رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەک لە تورکیا هۆشداری دەدات لەبارەی بەکارهێنانی کیسەی چای پلاستیکی و ئاشکرای دەکات، یەک کیسە چا دەتوانێت زیاتر لە 2,500 وردیلە پلاستیک (مایکرۆپلاستیک) و مادەی زیانبەخشی وەک بیسفینۆڵ (BPA) دەخاتە نێو کوپەکەتەوە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامدراوە، توێژەران شیکارییان بۆ چوار جۆری جیاوازی چا کردووە کە کیسەی پلاستیکییان بەکارهێناوە دەرکەوتووە، ئەو چایانەی بە کیسەی پلاستیکی ئامادەکراون، لە نێوان 555 بۆ 2,498 وردیلە پلاستیکیان تێدابووە لە هەر کوپێکدا، لە کاتێکدا چای بێ کیسە تەنیا 0.3 بۆ 2.4 وردیلە پلاستیکی تێدابووە.
توێژەرانی زانکۆ تورکییەکە، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە جگە لە وردیلە پلاستیکەکان، ماددەی BPA لە چای کیسە پلاستیکییەکاندا دەگاتە 21.7%ی ئەو بڕەی کە دەزگەی سەلامەتیی خۆراکی ئەوروپی (EFSA) بە سەلامەتی داناوە بۆ خواردنەوەی رۆژانە.
مادەی BPA، بەوە ناسراوە کە سیستمی هۆرمۆنەکان تێکدەدات و مەترسیی تووشبوون بە چەندین گرفتی تەندروستی زیاد دەکات، لەوانە: لاوازبوونی سیستمی بەرگری، قەڵەوی، شەکرە، کەمبوونەوەی سپێرم و نەزۆکی، هەروەها بەرزبوونەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.

