رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، وردەکاریی نوێی لەبارەی چۆنیەتیی گۆڕانی بۆماوەیی خانە شێرپەنجەییەکانی پەنکریاس خستووەتەڕوو، کە وایان لێدەکات بەرگری لە چارەسەرەکان بکەن و بە خێرایی لە جەستەدا بڵاو ببنەوە.
د. دیسپۆینا کالفاکاکۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "توێژینەوەکەمان وردترین تێڕوانینی تاوەکو ئێستا لەبارەی شێرپەنجەی پەنکریاسەوە خستووەتەڕوو و دەریدەخات کە چۆن گۆڕانکارییە بۆماوەییە بەردەوامەکان دەبنە هۆی پەرەسەندنی گرێ شێرپەنجەییەکان''.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، گرێی شێرپەنجەی پەنکریاس کۆمەڵێک خانەی جیاواز لەخۆدەگرێت کە بە "کلۆن" ناسراون، هەرچەندە ئەم کلۆنانە تایبەتمەندی بۆماوەیی هاوشێوەیان هەیە، بەڵام رەفتاریان جیاوازە، هەندێکیان بەرگری دژی چارەسەرەکان پەرەپێدەدەن، هەندێکی دیکەشیان توانای بڵاوبوونەوەیان بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە زیاتر دەبێت.
یەکێک لە دۆزینەوە هەرە گرنگەکانی توێژینەوەکە، پەیوەندی بە جینێکەوە هەیە بەناوی "MYC" ئەم جینە لە چالاکترین خانە شێرپەنجەییەکاندا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.
لە تاقیکردنەوەکانی دیکەدا، کاتێک زانایان چالاکیی جینی "MYC"یان لە خانە شێرپەنجەییە چالاکەکاندا راگرت، خانەکان گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی و کەمتر چالاک. ئەمەش وایکرد خانەکان زیاتر بەرکەوتەیان لەگەڵ خانەکانی بەرگریدا هەبێت، واتە ئاسانتر دەناسرێنەوە و هێرشیان دەکرێتەسەر.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، شێرپەنجەی پەنکریاس توانای خۆشاردنەوەی لە سیستمی بەرگری هەیە، ئەمەش رەنگە هۆکاری ئەوە بێت کە وەڵامدانەوەی بۆ چارەسەری بەرگری زۆر کەمە.



