رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی لەنێو بەرنامەی دکتۆر ئاراسدا نهێنیی ژەهرێکی نێو خۆراکە خێراکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، هەندێکیان دەخرێنە نێو دەفرێکی پلاستیکیی فووم کە ئەوە بە گەرمکردن شیدەبێتەوە و خۆراک ژەهراوی دەکات.
د. سەنگەر جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی دەڵێت: دەفری پلاستیکیی فووم لە وڵاتانی دیکە قەدەخەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاسایی بەکاردێت!
ئەو روونی دەکاتەوە، ئەو فوومە زۆر بە ئاسانی کارلێک لەگەڵ خۆراکێکی گەرم دەکات و زۆرینەشیان لەسەری نووسراوە (ژمارە 6) کە هیچ رێژەیەکی سەلامەتی نییە بۆ بەرکەوتن بە گەرمی، ئەمەش واتە شیاو نییە بۆ تێکەڵاوبوونی لەگەڵ خۆراکدا.
بەگوێرەی زانکۆی فودان لە چین ئەو وردەپلاستیکانەی لەنێو ئەو پلاستیکانەوە شیدەبنەوە بۆ نێو خۆراکەکان دەشێت مرۆڤ تووشی ئەمانەی خوارەوە بکەن؛
- تێکچوونی هۆرمۆنەکان.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
- زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئەنجامی بەرکەوتنی درێژخایێن بە پلاستیکەکان.
- سستبوونی گورچیلەکان و ژەهراویبوون.
- لاوازبوونی یادگە و تواناکانی فێربوون.
- تووشبوون بە رەبۆ و هەناسەتەنگی.
- تێکچوونی بەرگریی جەستە و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گورگەسوورە، هەوکردنی جومگەی رۆماتیزم و دەردەڕێوی.


