رووداو - تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمان لە ئەمەریکا FDA ئاماژە دەدات، داوای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش و شەکرە کرد، هۆشداریی نوێ لەسەر پاکەتەکانیان بنووسن، ئەمەش دوای دەرکەوتنی پەیوەندیی نێوان ئەو دەرمانانە و نەخۆشییەکی دەگمەنی چاو کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بینایی.
دەزگەیەک ئاشکرای کرد، کۆمەڵێک دەرمان لەوانە ئۆزێمپیک، ڤیگۆڤی، مونجارۆ و زێپباوند، پەیوەندییان بە نەخۆشییەکی دەگمەنەوە هەیە کە دەکرێت ببێتە هۆی کوێربوون.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دەزگەی خۆراک و دەرمان لە ئەمەریکا، پێداچوونەوە بۆ 126 تاقیکردنەوەی پزیشکی لەسەر 134 هەزار نەخۆش کردووە دەرکەوتووە، بەکارهێنانی دەرمانەکانی کێش دابەزاندن و شەکرە مەترسیی تووشبوون بە کێشەیەکی چاو بە رێژەی 68% زیاد دەکات. بەپێی شیکارییەکە، لە هەر 100 هەزار کەسێک کە دەرمانەکە بەکاردەهێنن، نزیکەی 6 کەس تووشی ئەو حاڵەتە دەبن.
دەزگەکە رێنوێنی دەدات، لە کاتی هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەک لە توانای بینیندا، هاونیشتمانیان بەپەلە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.



