رووداو - تەندروستی
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 11-11-2026، لە باڵەخانەی سەرەکیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە پایتەختی میسر (قاهیرە)، ئاهەنگی دەرچوون و رێزلێنان بۆ دەرچووانی یەکەمی خولی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان ئەنجام بدرێت.
بە گوێرەی نوسراوێکی فەرمی، لە کۆی گشتیی دەرچووانی پسپۆڕییە جیاوازەکان لە سەرجەم وڵاتانی بەشداربوو لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، 52 پزیشکی پسپۆڕ هەڵبژێردراون بۆ بەشداربوون لە ئاهەنگەکەدا، دوای ئەوەی توانیویانە پلەی یەکەم لە کۆتایی خوێندن و راهێنانی پزیشکیی 5 ساڵەدا بەدەستبهێنن. لەو بۆنە تایبەتەدا، 7 پزیشکی کورد بەشدارن و سەرکەوتوون لە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە پسپۆڕییەکەی خۆیاندا لە ئاستی 22 وڵاتانی عەرەبیدا.
ئەو پسپۆڕە کوردانەی پلەی یەکەمیان لە بۆردی عەرەبیی ساڵی 2025 بەدەستهێناوە:
- د. هێرش قادر، پسپۆڕی هەناو
- د. زاریا شێروان، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون
- د. هێلین بورهان، پسپۆڕی پێست
- د. هەورین عوسمان، پسپۆڕی بێهۆشکاری
- د. عومەر لوقمان، پسپۆڕی دەروونی
- د. عەلی ئیبراهیم، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ
- د. بەیار عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ لە منداڵان
د. هێرش قادر، پسپۆڕی هەناو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕە تەندروستییەکان کە بۆردی عەرەبی لە ساڵی 1978ـەوە (واتە پێش 48 ساڵ) دامەزراوە، بەرزترین بەڵای خوێندن و راهێنانی پزیشکییە لە وڵاتانی عەرەبیدا و ئامانجی پەرەپێدانی خوێندنی پسپۆڕی پزیشکییە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە هەر پسپۆڕییەکی تایبەتدا کۆمەڵێک پزیشک دەردەچن، بۆ نموونە لە بواری پسپۆڕیی هەناویدا زیاتر لە 400 پزیشک بۆردی هەناویان بەدەستهێناوە، ئەویش توانیویەتی لەنێویان بە پلەی یەکەم دەربچێت.
بۆردی عەرەبی چییە؟
- سەر بە ئەنجوومەنی عەرەبییە بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هاوبەشە.
- لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت وڵاتانی کەنداو دانی پێدانراوە.
- تێچووی تاقیکردنەوە و بەشداریکردنی زۆرە.
- پێویست بە گەشتی وڵاتێکی عەرەبی دەکات بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی.
- لیژنەی هەڵسەنگەندن لە پزیشکانی وڵاتانی جیاوازی عەرەبی پێکدێت.
- بەپێی پسپۆڕییەکان لە نێوان 4 بۆ 6 ساڵی پێویستە بۆ تەواوکردنی بۆردەکە.



