رووداو - تەندروستی
لە درێژەی بەردەوامیی کەمپینی ''شەرم مەکە''ـی تۆڕی میدیایی رووداودا نەخۆشخانەی ئینگلیزی لە هەولێر بەشدارە و چەندین پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک بە خۆڕایی بۆ خانمانی بەشداربووی کەمپینەکە دەکات.
نەخۆشخانەی ئینگلیزی 500 پشکنینی مەمۆگرامی بێ بەرامبەر بۆ هاونیشتمانییان دەکات و هاونیشتمانییەک کە چووەتە نەخۆشخانەکە و پشکنینی کردووە دەڵێت: هەستم بە هیچ گرێیەک نەکردووە بەڵام دەمەوێت پشکنین بکەم و تەنیا رێگری لە شێرپەنجەی مەمک پشکنینی پێشوەختەیە.
د. چنار سنجاوی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی بە رووداوی راگەیاند، خانمان لە تەمەنی 40 ساڵی هەموو 2 ساڵ جارێک پشکنینی مەمۆگرام بکەن و ئەوانەی کە لە ماڵباتەکانیان شێرپەنجەی مەمک هەیە، پێویستە زۆر بە وردی بەدوای ئەم پشکنینەدا بڕۆن.
د. ئەحمەد هیمداد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئینگلیزی رایدەگەیێنێت، ئامانجمانە هۆشیاری لەنێو خانماندا زیاتر بکەین و 500 مەمۆگرامی بێ بەرامبەر بۆ خانمان ئەنجام دەدەین.
خانمانی سەروو 40 ساڵ پێویستە پشکنینی مەمۆگرام بکەن
د. سارا سروود، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر روونی کردەوە، خانمانی سەروو 40 ساڵ پێویستە پشکنینی مەمۆگرام بۆ مەمکیان بکەن، ئەمەش هیچ ترسێکی ناوێت و ئەگەریش ئازاری هەبێت زۆر کەمە و کاتێکی زۆر کەمیشی پێدەچێت.
د. سارا سروود هۆشداری دەداتە خانمان کە ئەگەر بە چەند خولەکێک پشکنینی مەمۆگرام بکەن، دەتوانن زۆر بە ئاسانی لە ئەگەر بوونی هەر نەخۆشییەک، کۆنتڕۆڵی بکەن و زوو دەستنیشانی بکەن.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
ئەو شوێنانە کوێن کە خانمان دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن پشکنینی خۆڕایی مەمکی تێدا بکەن؟
ئەو فۆڕمەی پڕی دەکەیتەوە بەپێی ئەو شارەی لێی دادەنیشیت ئەم شوێنانەی تێدایە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی پشکنینی مەمک بکرێت؛
- لە هەولێر (نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری، بنکەی تەندروستیی نازدار بامەڕنی و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئینگلیزی، سەنتەری میدیا و سەنتەری بایۆ).
- لە سلێمانی (نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی تایبەتیی ئاسیا و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەنوەر شێخە).
- لە دهۆک (نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی تایبەتیی شریان).
- لە هەڵەبجە (سەنتەری هەرس، جگەر و نەخۆشییەکانی مەمک).



