رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە بەڕێوبەرایەتیی ڤێتێرنەریی راپەڕین رایدەگەیێنێت، هەر ئاژەڵێک گەنەی پێوەبوو و لاوازیش بوو بەهیچ جۆرێک دەستیلێنەدرێت و گۆشتەکەشی نەخورێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 26-5-2026 کە رۆژی عارفەی جەژنی قوربانە، د. سەعدی تەیب، پزیشکی ڤێتێرنەری لە بەڕێوبەرایەتیی ڤێتێرنەریی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە تائێستا هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمار نەکراوە، بەڵام ئاگاداربوون پێویستە و ئێستا نەخۆشیی دیکەش هەن کە پێویستە رەچاویان بکرێت.
بەگوتەی د. سەعدی تەیب، ئەو کەسەی قوربانی دەکات پێویستە هۆشیارییەکی تەندروستیی باشی هەبێت، چونکە ''دامودەزگا حکومییەکان ناتوانن کۆنتڕۆڵی قوربانیکردنی تەندروست بکەن بەتایبەت لە دەڤەری راپەڕین''.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەشدا، کوشتارگەی فەرمی لە راپەڕین نییە و پێویستە بۆ رۆژانی جەژن بە شێوەیەکی کاتی تیمێکی پزیشکانی ڤێتێرنەری بۆ پشکنینی ئاژەڵ و شوێنێکی دیاریکراو بۆ سەربڕینی ئاژەڵ دیاریبکرێت.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. کەسێک کە تووشی تای خوێنبەربوون بوو کۆمەڵێک نیشانەی لێ دەرکەوێت ئەوانەش، تا، شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی، سەرسووڕان، ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان، هێڵنج و رشانەوە و سکچوون.
چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین؟
چەندین رێگە هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، بۆ ئەوەی رێگری بکەیت لە تووشبوونت بە تای خوێنبەربوون پێویستە، لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ پۆشاک و دەستکێش بپۆشیت، پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت، رشاندنی ژینگەی کارکردن، دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی، دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت، دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو و دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش.
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
تا
شەکەتی و بێهێزی
سەرسووڕان
ئازاری ماسوولکە، ئێسک، جومگەکان
هێڵنج و رشانەوە
سکچوون
خوێنبەربوون
رێگەکانی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون
بەکارهێنانی دەستکێش
پۆشاکی قۆڵدرێژ
رشاندن
دووربوون لە شوێنی گوماناوی
پشکنینی ئاژەڵ
دوورکەوتنەوە لە تووشبوو
دەستشووشتن