رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەم و ددان ئاشكرای دەکات، کلۆربوونی ددانی شیریی کاریگەری لەسەر هاتنی ددانی هەمیشەیی دروستدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 دکتۆر جێگر کۆیی، پزیشکی دەم و ددان لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: ددانی شیری کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ددانی هەمیشەیی دەبێت. ئەگەر ددانی شیریی کلۆر ببێت و بگاتە دەمار ئەوا کاریگەری لەسەر هاتنی ددانی هەمیشەیی دەبێت رەنگە ددانەکە بە نارێکی و لە شوێنی خۆی نەیەت.
دکتۆر جێگر کۆیی رایگەیاند، ئەگەر ددانی شیری تووشی هەوکردن ببێت، ئەوا کاریگەری لەسەر مینای ددانی هەمیشەیی دروستدەکات. مینای ددانی شیری تەنکترە لە ددانی هەمیشەیی بۆیە ئاسانتر کلۆربوون لە ددانی منداڵان روودەدات.
هەر بۆیە ئاگەداری دایک و باوکان دەکاتەوە، منداڵەکانیان لە خواردنی شیرینی بەدووربگرن. هەروەها، دوای خۆراک خواردن و شیرپێدان منداڵەکانیان فێربکەن کە ددانەکانیان بشۆن.
تیمی پزیشکیی نەخۆشخانە و سەنتەری ددانی منداڵانی ئۆچیدا، رێنوێنیی دایک و باوکان دەکەن سەبارەت بە ئەنجامدانی چەند رێکارێک:
- پێویستە رۆژانە دوو جار، بەیانیان و ئێواران، ددانەکان بە فڵچەیەکی نەرم و هەویری ددانی فلۆراید بشۆردرێن.
- کەمکردنەوەی خواردنی شەکر و شیرینی، وەک پسکیت و خواردنەوەی گازی گرنگە، چونکە بەکتریاکانی ناو دەم شەکرەکە دەکەن بە ترشاو، ئەمەش دەبێتە هۆی توانەوەی مینای ددانەکان.
- بەکارهێنانی چینی پارێزەری ددان، چینێکی تەنکە کە لەسەر ددانەکانی دواوە دادەنرێت بۆ پاراستنیان لە پاشماوەی خۆراک و بەکتریا.
- بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کلۆربوونی ددان لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا، پێویستە منداڵان هەر شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی ددان بکەن و پشکنینیان بۆ بکرێت.



