە لە ژیان دوای دەستنیشانکردنی میلانۆمای قۆناخی چوارەم بە چەند مانگێک دەپێورا. ئەمڕۆ، نزیکەی 55%ی نەخۆشانی تووشبوو بە میلانۆمای پێشکەوتوو بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەر دەکرێن.

.png&w=3840&q=75)
