رووداو – تەندروستی
نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە رایگەیاند، تیمێکی پزیشکیی فریاکەوتن توانیان لەڕێگەی هەوڵێکی بەردەوامەوە گیانی هاونیشتیمانییەکی تەمەن 45 ساڵ رزگار بکەن کە بەهۆی وەستانی دڵ و هەناسەوە گەیەندرابووە بەشی فریاگوزاری.
کاتێک حاڵەتەکە گەیشتە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە و دەستبەجێ تیمی پزیشکی دەستیان بە پڕۆسەی بووژاندنەوەی دڵ و سییەکان کرد و دەرمانی پێویستیان پێشکەش بە نەخۆشەکە کرد.
فەرمان ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی کاتژمێر و نیوێک لە هەوڵی بەردەوامی تیمی پزیشکان، توانیان هەناسەی دەستکرد بۆ نەخۆشەکە دابنێن و دڵی جارێکی دیکە دەستی بە لێدان کردەوە تاوەکو باری تەندروستیی سەرەتایی جێگیر بوو.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەش دا، دوای ئەوەی نیشانە سەرەتاییەکانی ژیان گەڕانەوە و باری تەندروستیی نەخۆشەکە جێگیر بوو، بە مەبەستی تەواوکردنی قۆناخەکانی چارەسەر و بە سەلامەتی رەوانەی سەنتەری دڵی سلێمانی کرا.



