رووداو - تەندروستی
زانکۆی مێلبۆرن لە ئوسترالیا دەریدەخات، دەرمانێک کە بۆ چارەسەری هەوکردنی جومگەکانی رۆماتیزم بەکاردێت، رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ گەشەکردنەوەی قژی ئەو کەسانەی تووشی دەردە رێوی (Alopecia Areata) بوون.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، دەرمانی ئۆپاداستینیب (Upadacitinib) کە بە ناوی بازرگانیی رینڤۆک (Rinvoq) دەفرۆشرێت، لە دوو تاقیکردنەوەی کلینیکیدا کاریگەریی خۆی لە گەڕاندنەوەی بەشێک لە قژی بەشداربوواندا نیشانداوە.
بەشداربووانی توێژینەوەکە، تووشبووی جۆرە توندەکانی دەردە رێوی بوون، کە نەخۆشییەکی بەرگریی خۆکارە و تێیدا سیستمی بەرگریی جەستە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی قژ و دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ بەشێوەی پەڵە.
دەرمانەکە لە جۆری رێگریکەرەکانی JAKـە، کاردەکات بۆ راگرتنی ئەو پرۆتینانەی رۆڵیان لە وروژاندنی هەوکردن و هێرشی بەرگریی پشت هەڵوەرینی قژەوە هەیە.
لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە، نزیکەی نیوەی ئەو کەسانەی کە هەردوو ژەمی کەم و بەرزی دەرمانی ئۆپاداسیتینیبیان وەرگرتووە، قژیان بە رادەیەک گەشەی کردووەتەوە کە لانیکەم 80%ی سەریان داپۆشیوە، لە کاتێکدا تەنیا 2%ی ئەو کەسانەی چارەسەری وەهمییان وەرگرتووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە.
هەروەها، زیاتر لە 35%ی ئەو نەخۆشانەی ژەمی 15 میلیگرامییان وەرگرتووە و نزیکەی 46%ی ئەوانەی ژەمی 30 میلیگرامییان وەرگرتووە، گەشەکردنەوەی قژیان گەیشتووەتە 90% یان زیاتر.
.jpg&w=3840&q=75)

