داڕشتنەوە: گۆڤەند مستەفا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک پێش ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامدا. گوتەبێژەکەی پارتی باس لە گۆڕانکارییەکانی پەیکەربەندی حیزبەکەی و کۆنگرە دەکات. بەوردی باسی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لەدوای کۆنگرەی چواری یەکێتی دەکات و دەڵێ "ئێستا پەیوەندیمان باشەو پارتی مامەڵە لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتی دەکات". لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش پەنجە دەخاتە سەر کێشە کەڵەکەبووەکان. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشی کە چ چاوەڕوانییەکیان لە مستەفا کازمی هەیە، مەحموود محەممەد دەڵێ "پشتیوانی زۆرمان لێکردووە و دەیکەین، بەڵام ئەوەی مالیکی کردی ئەویش هەمان شت دەکات".
رووداو: هەمیشە کۆنگرە ئامرازی نوێبوونەوەی حیزبە، بڕیاربوو ئەمساڵ لە دهۆک کۆنگرە ببەستن، ئایا کۆرۆنا رێگە دەدات ئەمساڵ کۆنگرە ببەستن یاخود دەخرێتە ساڵی داهاتوو؟
مەحموود محەممەد: سەرەتا پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە هەڤاڵان و کادیر و جەماوەری کوردستان دەکەم، رۆژێکی مێژووییە بەنسبەت ئەوەی پارتی وەکو پێویستی قۆناخەکە دامەزراوە لە کاتێکی زۆر ناسکدا، لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم، لەو تاریکبینی و نائومێدییەی کە لەدوای جەنگ هەبوو، پارتی خۆی رێکخست و توانی ئومێدێک بداتەوە خەڵکی کوردستان کە دەتوانن بەرگەی ئەو پیلان و تەحەدیاتانە بگرن کە لەدژیدا هەبووە. بۆیە رۆژێکی پڕشنگدارە لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا.
بابەتی کۆنگرە بەڵێ، ئێمە پێشتر بڕیارمانداوە کۆنگرە ببەسترێت و ئامادەکاری بۆ بکرێت، لیژنەیەکی دیراسەکردنیش بۆ ئەو بابەتە دامەزرا و لیژنەکە چەند کۆبوونەوەیەکیشی کرد و کۆمەڵێک بابەتی کە پێویستبوون لەوەی کۆنگرە چۆن ببەسترێت؟ بە چ ئاراستەیەک بڕوات؟ دیدگای پارتی بۆ ئاییندەی 4 ساڵی داهاتوو چییە؟ هەیکەلی حیزب چۆن دابڕێژرێتەوە؟ ئەو پرۆگرامەی لە رووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی دەبێت هەیبێت بۆ ئەوەی لە کۆنگرە بیخاتەڕوو و پەسند بکرێت، چی بێت؟ ئەمانە هەمووی گفتوگۆی لەسەر کراوە و کۆمەڵێک پسپۆڕ و شارەزای بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەگەڵ کۆمەڵێک لە کادیرەکانی دیکە دانیشتن و ئەو بابەتەمان تاتوێکرد و بەشێکی زۆریمان ئامادەکرد. بەداخەوە بەسەر بابەتی ئەو پەتایەدا کەوتین و بە پەسند نەزانرا جارێ کۆبوونەوەکان بەردەوامبێت. ئێستاش هەر لەسەر ئەو رایەین ئەگەر لە رووی رێکاری تەندروستییەوە ئەو پەتایە دەرفەتی ئەوە بدات کۆبوونەوەکان دەکرێت و شتێکی وا نەماوە کە ئامادەکارییەکان بکرێت بۆ ئەوەی لە دوای ئەویش لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە و لیژنەی کارگێڕی کۆنگرە دابمەزرێت. ئینجا دوای ئەوە هەنگاو بنێین بۆ بابەتەکانی دیکە کە بڕیاری لەسەر دەدرێت و کۆنگرە ببەسترێت.
بەڵام لە راستیدا ئەو بارودۆخە هی ئەوەیە جارێک خۆمانی لێ بێدەنگ بکەین تاوەکو بزانین چۆن دەتوانین دەرفەتمان دەبێت، چونکە هەموو ئەو شتانەی بۆ کۆنگرە دەکرێت کۆبوونەوەی زۆر گەورە، کۆڕ و سمیناری زۆر گەورەی تێدایە، کە لەوانەیە لەگەڵ رێکارە تەندروستییەکان جارێ زۆر گونجاو نەبن. بەهەرحاڵ وەکو نیەت، نیەت هەیە، وەکو ئامادەکاری ئامادەکاری فیکری زەمینەی بۆ خۆشکراوە. دەمێنێتەوە سەر بارودۆخی بابەتی و تەندروستی کە چەند رێگەمان پێدەرێت ئەو کارە ئەنجامبدەین.
رووداو: ئێوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتین، ئێستا مەکتەبی سیاسی دامەزراوەیەکی چالاکە لە بڕیارەکانی پارتی؟
مەحموود محەممەد: مەکتەبی سیاسی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی کە لە کۆنگرەی 13 پەسندکراوە، دروستکراوەو بەردەوامبووە لە چالاکییەکانی و ئەو دەسەڵاتانەی کە هەیەتی مومارەسەی دەسەڵاتەکانی خۆی دەکات. لەوانەیە هەموو ئۆرگانەکانمان هەتا حکومەت و حیزبەکانی دیکەش بە حوکمی بارودۆخی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە، لەوانەیە وەکو جاران ئەوەندە دیار نەبێت، بەڵام بەردەوام دەوامکردن و ئیشوکار بەڕێکردن و کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی چ بە ئامادەبوون چ بە ئۆنلاین ئەنجامدراوە و بڕیاری پێویست دراوە، هەتا ئەو بابەتانەی کە پێویستبوون لەگەڵ بەغدا، ئەوانەی پێویست بوون لەگەڵ حیزبەکانی دیکە، چ وەکو سەردان و چ وەکو کۆبوونەوە ئەوانەش هەمووی ئەنجامدراوە. بەگوێرەی دەسەڵاتەکانی خۆی و پێکهاتەکەی خۆی چالاکییەکانی ئەنجامداوە.
رووداو: پارتی بەپێی ئەو مێژووەی هەیەتی و بەپێی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردن هێناویەتی، ئەرک و بەرپرسیاریێتی گرنگی دەکەونە سەر شان، پارتی میکانیزمێکی وەهای لەبەردەستدایە دەتوانێت بزووتنەوەی سیاسی ئاراستە بکات بەبێ ئەوەی ئاگایان لێبێت حیزبەکان بە ئاقارێکدا ببات کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندایە، واتە دۆخەکە ئاوا ئاراستە بکات. پارتی لەم ئەرکەیدا سەرکەوتوو بووەو ئەمەی جێبەجێکردووە؟ یان بەربەستی هەن ناتوانێت؟
مەحموود محەممەد: حیزب لەناو کۆمەڵگەی کوردستانیدا دروستبوونە، بێجگە لە پارتی کۆمەڵێک حیزبی دیکە هەن. توانای تێگەیشتن و قبووڵکردنی حیزب و ناو کۆمەڵگەکەشمان دەبێت هەڵبسەنگێندرێت ئینجا بڕیار بۆ هەندێک بابەت بدرێت. ناکرێت تەنیا لەسەر ئەوەی ویستمان ئەوەیە ئەو بابەتە ئەنجامبدرێت بۆ دەبێت وا رەفتار بکەین. بۆیە دەبێت بەردەوام ئەم هەڵسەنگاندانە بکرێت کە چی ئێستا دەکرێت ئەنجام بدرێت؟ و چی دەکرێت دواتر ئەنجامبدرێت؟ یان چی دەکرێت باشتر دیراسە بکرێت؟ ئینجا جێبەجێ بکرێت. پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەر قۆناخێک لە قۆناخەکانی خەباتیدا بەردەوام بەرنامەیەکی تایبەتی هەبووە. بۆ ئەم قۆناخەش لە راستیدا لە پێش بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە چۆنێتی رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردستانی بوو، هەوڵی ئەوەی داوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان. ئەگەر لەبیرتان بێت لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی ئەو خولەی دوایی، چەند خۆی گیرۆدە کرد بۆ ئەوەی رەزامەندی زۆربەی هەرە زۆری حیزب و لایەنەکان بەدەستبهێنێت و پێکەوە بەرپرسیارێتی هەموو کوردستان وەربگرن و هەموو تێیدا بەشداربین و هەریەکە بەپێی ئەندازەی خۆی بەرپرسیاریێتی ئەو پرۆسەیە لە ئەستۆ بگرێت.
بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لەوەی متمانەی زۆرینەی هەرە زۆری یان متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی بەردەوام پاراستووە، ئێستاش دەیەوێت متمانەیەک لەنێوان حیزبەکان و هەروەها باوەڕبوون و متمانەی نێوان حیزبەکانیش دروستبکات بۆ ئەوەی پێکەوە رووبەڕووی ئەو هەموو تەحەدیات و ئاڵنگاریانە ببینەوە کە ئێستا لە کوردستان یان لە عێراقدا رووبەڕوومان بوونەتەوە. چونکە ئەمە قورساییەک دەداتە پرۆسەی سیاسی و کوردستان، وەک چۆن لەکاتی نووسینی دەستوور ئەو یەکماڵی و یەکڕیزییە توانی زۆر بابەتی باش دروستبکات، ئێستا بە هەمان نەفەسین. چونکە فەلسەفەی دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 لەوێوە دەتوانین بیخوێنینەوە کەوا بۆ ئەوە بووە سەرتاسەری کوردستان بکاتە یەک. هەموو ئەو سنوورە عەشائیری و لەهجەوی و ناوچەییانە ببڕێت و بیکاتە هێزێک، ئەو هێزە هی خەڵکی کوردستان بێت، بە دەستی خەڵکی کوردستان بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پلانانەی لەدژی دادەڕێژرێت. بۆیە لەو فەلسەفەیەوە ئێمە لەگەڵ یەکبوون و یەکڕیزی و پێکەوەبوون و تەنانەت دابەشکردنی دەسەڵات و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیشین.
رووداو: دۆخی باشووری کوردستان لە رووی ئابوورییەوە هەندێک تێکچووە، خەڵک رەخنە لە پارتی دەگرن بەهۆی ئەو پاشخان و رۆڵەی هەیەتی. بۆچی پارتی لە بەرامبەر ئەو رەخنانە هەندێک بێدەنگە؟
مەحموود محەممەد: وەکو چۆن متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە و دەنگیان پێداوە، چاوەڕوانیشیان لێی هەیە. ئەمە شتێکی زۆر سروشتییە کە خەڵکی کوردستان لە حیزبێک کە متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە چاوەڕوانی ئەوەشیان لێی هەبێت لە گرفتەکاندا لەگەڵیاندا بێت. پارتی دیموکراتی کوردستانیش درک بەمە دەکات و هەوڵی ئەوەش دەدات، بۆیەش هەموو توانای خۆی خستووەتەگەڕ کە لایەنەکانی دیکەش لەگەڵیدا هاوکاربن بۆ ئەوەی ئەو کێشانە پێکەوە چارەسەر بکەین، چ ئەو کێشانەی لەنێو خۆمانە وەکو بابەتی ئابووری و بژێوی خەڵک، چ ئەو کێشانەی لەگەڵ عێراق هەمانە و ئەو پرسە هەڵواسراوانەی کە چەندین ساڵە ماونەتەوەو چارەسەر نەکراون. بۆ ئەوەی بەیەکەوە ئەوانە چارەسەر بکەین.
رووداو: لایەنەکان تاوەکو چەند هاوکاربوونە لەوبارەیەوە؟
مەحموود محەممەد: دەتوانم بڵێم بەشێکی زۆریان لەوەدا بەڵێ لە مەسەلەی بەغدا لەگەڵماندا هاوکارن، بەڵام بەشێکیشیان، لە راستیدا دەبێت ئاشکرای بکەین ئەوەیە، دەیانەوێت هەندێک لەو بابەتانە بکەنە کارتی گوشار، بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک بۆخۆیان راکێشن کاتێک سبەی دەچنە نێو هەڵبژاردنەکان. بەشێکیشیان لەو روانگەیەوە سەیری ئەو کێشانە دەکەن و بەکاریدەهێنن، کە ئەمە کارێکی هەڵەیە، چونکە ئێستا نە هەڵبژاردن لەپێشە نە دەتوانن پارێزگاری لەو دەنگە ناڕەزایەتیانە بکەن کە پێموایە ئەوان سواری شەپۆلەکە بوون، بیهێنن و بەکاریبهێنن دژی پارتی دیموکراتی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان دەمێکە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە، هەوڵی ئەوەش دەدات کە لایەنەکانی دیکەش بەشداربن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، پێکەوە ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵبگرن و پێکەوەش ئەو چارەسەریانە چ لەگەڵ بەغدا و چ لەگەڵ کوردستان چ لە رووی ئابووری و چ لە رووی سیاسییەوە چارە بکەین و پێکەوە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرین.
رووداو: چۆن دەڕواننە کاری حکومەتی کوردستان لە ئێستاو ئەو لایەنانەشی کە تێیدا بەشدارن؟
مەحموود محەممەد: ئێستا کۆمەڵێک ئاستەنگ لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، ئاستەنگی ئابووری، ئەو ئاڵۆزی و پشێوییەی ناوچەکەو دونیاشی گرتووەتەوە کە ئاستەنگی تەندروستییە، ئەمانەش هەمووی کێشەن لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش بەدەرنین لەو کاریگەرییە سلبی و ئیجابی و ئەو گۆڕانکاریانەی لەو چوارچێوەیە هەیە لە ناوچەکەدا. کێشەی سووریا، کێشەی سووریاو تورکیا، کێشەی نێوان تورکیا و لیبیا، کێشەی تورکیاو عێراق لەسەر هەندێک بابەت، کێشەی ئەمریکاو ئێران، کێشەکانی دیکەی دەوروبەری سووریا لەگەڵ لوبنان و یەمەن. ئەمانە هەمووی هەریەکە هەندێکی راستەوخۆ هەندێکیشی ناراستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی و بابەتی ئابووری خەڵکی کوردستان کردووەو دەشیکات. بەتایبەتی وەکو باسمکرد لەوانەیە لە عێراقیش خەڵێک هەبن ئەم کێشانە وەکو کارت بەکاربهێنن بۆ لاوازکردنی رۆڵی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی لە ناوچەکەدا، چونکە کوردستان تەنیا لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەهێز نەبوو، بەڵکو لە پرۆسەی سیاسی ناوچەکە حیسابی بۆ دەکرا لەسەر هەڵوێستەکانی خەڵکی کوردستان و پرۆسەی سیاسی کە بەڕێوەدەچوو. بۆیە لەوانەیە ئەوەش بەڕێوەبێت کە ئێمە خەریکین بە کۆکردنەوەو بەهێزکردنی تەبایی ناوخۆمان کە ئەو پلانە سەرکەوتوو نەبێت.
رووداو: لە بەشداری یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و هەڵوێستیان رازین؟
مەحموود محەممەد: مەسەلەی رازیبوون و ناڕازیبوون، ئەوەندەی ئێمە لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بیستوومانە، ئەوان لە تیمی یەکێتی و گۆڕان کە لەگەڵیان کاردەکەن، رازین. باسی ئەوەیان کردووە کە هاوکارن و کارەکان وەکو پێویست بەڕێوەدەچێت، بەڵام لێرەو لەوێ رەنگە گوشارێکیش لەسەر ئەو تیمانە هەبێت کە بە ئاراستەیەکی دیکە کار بکەن. چونکە هەندێکجار ناکۆکی سیاسی هەوڵدەدرێت رەنگدانەوەی لەناو کاری حکومی و یاسایی لە پەرلەمانی کوردستانیش رەنگبداتەوە. بۆیە دەبێت لە یەکی جیا بکەینەوە ئەو کێشانەی لە رووی سیاسییەوە هەن، ئینکار ناکرێن. بەڵێ هەندێک کێشەو لێکتێنەگەیشتن لە پرۆسەی سیاسی لەنێوان حیزبەکاندا هەیە، ئەمەیان هەر لەگەڵ پارتیدا نییە، بەڵکو لەنێوان حیزبەکانی دیکەشدا ئەو بابەتە هەیە. دەبێت ئەمە جیابکەینەوە لەنێوان حکومەتداری و حکومڕانی چۆن دەکرێت؟ حکومڕانی و حکومەتداری کە ئێستا تیمەکان چ پارتی چ یەکێتی و چ گۆڕان و چ لایەنەکانی دیکەی پێکهاتەکان کە بەشدارن هاوئاهەنگن و ئیشوکارەکان ئەوەندەی لەتوانایاندا هەبێت بە باشی بەڕێیدەکەن. هەروەها لە سەرۆکایەتی هەرێمیش سەرۆکی هەرێم و جێگرەکانی و ئەو ستافەی پێکەوە کاردەکەن، زۆر هاوئاهەنگن و هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو ئەرکانەی لەسەر شانیانە وەکو پێویست ئەنجامی بدەن.
رازیبوون و ناڕازیبوونی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چەند پێکەوە هاوئاهەنگ و هاوکار دەبین و چەند ئاسانکاری و ئاستەنگەکان لەبەردەمی یەکدیدا دەشکێنین بۆ ئەوەی بتوانین کارەکان بەڕێوەبچێت.
ئەوەی کە تاوەکو ئێستا لە حکومەت بینراوە، وەکو یەک تیم کاریان کردووە و بەردەوام کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێقۆڵی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەگەر بێتە پێش. بەهەرحاڵ لە حکومڕانیدا بە تەئکید کێشە هەیە، تێروانینی جیاواز هەیە. ئێمە چەند حیزبێکی لێک جیاوازین، دیدگای جیاوازمان هەیە بۆ پرسە ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان و چۆنیەتی مامەڵکردن، کە ئەمانە لە شوێنێک کۆماندەکاتەوە کە کارنامەیەکە و نووسراوە و کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و رێککەوتنمان لەسەری کردووە، کەواتە هەموومان پشتگیری حکومەت دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیەی کە رێککەوتنمان لەسەری کردووە.
رووداو: پارتی لە دوایین هەڵبژاردن 45 کورسی پەرلەمانی هێنا، کە رێژەیەکی بەرزبوو. ئەمە چۆن لێکدەدرێتەوە؟ ئەمە گوزارشتی خەڵک بوو بۆ هەڵسوڕاندنێکی باشی ئیدارەی پارتی لە حکومەت و بەڕێوەبردندا؟
مەحموود محەممەد: کۆمەڵێک هۆکار هەن، بەشێکی مێژووییە، ئەو مێژووەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی و بەشەکەی دیکەی لەو تێڕادیتنەیە کە لە رووی نەتەوەیی و نیشتمانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان رادەبینین. پارتی بەوە ناسراوە کە رابەرایەتی بابەتە نەتەوەییەکانی کوردستانی کردووە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو ئێستاش. خەڵکی دیکە هەیە، بەڵێ حیزبی دیکەش هەن، بەڵام حیزبەکانی دیکە رەنگە بۆ بابەتی دیکە زیاتر ناسراوبن تاوەکو پرسە نەتەوەییەکان، بەشێکیان ئەوەی کە ئیسلامییە، بەشێکیان ئەوەی زیاتر باس لە دیموکراسیەت دەکات، بەشێک لەوانە هاودەنگ و هاوڕان لەگەڵ ئێمە لەگەڵ هەبوونی ئایدۆلۆژیای جیاوازیشیان لە بابەتەکاندا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان کە جێی متمانەی خەڵکی کوردستان بووە، هەم لەو دەستکەوتانەی بەدەستیهێناون. زۆر بە روونی با باسی بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بە تەنیا سەرکردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانی باشووری کردووە، لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە. بەڵام قوربانییەکان و ماندوبووون و خەباتەکەشی بەفیڕۆ نەچووە، بەڵکو بۆ نموونە لە ساڵی 1970 توانی رێککەوتننامەیەک لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ بکات کە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیەو بنچینەیەکە بۆ ئەوەی لەوێوە مافەکانی گەلی کوردستان چەسپێندران و نەیانتوانی لێی پاشگەز ببنەوە. لەوانەیە هەوڵی ئەوەیان دابێت لێی پاشگەز ببنەوە، بەڵام نەیانتوانی. ئەمانەش دەستکەوتی زۆر گەورە بوون. جگە لەوەش لەدوای ئەوە ئەو بەرنامانەی کە هەبووە بۆ بە فیدراڵیکردنی کوردستان لە پێش رووخانی رژێمی عێراق، دوای ئەوەش هەوڵەکانی لە دونیای دەرەوە دران بۆ ئەوەی کە فیدراڵیەت قبووڵ بکرێت، ئەو گەشتانەی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەو گەشتانەی سەرۆکی هەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و برادەرانی پارتی ئەنجامیانداوە بۆ ئەو بابەتە هەمووی لەبەرچاوی خەڵکە.
حکومڕانی چەند ساڵەش کە کراوە لە روانگەی ئاوەدانکردنەوەو بونیادناندا، جێ پەنجەی کادیرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتدا دیاربووە، بۆیە خەڵک چاوەڕێی ئەوە دەکات پارتی بتوانێت ئەو حکومڕانییە بەردەوام بکات بۆ زیاتر بونیادنانەوەو ئاوەدانکردنەوە.
رووداو: چۆن دەڕواننە کاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؟ پێتانوایە سەرکەوتوو دەبێت لە هەوڵی یەکخستنی دەزگا ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگە لە دوو هێزی تۆکمەدا؟
مەحموود محەممەد: سەرۆکایەتی هەرێم ئۆرگانێکی گرنگی ئەم وڵاتەیە، ئەم ئۆرگانە کۆمەڵێک دەسەڵاتی هەیە و کۆمەڵێک بەرپرسیارێتیشیان لە ئەستۆدایە. ئەوەی تاوەکو ئێستا لێمان بینیوە هەوڵیانداوە ببنە ئەو چەترەی کە لایەنە سیاسییەکان لەژێریدا کۆببنەوە و هەوڵبدەن پێکەوە بەرەو رووی کێشەکان ببنەوە و لێکتێگەیشتنێک دروست ببێت و ئەو ناکۆکی و هەندێکجار ئەو دڕدۆنگیەی لەنێوان حیزبەکاندا هەبووە لەوێ کۆتایی پێبهێنن.
لەلایەکی دیکەوە ئەو هەوڵانەی لەگەڵ بەغدا دەدرێت، لەلای خۆیانەوە کە هەوڵیان بۆداوە لەسەر مەسەلەی چارەسەرکردنی بژێوی و مەسەلەی مووچەی فەرمانبەران و هەروەها بودجەی کوردستان، ئەمانەش هەمووی جێگەی باسن.
جیا لەوە هاوکارێکی باش بوون لە کۆمەڵێک بابەتی دیکەی ناوخۆیی و هەروەها دەرەکیشدا. بۆیە بەڵێ ئۆرگانێکی گرنگەو دەبێت پشتیوانی بکرێت، ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و وەکو مەکتەبی سیاسی پشتیوانی ئەو ئۆرگانەمان کردووە و لەمەودواش پشتیوانیان دەبین.
رووداو: لە کاری پەرلەمان و فراکسیۆنەکەتان رازین؟
مەحموود محەممەد: ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و رێککەوتنێکیشمان هەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چۆنیەتی کارکردنی پەرلەمان، لەو ماددانەی لەسەری رێککەوتووین ئێمە ئێستاش پێوەی پابەندین. بۆ ماوەیەکی باش لە راستیدا زۆر باش بووین، بەڵام لەم دواییانەدا هەندێک کێشەیان کەوتە نێوان، ئێستاش هەوڵمانداوە چارەسەریان بکەین، لە کۆبوونەوەی چەند رۆژێکیش پێش ئێستا کە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامماندا، ئاماژە بەو بابەتە کراوە، ئەمەش بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە هەمانە چارەسەری ئەو بابەتە بکرێت. بۆیە پەرلەمان ئۆرگانێکی گرنگی ئەو وڵاتەی ئێمەیە دەبێت چالاک بێت و هاوئاهەنگی تێدابێت، بە تایبەتی لەو قۆناخەی ئێستا کە پێویستە هەموو ئۆرگانەکان چ سەرۆکایەتی هەرێم چ پەرلەمان و چ سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران بە گشتی و جێگرەکەی دەبێت هاوئاهەنگی تەواویان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەو قۆناخەی ئێستا تێپەڕێنن و ویست و خواستی خەڵکی کوردستان تا ئەوەندەی دەکرێت بەدیبهێنن.
رووداو: دەکرێت زیاتر باسی ئەوە بکەن لەگەڵ یەکێتی چۆن چارەسەری ئەو ئاڵۆزییانە دەکەن کە روویدا بۆ ئەوەی روونەداتەوە؟
مەحموود محەممەد: بەوەی ماددەیەک لەناو رێککەوتنە سیاسییەکەماندا هەیە، لەو رێککەوتنە سیاسییە گوتوومانە دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی هاوئاهەنگ بن. لە کۆبوونەوەی ئەمجارە گوتمان بەپێی ئەو ماددەیە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی هاوئاهەنگی بکەن بۆ ئەوەی هەر شتێک کە دێتە پێشەوە ئەوان تاوتوێی بکەن، ئەگەر شتەکە ئاستەنگی هاتەپێش ئاگاداری لیژنە بکەنەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی و هاوکارییان بکات بۆ چارەسەری کێشەکان. نەک شتەکان ببەنە میدیاو لە میدیا شتەکانی خۆیان زیاتر ئاڵۆز بکەن. بۆیە دەکرێت هاوئاهەنگی تەواو بکرێت، چونکە پێشتر ویستیان و دەیانکرد بە دڵنیاییەوە چاک چوونە پێش و ئەگەر لەمەودواش بیانەوێت و ویستیان ئەوەبێت و گوشار لە هیچ لایەک نەکرێت، پێموایە دەتوانن هەموویان لەو ئاستەدان کە بتوانن پەرلەمان بەشێوەیەکی باش بەڕێوەببەن، هەروەها لەگەڵ گۆڕانیش بەهەمانشێوە.
رووداو: ئێستا هیچ سەرکردەیەکی ئێوە بۆ نموونە مەکتەبی سیاسی لە بەغدا نەماوە، کەچی لە خولەکانی پێشوو هەبوون، لەوانە هۆشیار زێباری و پێشووتریش دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس. ئێستا کە کەس لەوێ نەماوە گرفت لەبەردەم کاری هەردوو وەزیرەکەی ئێوەو فراکسیۆنەکەتان دروست ناکات؟
مەحموود محەممەد: لە راستیدا لەم کۆبوونەوەی دوایی لەگەڵ برایانی یەکێتی و ئێمەش لە کۆبوونەوەکانی پێشوو لە دوو هەفتەی پێشوو کە زۆر بە چڕی ئەنجامماندا، باسی ئەو بابەتەمان کردووە، هەستمان بەوە کردووە کە پێویستیمان بەوەیە ئەو گرفتەی لەوێ هەیە چارەسەری بکەین. بەوەش چارەسەر دەکرێت ئێمە لە کوردستانەوە لەگەڵ ئەو تیمانەی کە هاتووچۆی ئەوێ دەکەن لەگەڵ تیمی حکومەت و پەرلەمانمان لە بەغدا هاوئاهەنگ و هاوکاربن پێکەوە، تیمەکانی پارتی تیمەکانی یەکێتی و هی گۆڕان، ئەگەر کۆمەڵ و یەکگرتووش هەرچەند ئەوان ئۆپۆزسیۆنن ئەوانیش بێن. لە چەند کۆبوونەوەیەک لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم و لەژێر چاودێری سەرۆکی هەرێم و بەڕێز جێگرەکانی ئەنجامدرا باسی ئەو بابەتەمان کردبوو کە رێگاچارەی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی هەموومان لەوێ یەکدەنگ بین و پێکەوەبین و چارەسەری ئەو بابەتە بکەین.
ئێمە بۆخۆشمان وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە راستیدا وەکو لیژنەیەک لەوێ لە هەڤاڵانی وەزیر و سەرۆکی فراکسیۆن و جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەمانە بۆ راوێژکردن و پێکەوە کارکردنیان ئەگەر پێویست بێت لەو روانگەیەوە، بەڵام لە بەغدا پێویست بەوەیە ناوەندێکی یەکگرتووی هەموو کوردستانی لەوێ هەبێت، هەرچەند نوێنەرایەتییەکمان هەیە، بەڵام لەوانەیە پێویست بە بەهێزکردنی بوونی لایەنە سیاسییەکان بێت لە رووی سیاسییەوە لە بەغدا لەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ حیزبەکانی ئەوێ بکەن چ سوننەکان و چ شیعەکان. زۆر گرفت دێتەپێش ئەو گرفتانە لەوانەیە لە پەرلەمان چارەسەر نەکرێت، بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی پەرلەمان لە رووی سیاسییەوە لەگەڵ لایەنەکان چارەسەر بکرێت لە پەرلەمان باشتر کارەکان بەڕێوەدەچێت.
بەڵێ ئەمە هەوڵمان بۆداوە، لەوانەیە یەک لە خاڵەکانمان بێت کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، هەروەها لە کۆبوونەوەی کە لەگەڵ گۆڕانیش ئەنجامماندا ئەم خاڵەمان باسکردووە بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
رووداو: لەسەر کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کە تاوەکو ئێستا دووجار لە ئاستی جیا کۆبوونەتەوەو چاوەڕێدەکرێت کۆبوونەوەی دیکەش بکەن. رووداو زانیاری هەیە لەو کۆبوونەوانە یەکێتی داوایکردووە پاشکۆیەک بۆ رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێوە زیاد بکرێت سەبارەت بە پەرلەمان و حکومەت. ئایا ئێوە بە زیادکردنی ئەو پاشکۆیە رازی بوون؟
مەحموود محەممەد: ئەو خاڵانەی برادەرانی یەکێتی ئامادەیان کردبوو، لە راستیدا پۆلێنکردنی چۆنیەتی کارکردنەکانی ناو رێککەوتنە سیاسییەکە بوو. یەکێک لە خاڵەکان پەرلەمان بووە کە تێیدا وەکو باسمکرد ئەو گرفتانەی هەبووە چۆن چارەسەر بکرێت، ئەوەیش بەوە رێککەوتین لەناو ئەو کۆنووسەی هەردوولامان واژۆمان کردووە، تێیدایە کە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی لەگەڵ هەردوو سەرۆک فراکسیۆنەکانمان پێکەوە هاوکاربن بۆ ئەو کێشانەی دێنەپێش، چونکە رێککەوتنەکەمان زۆر روونە لەسەر پەرلەمان لە بواری پەرلەمان چۆن کار بکرێت؟
مەسەلەی پاشکۆ، بە دڵنیاییەوە هەر قۆناخێک کاتێک کە رێککەوتن دەکەی هەندێک پابەندبوونی خۆی هەیە، ئێمە ئەو رێککەوتنەی کە کردوومانە لە قۆناخێکدا کردوومانە کە دۆخی ئەوکاتی ئابووری و سیاسی و تەندروستی وەکو ئێستا نەبووە، ئێستا ئەگەر پێویست بە شتێکی دیکە بکات، بەڵێ ئێمە دەتوانین رێککەوتن بکەین، ئەو رێککەوتنەش وەکو پاشکۆیەک بۆ رێککەوتنی پێشوو زیادی بکەین. کە چی پێویستە یان هەندێک لەوانە زۆر لە ماددە و بڕگەکانی کە لەناو رێککەوتنەکانماندا هەیە تەنیا پێویستی بە راڤە بێت کە چۆن جێبەجێ بکرێت. لە هەمووی گرنگتر چۆن شۆڕبکرێتەوە کە لە ئاستەکانی دیکەشدا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و رەنگدانەوەی هەبێت. دەنا رێککەوتنەکەمان رێککەوتنێکی زۆر گشتگیرە و هەموو بوارەکانی ناو حکومڕانی و کایەی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکیشی گرتووەتەوە. بۆیە دەتوانین ئەمانە هەمووی لە کۆبوونەوەکانی کە باسکراوەو بڕیارمانداوە کە کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یان بەلای کەمەوە کۆمەڵێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەردوولا لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم کۆببینەوەو تاوتوێی هەموو ئەو بابەتانە بکەین.
لە کۆبوونەوەی یەکەمدا ئێمە زانیمان ئەو شتانەی ئەوان بیری لێدەکەنەوە چییە، ئەوانیش زانییان ئەو شتانەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە چین، لە راگەیێندراوێکی میدیاییشدا بەشێکی باشی ئەوانەمان پێشکەشی جەماوەری کوردستان کرد.
رووداو: بە جۆرێک لە جۆرەکان پێدەچێت رازی بن بەو پاشکۆیەی کە داواکراوە؟
مەحموود محەممەد: لە راستیدا لەوێ هیچ باسێک لە پاشکۆ نەکراوە، بەڵام گوتمان رێککەوتنەکە چۆن پێویستی بە جێبەجێکردن بێت ئاوا جێبەجێی دەکەین، جا چ راڤە بێت چ شتی دیکە بێت بەپێی قۆناخەکە.
رووداو: کۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەکتەبی سیاسی کەی دەکرێت و لەسەر چ ئاستێک دەبێت؟
مەحموود محەممەد: چونکە ئێمە لیژنەیەکی سێ کەسین، هەردوولا گەڕاینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی باس لەو خاڵانە بکەین کە لەسەری رێککەوتووین، هەروەها ئەو بڕیارانەی دراون بۆ ئەوەی کە کۆبوونەوەیەک دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەرنامەی ئەو کۆبوونەوەیە دەبێت دابنرێت. وا بڕیارە هەردوو لیژنەکە ئەجێندای کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری بکەن، ئینجا داوا بکرێت کە رۆژی کۆبوونەوە دیاری بکرێت.
رووداو: هێرش و پەلاماری میدیایی هێشتا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەر هەیە، بە تایبەتیش دژی لاهور شێخ جەنگی لەلایەن راگەیاندنی پارتییەوە، لەلایەن راگەیاندن و هەندێک شوێنی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بە دژی پارتی هێرش هەیە.. ئایا پارتی لاهور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی قبووڵە و ئامادەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکات؟
مەحموود محەممەد: پرسیارەکەت دوو بابەت بوو، یەکێکیان لەسەر هێرشی میدیایی و ئەوەی دیکەیان ئەمەمان قبووڵە یان نا.. مەسەلەی هێرش ئەگەر دیقەتتان کردبێت لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ جەژن ئەو بابەتەی تێدابوو، کە خۆت بەدوور بگرە لەگرژی و بەکارهێنانی وشەی زبر لە راگەیاندندا. هەروەها لە راگەیێندراوی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیش زۆر بە روونی باس لە راگرتنی ئەم هێرشانە دەکات، لەو کۆبوونەوەیەی کە لە دووکانیش ئەنجامدرا یەکێک لە خاڵەکانمان ئەو بابەتە بووە، بەڵام لێرەو لەوێ لە راستیدا پێشێلکاری هەبووە بە تایبەتی دوێنێ (رۆژی هەینی 14-8-2020 )هەندێک پێشێلکاری کرا لە هەندێک سایت و پەیجی ئەوان لە هەندێک لە سایت و پەیجی ئێمەش، هەردوولاشمان یەکدیمان ئاگادارکردەوە ئەو لیژنەیەی کە بەرپرسە لەو بابەتە و واش رێککەوتووین کە ئەمە رابگرین و هەروەها هەوڵیشمانداوە کە نەیهێڵین، بەڵام هەندێکجار سۆشیال میدیا پابەندی هەندێک شت نابێت لەوانەیە بەشێکیشی کۆنترۆڵکراو نەبێت.
سەبارەت بەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات؟ ئەمە یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆی بەرپرسە کێ بەرپرسیەتی و کێ بەرپرسی نابێت و چ ئەنجوومەنێک دادەنێت و چ سەرکردایەتییەک دادەنێت.. وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی مامەڵە دەکەین، ئەو مامەڵەکردنەمان لە پێناوی ئەوەیە کە یەکڕیزی لەم وڵاتەدا دروستبکرێت. ئەمە بەرپرسیارێتی خۆیانە کێ دێتە کۆبوونەوە و کێ نایەتە کۆبوونەوە و کێ بەشدار دەبێت و کێش بەشدار نابێت. ئێمە دەستنیشانی ئەوە ناکەین بۆ یەکێتی نیشتمانی، هەروەها یەکێتی نیشتمانیش بۆ ئێمە دەستنیشانی ناکات کێمان لە کۆبوونەوە بەشدار دەبێت.
رووداو: ئەی سەبارەت بە لاهور شێخ جەنگی؟
مەحموود محەممەد: ئەوان بەرپرسیارێتی خۆیانە، کێ مەسئولیانە. ئێمە بەرپرسی ئەوان نین، ئەوان خۆیان کۆنگرەیان بەستووە، ئەو دەرهاویشتەیەی کۆنگرەی ئەوان خۆیان بڕیاریان لێداوە. ئێمە مامەڵە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەکەین، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی دەکەین، لەگەڵ پەیوەندییەکانیان دەکەین. کێش دێتە کۆبوونەوە و بەشدار دەبێت لە کۆبوونەوەی ئێمەو ئەوان ئێمە خۆمان بەرپرسیارین و ئەوانیش خۆیان بەرپرسیارن.
رووداو: بەڵام لە سەرەتاوە کە کۆنگرە تەواوبوو هەندێ سەرنجتان هەبوو گلەیی یەکێتی ئەوەبوو کە پیرۆزباییتان لێنەکردوون؟
مەحموود محەممەد: لەوانەیە لەو رووەوە بەڵێ هەندێک ئەوەبوو، بەڵام گرژییەکە لەسەر پیرۆزبایی نەبوو، گرژییەکە پێش پیرۆزباییەکە بوو، چونکە ئێمە پێش کۆنگرەش زۆر داوامانکرد کە پێکەوە دابنیشین، بەڵام راستییەکەی ئەوان دوایان دەخست، دوای ئەوە لەوانەیە هەندێک گرفت کە لە میدیا زەقکرایەوە زیاتر ئاستەنگی دروستکرد لەبەردەم ئەوەی کە ئێمە درەنگ بەیەکەوە کۆببینەوە.
رووداو: ئێستا نێوانتان لەگەڵ یەکێتی باشە؟
مەحموود محەممەد: ئێستا باشە، هاتووچۆ هەیە و بە یەکەوە دادەنیشین، لیژنەی هاوبەش بۆ کۆمەڵێک شت دروستدەکرێت.
رووداو: سەبارەت بە شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکە کە ئێستا پەرەی سەندووە، تورکیا لەشکرکێشی بۆ نێو خاکی باشووری کوردستان کردووە و بارەگای داناوە، زۆرترینی ئەو هێرشانەش بۆسەر ئەو ناوچانەن کە لەژێر دەسەڵاتی پارتین. چ پلانێکتان هەیە بۆ چارەسەری ئەمە؟
مەحموود محەممەد: لە راستیدا هێرشەکان ئەگەر زەمینی بێت لەو ناوچانەیە، بەڵام ئەگەر هێرشەکانی تورکیا بڵێین بۆ قامیش و ناوچەی ماوەت و دەوروبەری هەڵەبجەش بووە، کە زۆرجار فڕۆکەکانیان دەچن لەوێ بۆردوومان دەکەن و ژیانی زۆر کەسیش کەوتووەتە مەترسییەوە و هەندێک شەهیدیشمان هەبووە لەوێ، بەڵام لەو ناوچەیە لە راستیدا ئێمە باسمانکردووە، لە راگەیێندراوی 74 مین ساڵی یادی دامەزراندنی پارتیدا ئاماژەمان بەو بابەتە کردووە. ئێمە لەگەڵ ئەوەین لەگەڵ دراوسێکانمان بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە، دەبێت ئەو بەرژەوەندیە هاوبەشانە بپارێزین.
ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە هاوسۆزیمان هەیە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان کە دەیانەوێت مافی خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنن، بەڵام دەبێت رێز لەو کیانەی کە دروستبووە کە ئومێدی هەموو خەڵکی کوردستانە لە هەموو شوێنەکانی دیکە بگرن. ئێمە بەردەوام گوتوومانە ئەو قۆناخە قۆناخی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و خەباتی مەدەنی و دیموکراسییە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکان بکرێت.
ئەگەر ئەوان بڵێن ئێوە خۆتان خەباتی چەکداریتان کردووە، راست دەکەن. بەڵام ساڵی چلەکان و شەست و حەفتاکان ئەو قۆناخەی ئێستا و ئەو تێگەیشتنەی ئێستای نە عێراقییەکان هەبوو وەکو عەرەب لەسەر دۆزی کورد، نە ئێمەش ئەو تێگەیشتن و توانایەمان هەبوو کە بتوانین ئەوان تێبەگەیێنین، دونیاش قبووڵی ئەوەی نەدەکرد. بەڵام ئێستا قۆناخی ئەوەیە کە بە دیالۆگ چارەسەری کێشەکان بکرێت و زۆریش هەوڵمانداوە کە ئێمە ببینە فاکتەرێکی یارمەتیدەر بۆ ئەوەی ئەو کێشانە لەو پارچانەی دیکەی کوردستان چارەسەر بکرێن. هەندێکجا بەدەنگەوە هاتنیش هەبووە، هەندێکجاریش تێکدانیش هەبووە.
ئێمە پێمانباشە ئەم کێشانەی کە حیزبەکان لە ئێران و تورکیا هەیانە لە راستیدا خاکی هەرێمی کوردستان نەکەنە شوێنی ناکۆکی و ململانێ، چونکە زیانمەندی سەرەکی خەڵکی کوردستانە، ئەو گوندانەش هیچ توانایەکیان نییە بەرگری لەخۆیان بکەن لەسەر ئەو بابەتانە. بۆیە پێمانباشە چ پەکەکەیە چ تورکیایە ئەو ململانێیەی هەیانە ببینەوە ناو خاکی تورکیا و لەوێ چارەسەری بکەن، باشترین رێگەش، رێگەی دیالۆگ و ئاشتیانەو دیموکراسی و خەباتی مەدەنیانەیە کە چارەسەری پێبکەن.
بۆیە داوامانکردووە و زۆرجاریش پەیوەندیمان بە هەموو لایەنەکان کردووە. بۆیە نەک ئەو شوێنانەی کە ئێستا سوپای تورکیا بۆی هاتووە، پێشتریش دەیان گوندی ئێمە چۆڵکراون، چونکە پەکەکەی لێبووە. دوێنێ لە تەلەڤزیۆنەکەی ئێوە گوێم لە هاووڵاتییەک بوو کە لە ناوچەی زاویتە زیانی بەرکەوتبوو، دەیگوت تاوەکو پێش ئێستا گوندەکەم وێرانکراوە و نەمتوانیوە بچمە گوندەکەم، ئێستا لێرەش تووشی کێشە بووینە و بۆردوومانیان کردووین و زیانم بەرکەوتووە.. بۆیە دەبێت ئەمە رەچاو بکرێت و برایانی کوردیشمان ئەوە تێبگەن کە ئێمە هاوسۆزین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، بەڵام دەبێت رەچاوی دۆخی ئێمە لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە بکەن، ئەوکاتە دەتوانن ئەوان پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێمە بە پتەوی بهێڵنەوە.
رووداو: ئەم پەیامەی ئێستای ئێوە، لە سەرەتای نەوەدەکانەوە کە ئەم کێشەیە دروستبووە پەیامەکەتان هەر روونبووەو گوتووتانە ئێمە پشتگیریتان دەکەین، بەڵام شەڕەکە لەسەر خاکی باشوور دووربخەنەوە، بەڵام ئێستاش ئەمە بەردەوامە.
چارەسەری بنەڕەتی چییە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەو گوندانە رزگاریان ببێت و بتوانن تێیدا بژین؟
مەحموود محەممەد: لە راستیدا ئەمە لە نەوەدەکانەوە نییە، بەڵکو لە هەشتاکانەوەیە. لە هەشتاکانەوە ئێمە لەبیرمانە ئەوکاتەی کە کێشە پەیدابوو پەکەکە دەستی دایە خەباتی چەکداری، حکومەتی تورکیا زیانێکی یەکجار زۆری لە ئێمە و حیزبی شیوعیش دا، لەبەرئەوەی ئەوانە هاتبوونە ئەو شوێنانەی کە پارتی و حیزبی شیوعی لێبوو، هێرشێکی بەربڵاویان کرد بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە داگیر بکەن.
ئێمە ئەوەی کە دەیبینین، پەکەکە بە هیچ شێوەیەک دۆخی هەرێمی کوردستانی لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا لەبەرچاو نەگرتووە، لەوانەیە بەشێک لەناو پەکەکەدا هەبن پێیانخۆشبێت دەستی سوپای تورکیا رابکێشن بێن و بەشێکی زۆری کوردستانی عێراق داگیر بکەن و بەداخەوە زەمینەی بۆ خۆش دەکەن. ئەم زەمینە خۆشکردنەیە کە خەڵکی ئێمە زیاتر بێ تەحەمول بووە، گوندەکانیان چۆڵ بووە و نەیانتوانیوە بچنەوە سەر رەز و باخاتیان هەر بەرگەیان گرتووە، بەڵام بەڕاستی شتەکەیان لە تام بردووەتە دەر و پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە.
کاتی خۆی ئەوانە لەگەڵ تورکیا وا رێککەوتن کە لەناو تورکیا نەمێنن و بچنە قەندیل، یارمەتی دران بۆ ئەوەی شەڕەکە نەمێنێت بۆ ئەوەی لە رێگای دیالۆگ و زمانی گفتوگۆوە پێکەوە چارەسەری کێشەکان بکەن، بەڵام بەداخەوە لەدوای ئەوە ئیتر تەشەنەی کردو ئێستا لە هەندێک شوێن پەکەکە بانگەشەی حکومڕانی دەکات، شارەوانی دروستکردووە، هەندێکجار کۆماری زابی دروستدەکرد و کۆمەڵێک شتی لەو بابەتانەی دروستکرد بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی ئێمە لەم شوێنەی کە ئێستا ئەوانی لێیە کاتی خۆی ئازادکراو بووە و ئێستا پێویستی بەوە نییە ئەوان خەباتی تێدا بکەن، ئەگەر ئەوان خەباتیان دەوێت و ئەو شوێنەی بۆی دروستبوون بچن لەوێ خەباتی خۆیان بکەن، چۆن دەیکەن، ئێمە رامانوایە لە رێگەی دیالۆگ و پێکەوە گفتوگۆکردن خەبات بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوەش ناکەن، لێرە تەسەور دەکەم کە چیتر خەڵکی کوردستان ئەم بابەتە قبووڵ ناکات.
رووداو: سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و حکومەتی تازەی عێراق، چۆن دەڕواننە کاری تازەی حکومەتی عێراق و هەڵوێستی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران؟
مەحموود محەممەد: ئومێدێکی زۆرمان بەو کەسە هەیە و پشتیوانیمان کردووە، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران پشتیوانیمان کرد، ئێستاش ئەو پشتیوانیە هەر بەردەوامە. ئومێد دەکەین بتوانێت سەرکەوتووبێت، بەڵام ئاستەنگی یەکجار زۆری لەبەردەمدایە بە تایبەتی کاریگەری حیزبەکانی شیعە لەسەری یان ئەو رێگرییەی ئەوان لێیدەکەن. تێڕوانینی ئەوان لەگەڵ تێڕوانینی مستەفا کازمی لەسەر زۆر شت جیاوازە، مستەفا کازمی دەیەوێت سەروەریی عێراق پارێزراوبێت و هەوڵبدات پەیوەندی باشی لەگەڵ دەرو جیرانەکانی و دونیای دەرەوەدا هەبێت، بەڵام بەشێک لەوانەی چەک بەدەستن و زۆرجاریش با بڵێین زەبر بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ئیشەکانی خۆیان بەڕێوەببەن لەگەڵ ئەوەنین، ئەوان دەیانەوێت هەندێک وڵات هەیە عێراق پەیوەندی لەگەڵیدا نەبێت، هەندێک وڵاتیش هەیە نەک پەیوەندی لەگەڵی هەبێت، تەنانەت وەکو تێکهەڵکێش پێکەوە ئەو وڵاتە بەڕێوە ببەن. ئەمەش کێشەی بۆ ئەو زاتە دروستکردووە، ئومێدەکەین بتوانێت هەندێک هەنگاوی ناوە هەنگاوەکانی خراپ نەبوون لەوەی رەزامەندی خەڵکی بەدەستهێناوە. بەڵام هەنگاوی سەبارەت بە کوردستان ناویەتی نە دروست بوون تاوەکو ئێستا، نە کاریگەریان هەبووە، بە تایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، ئەوەی پێشتر مالیکی کردی ئەویش هەر هەمان شت دەکات.
رێککەوتنی سیاسی و رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەستووەتەوە بە هەندێک بابەتی کە پەیوەستە بە ژیان و بژێوی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانەوە، کە ئەمە نەدەبوو تێکەڵاوکرابا و بەپێی دەستوور رەفتار کرابا. ئێمە ئەوەی چاوەڕێمان لەو سەرۆکوەزیرانە هەیە، کە سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق بێت، سەرۆکوەزیرانی شیعەی عەرەب و عەرەبی سوننەو کوردو تورکمان و ئاشووری و هەمووان بێت. دەستوور ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیە گرنگەیە کە لەنێوان هەموویاندا هەیە، جێبەجێی بکات، ئێمە بە خاڵەکانی رازین.
رووداو: ئێوە لەسەر بنەمای دەستوور قسە لەگەڵ عێراق دەکەن، مستەفا کازمی لە بەیاننامەیەک و لە شوێنێکیش گوتی پارتی لە بەغدا شتێک دەڵێت و لە کوردستانیش شتێک دەڵێ. باوەڕی ئێوە بۆ گفتوگۆ لەدوای گشتپرسییەوە چییە لەگەڵ عێراق و لەسەر چ بنەمایەکە؟
مەحموود محەممەد: لە راستیدا کە مەسەلەی گشتپرسی کرا و خەڵکی کوردستان لە پرۆسەیەکی دیموکراسیانەدا رای خۆیان دەربڕی بۆ چارەنووسی خۆیان، مافی خۆیانە. ئەوە مافی ئێمەی خەڵکی کوردستان بووە کە دونیاو عێراق و دەورەبەرکانیش بزانن کە ئێمە چیمان دەوێت. ئەوان بە قسەمان ناکەن، هاوکارمان نابن، لە دژمان دەبن، سوپایان لە دژی ئێمە بەکارهێنا، هەموو ئەمانە لەجێی خۆی ئەمە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام خەڵک لە دونیا تێگەیشت کە ئێمە بەو ریفراندۆمەی کردمان مەبەستمان چییە. مەبەستمان ئەوەیە ئەگەر ئێوە دەتانەوێت لەگەڵ ئێمە بژین بەو شێوەیە ناتوانین بەیەکەوە بژین. ئەگەر دەتانەوێت بە یەکەوە بژین، دەبێت ئێمە وەکو پلە دوو ئەژمار نەکەن، ئێمە وەکو هاووڵاتی ئەو وڵاتە ئەژمار بکەن. ناکرێت تۆ هەموو بڕیارێک بدەی منی کوردیش لێرە دانیشتووم چاوەڕێی هەموو ئەو شتانەی تۆ بڕیارتداوە ئەوانە جێبەجێ بکەم، ئەی من لەکوێی داڕشتنەوەی بڕیارەکانی تۆ بەشدار دەبم؟ لەکوێی بیری داڕشتنەوەکانی بڕیارەکانی تۆدا بەشداریم پێکراوە بۆ ئەوەی کە بتوانم رام هەبێت لەسەر پەیوەندییەکان، پرسە ئابوورییەکان، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەرو جیران و لەگەڵ دۆخی ئێستاو چاککردنەوەو رێکخستنەوەی نێو ماڵی عێراق، بۆیە لێرەدایە کێشە بۆ ئێمە دروستبووە، دەنا ئێمە لەسەر چوارچێوەی ئەو خاڵانەی کە لە دەستووردا هاتوون و ماددەکانی قبووڵمانە و ئەویشمان کردووەتە بنەما، پێشمانوایە ئەگەر ئەوانیش ئەم رێکارە لەبەرچاو بگرن چارەسەری کێشەکان دەکرێت.
رووداو: پارتی رازییە لە یاسای تازەی هەڵبژاردنی عێراق؟
مەحموود محەممەد: ئێمە پێمانوایە هەندێک کەموکوڕی تێدایە، کەموکوڕییەکانیش دەزگای هەڵبژاردنی ئێمە و برایانی دیکەی حیزبەکانیش ئاماژەیان بەو بابەتە کردووە، با نەیشارینەوە رەنگە ئەمە لە قازانجی حیزبە گەورەکان بێت، چ لێرە چ لە عێراق، بەڵام ئەمە هەوڵدانە بۆ لەنێوبردنی حیزبە بچووکەکان، چونکە زۆرینەی هەرەزۆری دەنگەکان بۆ ئەو حیزبانە دەچێت، ئەمەش لەوانەیە کارێکی باش نەبێت. هەرچەند پرۆسەیەکی قورسیشە ئەگەرچی ئێستا خەریکن پێداچوونەوەی پێدابکەن و ئەو بابەتە چارەسەر بکەن، بەهەرحاڵ دەمێنێتەوە سەر رای گشتی. لە راستیدا ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەموو عێراق بکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی دەنگی هیچ یەکێک بەفیڕۆ نەچێت، لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ ، ئەگەر عەرەبێک لە زاخۆ هەیە دەنگدەداتە حیزبێک کە لە بەغدایە با دەنگەکەی بەفیرۆ نەچێت، کوردێک کە لەبەسرە دەنگ دەدات بە لیستێکی کوردی با دەنگەکەی بەفیڕۆ نەچێت.

