رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی نیشتمانیی سیئۆل لە کۆریای باشوور رایانگەیاند، ئەو خانمانەی هەفتانە زیاتر لە 2 ژەمی پڕ شەکری خۆراک دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک بە رێژەی 28% زیاترە بە بەراورد بەوانەی کەمتر دەیخۆن. توێژەران روونیانکردەوە، شەکری سروشتیی نێو میوە هەمان مەترسیی نییە و سەرچاوەی شەکرەکە گرنگە.
بەگوێرەی پسپۆڕانی خۆراک لە زانکۆکە، بۆ بڕیاردان لەسەر زیانی خۆراکێک تەنیا بوونی شەکر بەس نییە، بەڵکو دەبێت تەواوی سیستمی خۆراکی و چالاکیی جەستەیی لەبەرچاو بگیرێت. پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەکری زیادکراو و خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان مەترسییەکانی وەک هەوکردن و زیادبوونی کێش زیاد دەکەن. بەڵام چارەسەر، هاوسەنگییە لە خۆراکدا بکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2024ـدا نزیکەی 4.2 ملیۆن خانم لە سەرانسەری جیهان تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون و 694 هەزار کەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن:
- پێویستە ژەمی بەیانی بە خۆراکە بەسوودەکان دەست پێبکرێت، وەک شۆفان، هێلکە، ماست، یان نانی دانەوێڵەی تەواو لەگەڵ چەرەسات و میوە.
- پێویستە لە هەموو ژەمەکاندا سەوزە، میوە، پاقلەمەنی و دانەوێڵەی تەواو هەبن و بەهۆی هەبوونی شەکری سروشتی، نابێت میوە فەرامۆش بکرێت.
- لە جیاتی خواردنەوە گازی و شەربەتە شیرینەکان؛ ئاوی ئاسایی، ئاوی گازی یان چای بێ شەکر بخورێتەوە.



