رووداو دیجیتاڵ
شازادە مایکڵ، یەکێکە لە شازادەکانی خێزانی شاهانەی وڵاتی لیشتنشتاین و ئامۆزای شازادە هانز ئادەمە، کە شازادەی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو باسی سیستمی حوکمڕانیی، سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئابووریی، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی دەکات. زانیاریی سەرنجڕاکێش لەسەر ئەو وڵاتە دەڵێت، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 40 هەزار کەسە و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە. باسی پەیوەندیی نێوان بنەماڵە شاهانەکانی ئەوروپاش دەکات.
لیشتنشتاین چوارەمین وڵاتە لە ریزبەندی بچووکترین وڵاتانی جیهاندا و کەوتووەتە نێوان هەریەک لە وڵاتانی سویسرا و نەمسا. رووبەڕی لیشتنشتاین 160 کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمترە لە 40 هەزار کەس و پایتەختی وڵاتەکە ڤادۆزە. وڵاتی لیشتنشتاین کەوتووەتە ناوچەیەکی شاخاوی و بەنێوبانگە بە گەشتیاریی وەرزی زستانە. لیشتنشتاین ئەندامی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەشدارە لە ناوچەی شینگن.
رووداو: سیستمی حوکمڕانی لیشتشتاین پاشایەتییە. دەتوانی باسی سیستمی حوکمڕانی وڵاتەکەتان بکەیت؟
سیستمێکی زۆر هاوسەنگمان لەنێوان پاشایەتی و دیموکراسیدا هەیە
شازادە مایکڵ: ئێمە سیستمێکی زۆر هاوسەنگمان هەیە لەنێوان پاشایەتی و دیموکراسی. دیموکراسییەکەشمان نەک تەنیا دیموکراسییەکی پەرلەمانی و نوێنەرایەتییە، بەڵکو سیستمێکی بەهێزی دیموکراسی راستەوخۆمان هەیە، کە خەڵک دەتوانن دەنگ بۆ هەموو شتێک بدەن. لە هەمان کاتدا شارەوانییەکانیش رێژەیەکی زۆری دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەرییان هەیە. سیستمەکەمان هێندە هاوسەنگە کە تێیدا سیستمی پاشایەتی دیدگای درێژخایەنی هەیە و گەرەنتی سەربەخۆیی سیستمی دادوەریش دەکات. بۆئەوەی سیستمی دادوەری نەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حیزبی زۆرینە یان لایەنەکانی دیکە. ئەمە بەو واتایە نییە کە شازادە بە ئارەزووی خۆی دادوەران دەستنیشان دەکات، بەڵکو دادوەران بە هاوئاهەنگی لەنێوان پەرلەمان و شازادە هەڵدەبژێردرێن. پەرلەمان نوێنەرایەتی گرووپە جیاوازەکان دەکات. ئێمە دەڵێین دوو لایەنی خاوەن سەروەریی هەن کە شازادە و خەڵکن، بەڵام بۆچوونی شازادە ئەوەیە خەڵک لایەنی بەهێزترن، چونکە خەڵک دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی شازادە بهێنن، بەڵام شازادە ناتوانێ کۆتایی بە خەڵک بهێنێ. لەهەمان کاتدا، شازادە دەسەڵاتی بەهێزیشی هەیە. دەسەڵاتی ڤیتۆی هەیە، کە زۆر بە وریاییەوە بەکاریدەهێنێت. سیستمەکە زۆر بەباشی کاردەکات. شازادەی لیشتنشتاین وەک سەرکردەیەکی نێو یەکێتیی ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، وەک دەزانین یەکێتی ئەوروپا گەورەترین یەکێتیی نێوان وڵاتانە لە جیهاندا.
رووداو: ئێوە کە سوپا و خزمەتی سەربازیتان نییە، وڵاتەکەتان چۆن بەرگری لەخۆی دەکات؟
شازادە مایکڵ: دروستکردنی سوپا زەحمەتە کاتێک ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەمان لە 40 هەزار کەس کەمترە. ئێمە ئەو ئیمتیازەشمان هەیە کە دوو دراوسێی زۆر ئاشتیخوازمان هەن. سویسرا و نەمسا، بۆیە خۆشبەختانە پێویستمان بە هێزی سەربازی نییە، چونکە نە نەمسا و نە سویسرا هیج نیازێکیان نییە هێرشمان بکەنە سەر، لەلایەکی دیکەش بە چل هەزار کەسەوە رووبەڕووبوونەوەی نەمسا کە ژمارەی دانیشتووانی هەشت ملیۆن کەسە زۆر قورس دەبێت.
خەڵک دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی شازادە بهێنن
رووداو: ئێوە هێزی پشت گەشەی ئابووری و پێشکەوتنی وڵاتەکەتانن، دەتوانن پێمان بڵێن شازادەبوون و سەرقاڵبوون بە بزنسەوە پێکەوە چۆن دەگونجێن؟
شازادە مایکڵ: بنەماڵەکەمان هەمیشە ئاستێکی بەرزی هەستی بەرپرسیارێتی هەبووە. هیچ کەسێکی بنەماڵەکەمان لەلایەن شازادەوە مووچەمان پێ نادرێ، بەڵکو پێویستە خۆمان پیشەی خۆمان هەبێت. منیش بڕیارم دا سەرقاڵی وەبەرهێنان بم. پێموایە خودا یارمەتیدام و سەرکەوتووبووم لە کارەکەمدا و چێژی لێ دەبینم. لەبەرئەوەی ئەندامی بنەماڵەی حوکمڕانم، ئەوە بەرپرسیارێتی دیکەم دەخاتە سەر شان. کە پێویستە لە هەڵسوکەوتمدا رەچاوی ستانداردی بەرز بکەم. پێویستە رێزی زۆر لە خەڵک بگرم. هەروەها بە جیددی کار بکەم.
رووداو: لیشتنشتاین وڵاتێکی بچووکە لە ئەوروپا، بەڵام ئابوورییەکی بەهێزی هەیە و رێژەی بێکاری نزیکە لە سفر. ئەم ئابوورییە بەهێزە چۆن لەو وڵاتە بچووکەدا دامەزراوە؟
'شازادەی لیشتنشتاین وەکو سەرکردەیەکی نێو یەکێتی ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت
شازادە مایکڵ: سەرەڕای ئەوەی ئێمە هیچ سەرچاوەیەکی سرووشتیمان نییە کە پشتی پێ ببەستین، بەڵام ئیمتیازی دیکەمان هەیە. لەلایەک ئێمە لە بواری کار و بزنسدا پێشەنگین. خەڵکەکەمان بە سەختی کار دەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە سیستمی حوکمڕانیمان کە جێگیرە، بەشێوازی خۆی هەوڵدەدات نەبێتە حکومەتێکی قەبارە گەورە. باوەڕمان بە حکومەتێکی بچووک و دەستپێشخەری بەهێزی تاک هەیە. ئێمە دەوڵەتێکی خۆشگوزەرانین، بەڵام نامانەوێ ببینە دەوڵەتێک کە خەڵک بۆ خۆشگوزەرانی بەتەواوی پشتی پێ ببەستن، باوەڕمان وایە خەڵک تا رادەیەک بەرپرسیارن لە ژیانی خۆیان. ئەوەش زۆر یارمەتیدەرە. هەروەها ئێمە ئابوورییەکی فرە سەرچاوەمان هەیە، سێکتەری سەرەکیمان پیشەزسازی بەرهەمهێنانە. لەرێی ئەم پیشەسازییەوە بەرهەمی زۆر کواڵێتی بەرز بەرهەمدەهێنین و هەناردەیان دەکەین بۆ هەموو جیهان. ژمارەیەک کۆمپانیامان هەن کە قەبارەی وەبەرهێنانیان دەگاتە چەند ملیار یۆرۆیەک. لە هەشتا ساڵی رابردوودا ئەو هاوسەنگییە ئابوورییە بەدی هاتووە. لە هەمان کاتدا کەرتی دیکەی ئابووریشمان هەن. ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیامان هەن کە هەموویان پێکەوە دەستیان هەیە لە فرە سەرچاوەکردنی ئابوورییەکەمان.
رووداو: دەمەوێ لەبارەی ژمارەی زۆری کۆمپانیاکان پرسیار بکەم. نزیکەی 74 هەزار کۆمپانیا لە لیشتنشتاین تۆمارکراون. وادیارە وڵاتەکەتان شوێنێکی باشە بۆ وەبەرهێنان. ئەو کۆمپانیانەی کە لە وڵاتەکەتان وەبەرهێنان دەکەن ئایا زۆرینەیان خۆجێیین یان نێودەوڵەتین؟
شازادە مایکڵ: زۆربەیان نێودەوڵەتین. دەمەوێ بڵێم کە پێشتر ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای بچووکمان هەبوون. ئێستا ژمارەیان کەمکراوەتەوە بۆ نزیکەی 30 هەزار کۆمپانیا. ژمارەیەک کۆمپانیامان هەن کە تەنیا کۆمپانیای خاوەن سەرمایە و موڵکن. زۆربەی سامانەکەشیان نێودەوڵەتییە. لەهەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای چالاکیشمان هەن. هۆکاری هاتنی کۆمپانیا خاوەن سەرمایەکان بۆ لیشتنشتاین دوو هۆکاری سەرەکین، یەکەم سەقامگیریی وڵاتەکەمانە و گەرەنتیکردنی مافی موڵکدارییە لە وڵاتەکەمان. هۆکاری دووەمیش بونیادنانی سیستمێکی متمانەی بەهێزە. بەپێی ئەو سیستمە دەکرێ نەوە دوای نەوە موڵک و سامان لەدەستی بنەماڵەکاندا بمێنێتەوە. جگە لەم سێکتەرەش. گرنگترین چالاکییەکانمان پیشەسازی وەبەرهێنانە. ئەوە چالاکی سەرەکیمانە.
نە نەمسا و نە سویسرا هیچ نیازێکیان نییە هێرش بکەنە سەرمان
رووداو: دەمەوێ بزانم ئەو ئاسانکارییانە چین کە لیشتنشتاین پێشکەشی وەبەرهێنەرانی دەکات؟
شازادە مایکڵ: پێموایە گرنگترین ئاسانکارییەکان ئەمانەن: پاراستنی موڵک و سامان، هەبوونی سیستمێکی بانکیی پێشکەوتوو. پێشەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ پیشەسازی، بەڕێوەبردنی سامان و هەبوونی دڵنیایی. هەبوونی ئەمانە لە کەرتی داراییماندا یارمەتی زۆری لیشتنشتاینی داوە.
رووداو: هەر لەبارەی ئابووری، دەمەوێ پرسیارێکی سەرنجڕاکێش بکەم. ئایا ئەوە راستە کە کەسێکی دەوڵەمەند دەتوانێ لیشتنشتاین بۆ ماوەی یەک رۆژ بە 70 هەزار دۆلار بەکرێ بگرێت؟
شازادە مایکڵ: پێموایە ئەوە داستانێکی هەڵبەستراوە و درووست نییە. ئەمە جارێک لە ئینتەرنێت وا بڵاوکرابووەوە. لیشتنشتاین بۆ بەکرێدان نییە.
نەخێر، شتی وا نییە. کۆشکەکە تایبەتە بە میوانەکانی شازادەی فەرمانڕەوا و پارەیان لێ وەرناگیرێت.
باوەڕمان بە حکومەتێکی بچووک و دەستپێشخەری بەهێزی تاکەکەس هەیە
رووداو: ڤایرۆسی کۆرۆنا چ کارگەرییەکی لەسەر وڵاتەکەتان هەیە بەتایبەت کەرتی ئابووری؟
شازادە مایکڵ: لەم قۆناخەدا قورسە بزانین زیانەکە چەندە، بەڵام کاریگەری نەرێنی زۆری هەیە. بۆ لیشتنشتاین یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە ناتوانین گەشت بکەین. رێژەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی لیشتنشتاین لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەمان کاردەکەن و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییان هەیە، بۆیە پێویستیان بە گەشتکردنە. وڵاتەکەمان هیچ قەرزێکی لەسەر نییە، ئەوەش وادەکات تێپەڕین بەناو ئەم قەیرانەدا بۆ ئێمە ئاسانتربێت. هەروەها ئێمە لە ئەوروپا وڵاتێکین کە بەرزترین رێژەی GDP مان (تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی) هەیە. بەبێ هەبوونی سامانی سرووشتی، رێژەی GDP مان هاوشێوەی GDP هەندێ وڵاتی خاوەن نەوتی کەنداوە.
رووداو: شەڕی بازرگانیی چین و ئەمریکا کاریگەری لەسەر ئێوە هەبووە؟
نامانەوێ ببینە دەوڵەتێک کە خەڵک بۆ خۆشگوزەرانی بەتەواوی پشتی پێ ببەستن
شازادە مایکڵ: لەدرێژخایەندا ئەو شەڕە کاریگەری لەسەر ئەوروپا دەبێت. رێژەیەکی زۆر بەرهەم لە چینەوە دێن، شەڕی بازرگانی و ململانێ لەسەر باڵادەستی سەربازی و سیاسی و ئابووری لەنێوان ئەمریکا و چین سەردەکێشێت بۆ لێکدابڕان و پێچەوانەی سیستمی جیهانگیرییە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا رێژەی بازرگانیمان لەگەڵ چین کەمدەبێتەوە؟ ئەمە ئەگەرێکە، ئەگەر ئەوە رووبدات کاریگەری لەسەر بەکارهێنەران و هەناردەکاران دەبێت، بۆیە رەنگە کاریگەری لەسەر ئاستی جیهان هەبێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل. ئەمە تەنیا شەڕێکی بازرگانی نییە، بەڵکو دابەشبوونێکە لە ئەنجامی ململانێی سیاسی.
رووداو: ئایا لیشتنشتاین کراوەیە بەرووی کۆچبەراندا؟ هیچ کۆچبەرێکتان وەرگرتووە؟
ژمارەیەک کۆمپانیامان هەن کە تەنیا کۆمپانیای خاوەن سەرمایە و موڵکن
شازادە مایکڵ: ئێمە خاوەن کولتوورێکی درێژخایەنی یارمەتیدانی کۆچبەرانین. ئەو کولتوورە لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی دەستیپێکرد. ساڵی 1945 ئاوارەی رووسی روویان لە لیشتنشتاین کرد بۆئەوەی پارێزراوبن لە رادەستکردنەوەیان بە یەکێتیی سۆڤێت و دەسەڵاتی ستالین. ئەگەر رادەستکرابانەوە بە ژن و منداڵەوە لەسێدارە دەدران. لیشتنشتاین تاکە وڵات بوو لە ئەوروپا کە پەنای ئەو کەسانەی دا. ئەو کات ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەمان پازدە هەزار کەس بوو. 500 ئاوارەی رووسیمان وەرگرت و ماوەیەکی زۆر لێرە مانەوە. تاوەکو ئەو کاتەی شەڕی سارد دەستیپێکرد و بەرەو ئەمریکا کۆچیان کرد. دوای ئەوەش بەردەوام ئاوارە و کۆچبەرمان وەرگرتوون. بۆ نموونە لەکاتی شۆڕشی هەنگارییەکان لەدژی سیستمی سۆڤێت لە ساڵی 1956 ژمارەیەک هەنگاری روویان لە وڵاتەکەمان کرد. پاشان لەکاتی شەڕی یوگۆسلاڤیاش ژمارەیەک ئاوارە هاتن. ئێستاش هەندێک ئاوارەی سووری لە وڵاتەکەمانن. هەروەها ئێمە وا لەو ئاوارانە دەڕوانین کە دەکرێ کارێک بزانن و بەو کارە بژێوی خۆیان پەیدابکەن. دەشمانەوێ ئەوان تێکەڵی کەرتی ئابووریمان ببن. بەشێوەیەکی ئاسایی، بەهۆی بچووکیی وڵاتەکەمان ناتوانین ژمارەیەکی زۆر ئاوارە بۆ ماوەیەکی درێژ لەخۆبگرین، بۆیە زۆربەیان روو دەکەنە وڵاتانی دیکە و لە لیشتنشتاین نامێننەوە.
رووداو: دەمەوێ باسی بنەماڵەی شاهانەی لیشتنشتاین بکەم. پەیوەندی خێزانی شاهانەی لیشتنشتاین لەگەڵ بنەماڵە شاهانەکانی ئەوروپا و جیهان چۆنە؟
شازادە مایکڵ: پەیوەندی کەسیی باش هەیە لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەی وڵاتانی دیکە. هەروەها پەیوەندی باشمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەش هەیە کە سیستمی پاشایەتییان نییە. شتێک هەیە لە پەیوەندی نێوان بنەماڵە شاهانەکانی ئەوروپا. بنەماڵەکان کاتۆلیک و پرۆتستانتن. ئەو بنەماڵانەی کە کاتۆلیکن لەیەکەوە نزیکن، بە هەمان شێوە پرۆتستانتەکانیش لێکنزیکن. هەرچەندە هیچ دوژمنایەتییەک لەنێوان بنەماڵە کاتۆلیک و پرۆتستانتەکان نییە. بنەماڵەی شاهانەی ئێمە کاتۆلیکین، بۆیە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو بنەماڵانە باشترە کە کاتۆلیکن نەک پرۆتستانت.
ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی لیشتنشتاین لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەمان کار دەکەن
رووداو: ژن و ژنخوازی لەنێوان بنەماڵە شاهانەکان پەیوەندییەکان بەهێز دەکات. ئێوە لەگەڵ هیچ بنەماڵەیەکی شاهانەی دیکە ژنخوازیتان هەیە؟
شازادە مایکڵ: بەڵێ هەمانە. پەیوەندی مێژووییمان لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەی هەپسبێرگ هەیە. ئێمە رەنگە کۆنترین بنەماڵەی خانەدانی ئەوروپا بین کە مێژوومان 700 ساڵە. پەیوەندیمان لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەکانی باڤاریا و بەلجیکا و لۆکسمبێرگیش هەیە. نزیکین لەیەکەوە.
رووداو: ئایا لیشتنشتاین بایەخ بەوەدەدات پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ دەوڵەتان و هەرێمەکانی جیهان هەبێت؟
شازادە مایکڵ: حەز دەکەین، بەڵام زۆرجار ناتوانین پەیوەندی راستەوخۆمان هەبێت. ئێمە ناتوانین لە هەموو وڵاتان باڵیۆزخانەمان هەبێت، چونکە ئەو هێزە مرۆییەمان نییە. بە هاوبەشی لەگەڵ سویسڕا کار دەکەین. بۆ نموونە باڵیۆزی ئەمریکا لە سویسڕا باڵیۆزی ئەمریکایە بۆ لیشتنشتانیش. هەوڵدەدەین باڵیۆزخانە تەنیا لەو وڵاتانە بکەینەوە کە بۆمان گرنگن وەکو دراوسێکانمان. نەمسا، سویسڕا و ئەڵمانیا. هەروەها باڵیۆزخانەمان لە ئەمریکاش هەیە. باڵیۆزمان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش هەیە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و رێکخراوەکانی دیکەش.
وڵاتەکەمان هیچ قەرزێکی لەسەر نییە
رووداو: ئایا وڵاتی ئێوە چالاکی دیپلۆماسیدان لە جیهاندا هەیە؟ چاوتان لەوەیە نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە؟
شازادە مایکڵ: پێموانییە بتوانین ئەو کارە بکەین. ئێمە وڵاتێکی زۆر بچووکین و لە پەیوەندی دیپلۆماسیدا بە هاوبەشی لەگەڵ سویسرا کار دەکەین.
رووداو: لیشتنشتاین ئەزموونی باشی هەیە لە سیستمی بانکیدا، پێتوایە ئەوە چۆن دەتوانێ هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لەو بوارەدا؟
ململانێ لەسەر باڵادەستیی سەربازی و سیاسی و ئابووری لەنێوان ئەمریکا و چین سەردەکێشێت بۆ لێکدابڕان
شازادە مایکڵ: لەراستیدا بیرم لەوە دەکردەوە. دەکرێ سیستمێکی بانکی هەبێت کە بەشێوەی لۆکاڵی کار دەکات، سیستمێکی بانکیش هەبێت کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار دەکات یان سیستمێک کە هەردووکیان لەخۆبگرێت. هەبوونی سیستمی بانکی باشی لۆکاڵی زۆر گرنگە بۆ پێشکەوتنی ئابووری. بەرای من شوێنێکی وەکو کوردستان دەتوانێ پەرە بە سیستمێک بدات بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ، چونکە هەندێجار ئەوە سوودمەندە کە سیستمێکی بانکیی فراوانت نەبێت کە شێوازەکەی نەریتی و کۆن بێت. دەکرێ ئەوە هەلێکی باش بێت بۆ دروستکردنی سیستمێکی نوێ. لەلایەکی دیکەش، ئەگەر بتانەوێ ببنە ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر، خەڵک بتوانن متمانەتان پێ بکەن، ئەوە دەتوانن سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی رابکێشن، دەزانم ئێوە وەک ئێمە ئەو ئیمتیازەتان نییە کە لە ناوچەیەکی زۆر پارێزراو بژین، بەڵام کوردستان لەوە سوودی بینیوە کە توانیویەتی سیستمێکی حوکمڕانی باشی هەبێت کە سەقامگیری بەدی بێنێت و مافی خاوەندارێتی سامان بپارێزێت. ئەوە زۆر گرنگە کە یاسای متمانەپێکراو هەبێت. سیستمێکی یاسادانانی باوەڕپێکراو لەگەڵ سیستمێکی کارگێڕی کاریگەر، بەڵام گەورە نا.
رووداو: لیشتنشتاین زۆرتر پشت بە کام سێکتەر دەبەستێت؟
پەیوەندیمان لەگەڵ بنەماڵە شاهانەکانی باڤاریا و بەلجیکا و لۆکسمبورگیش هەیە
شازادە مایکڵ: لە راستیدا ئێمە پشت بە بازرگانیی ئازاد لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەبەستین. لەبەرئەوەی ئێمە وڵاتێکی زۆر بچووکین زۆربەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان نێودەوڵەتییە. بۆ ئێمە زۆر گرنگە پەیوەندی باشی بازرگانیمان هەبن لەسەر ئاستی جیهان. ئیمتیازێکی گەورەمان هەیە کە لەلایەک یەکێتیی دراومان هەیە لەگەڵ سویسرا. لەلایەکی دیکەش پەیوەستین بە ناوچەی ئابووری ئەوروپا، کە دەتوانین دەستمان بگاتە بازاڕی یەکێتیی ئەوروپا. ئێمە دەتوانین رێکخستنی بازرگانی سویسڕا لەگەڵ جیهان بەکاربهێنین ئەوەش زۆر سوودبەخشە بۆمان، چونکە سویسڕاش وڵاتێکی بچووکە، هەرچەندە بەراورد بە لیشتنشتاین گەورەیە. سویسڕاش زۆر پشت بە پەیوەندی نێودەوڵەتی و بازرگانی نێودەوڵەتی دەبەستێت.
رووداو: ئێوە نوسینگە و باڵیۆزخانەتان لە جیهاندا نین. ئەگەر کەسێک بیەوێ سەردانی وڵاتەکەتان بکات چۆن ڤیزای دەستدەکەوێت؟
شازادە مایکڵ: میکانیزمەکە ئەوەیە ئێمە ڤیزاش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سویسڕا دەدەینە خەڵک. لە کۆنسوڵخانەکانی سویسرا ڤیزای وڵاتی ئێمەش دەدرێت. ئەگەر کەسێک بتوانێ ئازادانە بەبێ ڤیزا سەردانی سویسرا بکات، دەتوانێ سەردانی لیشتنشتاینش بکات. ئێمە بەشێکین لە ناوچەی شنگن. ئەگەر کەسێک ڤیزای شنگنی هەبێت، دەتوانێ سەردانی لیشتنشتاین بکات. لەو رووەوە دەرگای وڵاتەکەمان کراوەیە.
کوردستان دەتوانێ پەرە بە سیستمێکی بانکی بدات بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ

