رووداو - تەندروستی
مۆزێک پێش خەوتن دەکرێت ببێتەهۆی خەوی خۆشی شەوانەت، ئەمە ناونیشانی ئەو بڵاوکراوەیەیە کە ناوەندی خەو لە بەریتانیا لەبارەی بایەخی مۆزەوە دایناوە.
ناوەندی خەو لە بەریتانیا باشترین خۆراکەکان بۆ خەوێکی باش لە ساڵی 2024 ئاشکرادەکات کە مۆز یەکێکە لە میوە هەرە پێشەنگەکان.
ناوەندەکە رایدەگەیێنێت، مۆز بەهۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە مادەی مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم، یارمەتیی خاوکردنەوەی ماسوولکەکان دەدات، هاوکات بەهۆی ئەوەی مادەی تریپتۆفانی تێدایە، مێشک هێوردەکاتەوە و هانی دەردانی هۆرمۆنی خەو دەدات.
ناوەندی خەو لە بەریتانیا ئەوەش دەردەخات، هەریەک لە خۆراکەکانی ماسی، دانەوێڵەی و پەنیر بە خۆراکی بەهێز بۆ باشترکرندی خەو دادەنرێت.
د. لیسا ئارتیس، بەڕێوەبەری ناوەندەکە دەڵێت: خەو بۆ ژیانێکی تەندروست و دڵخۆش بەسوودە، هەروەها پێشنیازدەکات، ئێواران بایەخ بە خواردنی مۆز بدرێت تاوەکو خەوی شەوان خۆش بێت.
پێکهاتەی مۆزێک
1 گرام پڕۆتین
29 گرام کاربۆهیدرات
3 گرام ریشال
وزە 112 کالۆری
36٪ ڤیتامینەکان



