رووداو - تەندروستی
دەرمانەکانی ئۆزەمپیک، وێگۆڤی، مۆنجارۆ و زێپباوند کە لە ساڵانی رابردوودا بۆ چارەسەرکردنی شەکرە و کەمکردنەوەی کێش بەکاردەهێندرێن، جارێکیتر بوونەتە جێگەی مشتومڕ و گفتوگۆ، ئەمجارەیان بەهۆی ئاگادارکردنەوەی نوێی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا لە مەترسییەکی دەگمەن کە دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بینایی.
ئێستا FDA هۆشداری لەبارەوە دەداتلە و دەڵێت (لە حاڵەتی دەگمەندا دەبنە هۆی کوێربوونی یەکچاو)
ئۆزەمپیک و وێگۆڤی ماددەی چالاکی سێماگلوتایدیان تێدایە و بەرهەمی کۆمپانیای دانیمارکی نوڤۆ نۆردیسکن. مۆنجارۆ و زێپباوندیش ماددەی تێرزەپاتایدیان تێدایە و بەرهەمی کۆمپانیای ئەمریکی ئێلی لایلیین.
دکتۆر عیسا عەبدولرەحمان، بەرپرسی راگەیاندن لە هۆبەی هۆشیاری و تەندروستیی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA ئەمڕۆ 12-11-2026 بە رووداوی راگەیاند، "ئەم چوار دەرمانە لەلایەن کواڵیتیی کۆنتڕۆڵەوە رێگە پێدراون و بەشێوەی قەڵەم هەن و بۆ ژێر پێست بەکاردەهێندرێن، دەتوانن کۆنتڕۆڵی هەستکردن بە برسێتی بکەن و ریژەی شەکر لە خوێن کەمدەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کێش دابەزاندن".
ئاماژەی بەوەشدا ئێستا وەکو KMCA، کار لەسەر ئەوەدەکەین و رێکارەکان دەگرینەبەر بۆ لەمەودوا "پێویستە بۆ ئەم چوار جۆرە دەرمانە لەسەر دەرماننامەکان(لیفلێت)ی دەرمانەکان ئاماژە بەوەبدرێت کە دەبێتە هۆی حاڵەتی کوێربوون (NAION) و دواتر رێگەپێدانی پێبدەدرێت"
بەرپرسی راگەیاندنی KCAC ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دەرمانانە دەبنە هۆی تەسکبوونەوەی دەماری بینین و کوێربوون لە یەکچاودا و دواتر کاریگەری دروستدەکات لەسەر چاوەکەی دیکە، ئەمەش بەهۆی نەگەیشتنی خوێن بە دەماری بەرپرس لە بینین لە چاودا، "ئەم حاڵەتەش کتوپڕەو بێ ئازارە و دەبێت نەخۆش دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات".
ئەم دەرمانانە بەوە ناسراون کە کاریگەرییان هەیە لەسەر هۆڕمۆنەکانی رێکخستنی شەکری خوێن و هەستی برسیەتی، یارمەتی کۆنترۆڵکردنی شەکر و کەمکردنەوەی خواردن دەدەن. ئۆزەمپیک و مۆنجارۆ بە شێوەی سەرەکی بۆ چارەسەری شەکری جۆری دوو بەکاردەهێندرێن، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا وێگۆڤی و زێپباوند بۆ چارەسەری قەڵەوی و کەمکردنەوەی کێشیش بەکاردەهێنرێن.
ئاگادارکردنەوە لە مەترسیی لەدەستدانی بینایی
دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) لە9ی تشرینی دووەمی 2026 ئاگادارکردنەوەیەکی نوێی بڵاو کردەوە و داوای کرد زانیاریی مەترسییەکی دەگمەن بە ناوی NAION لەسەر لیبێڵی هەموو دەرمانەکانی گروپی GLP-1 زیاد بکرێت.
بەپێی هەڵسەنگاندنێکی توێژینەوەی FDA، رێژەی کەیسەکانی ئەم نەخۆشییە لە بەکارهێنەرانی دەرمانەکانی GLP-1، 6.4 کەیس بووە لە هەر 100 هەزار کەس لە ساڵێکدا، بەراورد بە 3.8 کەیس لە گروپی بەراورددا. ئەم رێژانە نیشانەی دەگمەنبوونی مەترسییەکەن.
ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا (EMA) لە حوزەیرانی 2025مەترسیی NAIONی وەک کاریگەرییەکی زۆر دەگمەن بۆ دەرمانەکانی سێماگلوتاید ناساند.
ئەم دەرمانانە لە عێراق هەرێمی کوردستان بەردەستن؟
لە هەندێک ماڵپەڕ و داتابەیسی دەرمانی عێراقدا ناوی ئۆزەمپیک و مۆنجارۆ لەناو لیستی دەرمانە رێپیدراوەکان هەن، لەوانە ئۆزەمپیک بە نرخی نزیکەی 161 هەزار دینار و مۆنجارۆی 2,5 میلیگرام بە نزیکەی 700 هەزار دینار دەستنیشانکراون.
بەڵام ئەم نرخانە نرخی فەرمیی هەموو دەرمانخانەکان نین و لیستکردنی دەرمان لە ماڵپەڕێکیش بەڵگەی بوونی لە کۆگا یان مۆڵەتی فەرمیی هاوردەکردنی نییە. بۆیە پێویستە لە وەزارەتی تەندروستی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمانی هەرێمی کوردستان پشتڕاست بکرێتەوە کە کام لەم دەرمانانە بە شێوەی یاسایی هاوردە دەکرێن و لە بازاڕدا بەردەستن.
لە کۆتاییدا، FDA ئەم دەرمانانەی قەدەخە نەکردووە، بەڵکو داوای زیادکردنی ئاگادارکردنەوەی مەترسیی بینایی کردووە. پزیشکانیش ئامۆژگاری دەکەن بەبێ راوێژی پزیشک بەکارنەهێنرێن، و ئەگەر بەکارهێنەرێک تووشی گۆڕانکاریی لەناکاوی بینایی بوو، دەستبەجێ پەیوەندی بە پزیشکەوە بکات.
.png&w=3840&q=75)


