رووداو - تەندروستی توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئێن وای یو لانگۆن لە نیویۆرک دەریخستووە، پاککردنەوەی هەوای ژووری نووستن لەڕێگەی فلتەری HEPA (فلتەری هەوای کارایی بەرز) دەتوانێت یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە لە قۆناخی پێش شەکرەدان بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئاستی شەکری خوێنیان بکەن. د.شارین ئێڵ ویتکۆپ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، بەکارهێنانی ئەو فلتەری هەوایانە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی تەنۆلکە زیانبەخشەکانی هەوا بە رێژەی 36%، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نزیکەی 8% لە ئاستی نائاسایی شەکری خوێن لە رۆژدا و کەمتر بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن لەدوای خواردنی ژەمی بەیانیان. ویتکۆپ، دەڵێت: "دەرەنجامەکانمان دەریدەخەن کە هەوای پاکتر لە ماڵەوە، بەتایبەتی لە ژووری نووستندا، رەنگە یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە لە قۆناخی پێش شەکرەدان بۆ ئەوەی شەکری خوێنیان جێگیر بکەن و بەرزییەکەی لە بەیانیاندا کەمبکەنەوە. دانانی فلتەری HEPA ئامرازێکی ئاسان و کەم تێچووە بۆ یارمەتیدانی پاراستنی تەندروستی دڵ و زیندەچالاکی شانبەشانی خۆراکی تەندروست، وەرزشکردنی بەردەوام و دەرمانەکان". فلتەری HEPA (فلتەری هەوای کارایی بەرز) جۆرێکە لە فلتەری میکانیکی کە هەوا بەناو تۆڕێکی زۆر ورددا پاڵدەنێت بۆ گرتنی تەنۆلکە زیانبەخشەکان، تەنۆلکەکانیش وەک تۆوی گوڵ، موو و رەشکەی ئاژەڵان، تۆزی ماڵەوە و دووکەڵی جگەرە، هەروەها فلتەری HEPA دەتوانێت 99.97%ی ئەو تەنۆلکانە بگرێت کە قەبارەیان 0.3 مایکرۆنە. ئەم فلتەرانە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پاککەرەوەکانی هەوا، گسکی کارەبایی و سیستمی فێنککەرەوە و گەرمکەرەوەی ماڵاندا بەکاردەهێنرێن بۆ باشترکردنی کوالێتیی هەوای ناوماڵ.
تەندروستی10-11-2026زانکۆی کالیفۆرنیا: دەکرێت لەڕێگەی ئینستاگرامەوە تەنیایی بەکارهێنەران دەستنیشان بکەیت