رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵانی جۆری 1 (cVDPV1) لە پارێزگای دێرەزووری سووریا راگەیاند، دوای پشتڕاستکردنەوەی سێ تووشبوو.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە مانگی 10ی 2026، چوار حاڵەتی شەلەل (Acute flaccid paralysis) لە قەزای مەیادین لە پارێزگای دێرەزوور دەستنیشانکران، تاوەکو 13ی 11ی 2026، سێ حاڵەتی پشتڕاستکراوەی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵانی جۆری یەک (cVDPV1) تۆمارکراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ڤایرۆسەکە لە سێ بەرکەوتووی دیکەشدا دۆزراوەتەوە کە نیشانەی شەلەلیان نەبووە، شیکارییە بۆماوەییەکان پشتڕاستیانکردووەتەوە کە ئەو ڤایرۆسەی دۆزراوەتەوە پەیوەندیی بۆماوەییان بەیەکەوە هەیە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر گواستنەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە.
منداڵە تووشبووەکان تەمەنیان لەنێوان 6 بۆ 13 مانگیدا بووە و هیچ کامیان ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان (OPV)یان وەرنەگرتووە. لەنێوان 9 و 20ی نۆڤێمبەری 2026، 12 حاڵەتی دیکەی گوماناویی شەلەل لە چەندین شوێنی دێرەزوور تۆمارکراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، هۆکاری سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەمیی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لە ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە. بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2026دا، 42.2%ی ئەو منداڵانەی لە دێرەزوور تووشی شەلەلی بوون، هیچ ژەمێکی ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵانیان وەرنەگرتووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، داوا لە هەموو گەشتیاران و دانیشتووانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دەکات بەپێی خشتەی کوتانی نیشتمانی، بەتەواوی دژی ئیفلیجیی منداڵان خۆیان بکوتن



