رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا دەریدەخات، نەوەی نوێ (جێن زی) بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامی هێدفۆنەوە، لە مەترسیی گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و زیانی دەروونیدان، چونکە ئەم خوە رێگری دەکات لە کارلێکی کۆمەڵایەتیی رۆژانە و توانای مێشک بۆ پشوودان.
پرۆفیسۆر د.گلۆریا مارک، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت "گەنجان هێدفۆن بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خۆیان لە خەڵکی دیکە بپارێزن، هەروەها گەنجان توانای ئەوەیان لەدەستداوە کە بە تەنیا دابنیشن، لەگەڵ بێدەنگیدا بن و بهێڵن مێشکیان پشووبدات".
هەروەها، ریچارد دەیڤدسۆن، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری سەنتەری مێشکی تەندروست لە زانکۆی ویسکۆنسن-مادیسن ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامی هێدفۆنەوە، خوێندکاران ژمارەیەکی زۆر هەلی کۆمەڵایەتی لەدەستدەدەن. ئەو دەڵێت، "ئەگەر بە هێدفۆنەوە بگەڕێن، هیچ کامیان قسە لەگەڵ یەکدی ناکەن.
دەیڤدسۆن، جەختی لەوەشکردەوە، تەنانەت کەمترین کارلێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسانی نامۆدا دەتوانێت تەندروستیی دەروونیی مرۆڤ باشتر بکات، بەڵام هێدفۆن رێگرە لەم کارلێکە گرنگانە.
توێژینەوەیەک کە لەلایەن ئیدیسۆن ریسێرچەوە ئەنجامدراوە و دەریخستووە، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 34 ساڵاندایە، بە تێکڕا رۆژانە 4.5 کاژێر گوێ لە شتێک دەگرن، جا مۆسیقا بێت یان پۆدکاست.
پسپۆڕان، دەڵێن "ئەم خوە رێگری دەکات لەوەی مرۆڤ بە تەواوی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا بێت و توانای مێشک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشار و بیرکردنەوە لاواز دەکات.
جگە لە زیانە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان، بەکارهێنانی بەردەوامی هێدفۆن بە دەنگی بەرز، زیان بە بیستن دەگەیەنێت".
بەگوێرەی پەیمانگای نیشتمانیی نابیستان و کێشەکانی دیکەی پەیوەندیکردن لە ئەمریکا، 24%ی کەسانی پێگەیشتوو لانیکەم لە یەکێک لە گوێیەکانیاندا کێشەی بیستنیان هەیە.


