رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا دەڵێت، ئێستا لە لیتوانیا زیاتر لە 2000 کۆچبەری عێراقی هەن، دەشڵێت 90%ی ئەو کۆچبەرە عێراقییانە خەڵکی هەرێمی کوردستانن. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، هاوکاریی داراییان دەکەن.
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لەمیانی بەشداریکردنی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شاهۆ ئەمین باسی پرسی کۆچبەرانی لە وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، بە درێژایی ساڵی 2020 تەنیا 80 کەس توانیویانە لە سنووری بێلاڕووسەوە بچنە نێو خاکی وڵاتەکەیەوە، بەڵام دواتر لە ساڵی 2021 وای لێهاتووە کە رۆژ هەبووە زیاتر لە 300 کۆچبەر چوونەتە نێو وڵاتەکەی، هەربۆیە رێوشوێنەکانیان تووند کردنەوە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا زۆربەی کۆچبەران بە "کۆچبەری ئابووری" ناودەبات و دەڵێت، "ئەوان نە کۆچبەری سیاسین و نە هیچ شتێكی دیکە"، تاکە رێگەیش بۆ ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەرییان پەسند ناکرێت بە "گەڕانەوە" دەزانێت.
رووداو: جەنابی وەزیر، خۆشحاڵم بە بینینتان.
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: منیش خۆشحاڵم.
رووداو: هاوینی رابردوو جێگری بەڕێزتان و جێگری وەزیری ناوخۆی لیتوانیا بە رووداویان گوت ژمارەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی لە بیلاڕووسەوە گەیشتوونەتە لیتوانیا 2800 کەسە، ئێستا ژمارەی کۆچبەرانی هەڵگری ناسنامەی عێراقی لە وڵاتی ئێوە چەندن؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: باشە، بارودۆخەکە گۆڕاوە، ئێستا لە لیتوانیا کەمێک سەرووی 2000 کۆچبەری عێراقی هەن، لە هاوینی رابردوودا نزیکەی 400 کۆچبەر لەسەر داوای خۆیان گەڕاونەتەوە.
رووداو: لەسەر داوای خۆیان؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بەڵێ.. حکومەت بەرنامەیەکی تایبەتی خستووەتەگەڕ کە تێیدا بڕی هەزار یۆرۆ هاوکاریی دارایی پێشکێش بە کۆچبەر دەکات تاوەکو بگەڕێتەوە، بەو پارەیە دەتوانن بلیتی فڕۆکەکە بکڕن، ئەو بەرنامەیە ئێستا هەیە، بەڵام دڵنیا نین تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت.
رووداو: ئایا ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی عێراق خەڵکی هەرێمی کوردستانن؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: زۆربەیان بەڵێ، دەتوانم بەڵێم لە 90%، چونکە هەموو بابەتەکە لەوێوە دەستیپێکرد، سەرەتای گەشتەکان لە هەولێرەوە دەستیان پێکرد، لێرەوە خەڵک بڕیاریدا ئەو رێگەیە تاقیبکاتەوە، ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای کردووە ئەمڕۆ من لێرەبم، لە هەولێر.
رووداو: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بەڵێ..
رووداو: کەوابوو، پەیامتان چییە؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: پەیاممان ئەوەیە کە بڵێین بارودۆخەکە بە شێوەیەکی گەورە گۆڕاوە، بەڵام با بەر لەوە بڵێم کە یەکەمین پەیاممان سوپاسکردنە، چونکە پێکەوە کارکردنی نێوان حکومەتەکانمان بەرهەمداربوو، گرنگترینیان ئەوەیە کە توانیمان گەشتە ئاسمانییەکان بوەستێنین، من دەزانم کە خەڵکێکی زۆر لە عێراق هێشتا وا بیردەکەنەوە کە دەرفەتی رۆیشتن بەو رێگەیە هەیە تاوەکو بە ژیانێكی باشتر بگەیت، بەڵام هەزاران کەس لەو کۆچبەرانە لە دارستانەکاندا گیریانخوارد. ئەوان لەوێ هیچ دەرفەتێکی باشتر لەو دەرفەتانەی ئێرە لە عێراقیان دەستناکەوێت. کۆچبەرەکان لەژێر زەبری پۆلیسی بێلاڕووس لە نەهامەتیدان، بۆیە بە هاوکاریی دەسەڵاتی عێراقی ئێمە توانیمان گەشتە ئاسمانییەکان بوەستێنین تاوەکو چیدیکە خەڵک بەرەو بێلاڕووس نەڕوات. ئێستا ئێمە لە قۆناخی گفتوگۆکردنی تایبەت بە گەڕانەوەی کۆچبەران و چۆنێتی باشترکردنی بارودۆخیانین لە وڵاتی خۆیان. ئێمە قسە لەسەر پرۆژەی هاوبەشی پەروەردە، تەندروستی و چەندین بابەتی دیکە دەکەین. لە لایەکی دیکەوە گفتوگۆ لەبارەی بەهێزترکردنی پێکەوە کارکردنی دووقۆڵیمان دەکەین تاوەکو ئەو پێکەوە کارکردنە بۆ بەهێزترکردنی پێکەوە کارکردنی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەوروپا بەکاربهێنین. زۆرجار دەگوترێت تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، رێگەی یاساییە، ئێمە دەمانەوێت رێگەی دیکە بۆ عێراقییەکان بدۆزینەوە تاوەکو بە شێوەیەکی یاسایی بگەنە ئەوروپا.
رووداو: وەکو ئێوە گوتتان زیاتر لە 2000 کۆچبەر لە لیتوانیا هەن، ئایا دۆخی کۆچبەران لە کەمپەکانی لیتوانیا چۆنە لەو زستانە سەختەدا؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بارودۆخەکە ئێستا بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە لە هاوینی رابردوودا پێشکێشی کۆچبەرانمان کرد، جیاوازە؛ ئەوەش دیسانەوە لەگەڵ ساڵی 2020 جیاواز بوو، بە درێژایی ساڵی 2020 تەنیا 80 کەس توانییان لە سنووری بێلاڕووسەوە بێنە نێو خاکی لیتوانیاوە، بۆیە ئامادەییشمان بۆ ساڵی 2021 لەوەدا بوو کە ژمارەیەکی کەمی کۆچبەران دێنە نێو وڵاتمانەوە، بەڵام دواتر وای لێهات کە ئێمە رۆژانە سەرووی 300 کۆچبەر دەهاتە وڵاتمانەوە، ئیدی ئەستەمە بتوانیت ئامادەکاری بۆ هەموو ئەو کۆچبەرانە بکەیت، بەڵام هەرچۆنێک بێت بارودۆخەکەمان کۆنترۆڵکرد و ئێستا کۆچبەران لە بارودۆخێکی باشتردا دەژین، بەڵام دیسانەوە دەیڵێمەوە، ئەوە ئەو ژیانە خۆش و باشە نییە کە کۆچبەران بیریان لێکردووەتەوە.
رووداو: چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە چۆن دەبێت؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: دەتوانم بڵێم نزیکەی 90%ی ئەو کۆچبەرانە، داوای پەنابەرییان رەتکراوەتەوە.
رووداو: رەتکراونەتەوە؟ بۆچی ئەوان داوای پەنابەرییان کردووە؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بەڵێ، هەموویان داوای پەنابەرییان کردووە و داواکانیان بە پرۆسەیەکی تایبەت بە پەنابەرانەوە تێپەڕکراون. داواکانیان تەماشاکراون، زۆربەیان چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، بەڵام وەکو گوتم، بەداخەوە زۆربەیان داواکانیان رەتکراونەتەوە. بە تێڕوانینی حکومەت و شارەزایانی لیتوانی، ئەو کۆچبەرانە کەسانێکن پێیان دەگوترێت - کۆچبەری ئابووری - نە کۆچبەری سیاسین و نە هیچ شتێكی دیکە، بۆیە دەبێت بگەڕێندرێنەوە، بەڵام بەشێکی کەمی دیکە کە داواکانیان پەسندکراوە، بەڵێ ئەوانە دەتوانن بمێننەوە.
رووداو: چەند لەوانە پێتانوایە گەیشتوونەتە ئاستێك مافی مانەوە لە لیتوانیایان پێبدرێت؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: دەتوانم بڵێم، نزیکەی، دەتوانم بڵێم کەمێك نزیک لە 10%
رووداو: لە 10%؟ ئەوانەی کە داواکەیان رەتدەکرێتەوە، ئایا رێگەیان پێدەدرێت بەرەو وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا بڕۆن؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: نەخێر بە هیچ شێوەیەک، دەبێت هەموویان بگەڕێندرێنەوە. تاوەکو ئێستا ئێمە قەرەبووی داراییمان پێشکێش کردوون کە لانیکەم بەشێك لە خەرجییەکانیان دادەپۆشێت کە ئەوان لە گەشتەکەیان بۆ لیتوانیا خەرجیان کردووە.
رووداو: واتە ئێوە هاوکاریی ئەوان دەکەن؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بەڵێ، ئێمە بە هەزار یۆرۆ هاوکارییان دەکەین.
رووداو: ئەو بڕە پارەیە بۆ یەک کەسە یان خێزانێک؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: هەر کۆچبەرێک هەزار یۆرۆ و هەر منداڵێکیش 500 یۆرۆی پێدەدرێت. خەڵکێکی زۆر بڕیاریان دا بە وەرگرتنی پارەکە و گەڕاونەتەوە، نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر فڕۆکەیەک هەموو کورسییەکانی بۆ کۆچبەران تەرخانکران، هەموویان کۆچبەرانێك بوون بە ویستی خۆیان بڕیاری گەڕانەوەیان دابوو. ئەمە خەرجییەکی زۆری خستە سەر حکومەتی لیتوانیا؛ بۆیە لەوانەیە چاو بە بڕیاری پێدانی پارە بە کۆچبەران بخشێندرێتەوە، بۆیە ئێمە پێمانوایە باشتروایە کۆچبەران ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
رووداو: چی دەبێت ئەگەر خەڵک رەتیبکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق؟ ئایا بە زۆر دەیاننێرنەوە؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: لەم قۆناخەدا گەڕاندنەوەی بەزۆر نییە، بەڵام گەڕاندنەوەی بەزۆر ئەگەرێكە هەمیشە لەبەردەستمان دەمێنێتەوە، ئەگەر کەسانێکیش هەبن لەنێو کەمپەکاندا بە خراپی رەفتار بکەن، یان هانی کۆچبەری دیکە بدەن رەفتاری خراپ بنوێنن، ئەوکاتە لەوانەیە ناچار بین بەدوای چارەسەر بگەڕێین بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە، ئەوەش بە چەند رێگەیەک.
رووداو: چ جۆرە چارەسەرێك و بە چ رێگەیەک؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: تاوەکو ئێستا لەوبارەیەوە بڕیار نەدراوە، ئێمە داوامان لە حکومەتی عێراق نەکردووە ئەم جۆرە کۆچبەرانە بەزۆر وەربگرێتەوە؛ بەڵام لە چەند وڵاتێکی دیکە ئەم جۆرە بڕیارانە دراون.
رووداو: بڕیاردان لەسەر کەیسی پەنابەرێك چەند کات دەخایێنێت؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: پرۆسەی بڕیاردانەکە بە تەواوەتی چالاک و خێرایە و تەنیا چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیارەکان دەبێت لەڕووی دادگەشەوە تەماشا بکرێن و دادوەریش بڕیاری لەسەر بدات، کەمێك زیاتر دەخایەنن، بەگشتی 2 تاوەکو 3 مانگی پێدەچێت.
رووداو: ئەوانەی کە کەیسەکانیان رەتدەکرێنەوە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن؟ ئایا لەنێو ناوەندەکانی دەستگیرکردندا دایاندەنێن؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: هەر لەو شوێنە دەمێننەوە کە پێشتر تێیدا بوون و ئێستاش لەوێن. لەدوای بڕیاری دادگە، ئێمە هەوڵدەدەین بارودۆخەکەیان تێگەیێنین، هەرچەندە ئەو کۆچبەرانە لەلایەن چەند کەسێكی دەرەوەی کەمپەکان زانیاریی هەڵەیان پێ گوتوون گوایە رۆژێک دێت و حکومەتی لیتوانیا بێزاردەبێت و رێگەیان پێدەدات بڕۆن، بەڵام من بەوانە دەڵێم ئەوە راست نییە، ئەمە زانیاریی هەڵەیە، من پێیان دەڵێم ئەوان ئێستا لەو کەمپانەن و تاکە رێگەی بەردەم ئەوان گەڕانەوەیە بۆ وڵاتی خۆیان.
رووداو: ئەی چارەنووسی ئەوانەی کە داواکانیان پەسند کراوە، چییە؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: ئەگەر کەیسەکانیان پەسندکران، ئەوا وەکو هەموو هاووڵاتییەکی ئەوروپی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
رووداو: باشە، ئێستا لەم کاتەی کە تێیدا قسە دەکەین، ئایا کۆچبەر لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس - لیتوانیا هەن کە بیانەوێت بچنە نێو لیتوانیاوە، یان ئێوە سنوورەکانتان بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کردوون؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: ئەمە پرسیارێکی باشە، لە سەرەتای ئەیلوولەوە ئێمە بە تەواوەتی کۆنترۆڵی هەموو سنوورەکانمان کرد، بەڵام ئەوە بەو واتایە نایەت کە ئێمە چیدیکە کۆچبەر پەسند ناکەین. نزیکەی 200 کەس کە لە بارودۆخێکی مەترسیداردا بوون، رێگەیان پێدرا بچنە نێو لیتوانیاوە، یان ئەوەتا تەندروستییان زۆر خراپ بووە یان ئاسەواری ئەشکەنجەدان بە جەستەیانەوە بووە لەلایەن بێلاڕووسەکانەوە؛ بۆیە ئێمە رێگەمان پێدان بچنە نێو خاکی لیتوانیاوە، بەڵام دووبارە با لێرە بە روونی بڵێم، رێگەدان بەوانە بە واتای پێدانی مافی پەنابەری نایەت، بەڵکو دەبێت تەماشای بەڵگە و کەیسەکانیان بکەین، دەشتوانم بڵێم پێویستە زۆربەیان بگەڕێنەوە وڵات.
رووداو: لەم دواییەدا ئێوە لە بەغدا بوون، گفتوگۆکانتان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لەبارەی کۆچبەرانەوە چۆن بوون؟ بە دیاریکراوی ئەو کۆچبەرانەی کە لە عێراقەوە بۆ لیتوانیا دەچن؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: یەکێک لەو پەیامانەی کە من لەگەڵ خۆم بۆ بەغدام برد ئەوەیە کە چەندین وڵات لە ئەوروپا هەن، بە نیگەرانی و گرنگییەوە دەڕواننە پەڕاوی ئەم کۆچبەرانەی کە ئێستا لە پۆڵەندا، لاتڤیا و لیتوانیادا هەن، پێشموایە ئەنجامی ئەرێنی لەو پەیامەمان کەوتوونەتەوە، حکومەتی عێراقی رێگەی بەرهەمداری گرتووەتەبەر، حکومەتی عێراق داواکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پێکەوە کارکردنی زیاتر، بە جیددی تەماشای دەکەن و هاوکات هەستیارێتیی بابەتەکەشیان لەبەرچاو گرتووە، عێراق تێگەیشتووە کە دەبێت چوونی نایاسایی کۆچبەران بوەستێت. ئەگەر لەو بوارەدا هەردوولا بە چارەسەرکردنێكی فەرمی گەیشتن، ئەوا بە دڵنیاییەوە رێگەیەکی نوێ بۆ عێراق و حکومەتەکەی لە پێکەوە کارکردن لەگەڵ ئەوروپا دابیندەکات؛ من زۆر خۆشحاڵیشم بەوەی لیتوانیا بەشداری لەو پێکەوە کارکردنە دەکات.
رووداو: ئەی وەڵامی لایەنی عێراقی چی بوو؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: پێموایە تێگەیشتنێكی هاوبەش هەیە، ئەمە بە سوودی هەردوولایە، بەتایبەتی بۆ گەلی عێراق.
رووداو: ئێستا کە لە هەولێریت، پەیامتان بۆ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم مژارە چییە؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: پێشتریش ئەمەم گوتووە، ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی لەئاست ئەو کۆچبەرانە دەکەین کە دەگەڕێنەوە ئێرە، بە واتایەکی دیکە، ئێمە هەوڵمانداوە چەند رێگەیەک بدۆزینەوە تاوەکو هاوکارییان بکەین لێرە، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە چەند بیرۆکە و پرۆژەمان پێشنیاز کردووە کە بتوانرێت بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا جێبەجێ بکرێن، بە هیوای ئەوەی ئەو کارانە ببنە هۆی کەمترکردنی ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی هاندانی خەڵک بەدوای رێگەی نایاساییدا بڕۆن بۆ چوونە نێو ئەوروپاوە.
رووداو: تکایە دەتوانن پێم بڵێن، پرۆژەکانی دیکە چین؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بۆ نموونە یەکێک لەو بوارانە بۆ پێکەوە کارکردن، بواری پەروەردەیە، ئێمە بیر لە دامەزراندنی پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ ناوەندە شارەزا و پیشەییەکانی فێرکردن دەکەینەوە کە شارەزایی پێشکێشی خەڵک دەکەن؛ بەتایبەتی گەنجان، لە لیتوانیا و هەروەها لێرە لە هەرێمی کوردستان. پێموایە ئێمە دەتوانین شارەزایی و ئامێری گونجاو پێشکێش بکەین، هەرچەندە ئێمە دەزانین کە پێشتر پرۆژەی لەو جۆرە لە بەغدا دامەزراوە و ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەرگرین؛ ئێمە نامانەوێت تەنیا چارەسەرێك بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، بەڵکو رێگەیەکیش بۆ چەند کارێکی هاوبەش، پێشکێش بکەین.
رووداو: وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی ئێمە پێشتر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، باسی کێشەی کۆچبەرانمان دەکرد، بەڵام ئێستا باسی هاوکاری دەکەین و لیتوانیا هاوکارمان بوو لە دەرهێنانی عێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکان تایبەت بە سپیکردنەوەی پارە و تیرۆر. ئایا هەمان بابەتتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کردووە؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بە دڵنیاییەوە، یەکەمجار کە من هاتمە عێراق تەنیا و تەنیا باسی کۆچبەرانمان کرد، چونکە لەو کاتەدا قەیرانەکە لە لووتکەدا بوو، بۆیە ئێمە قسەمان لەبارەی وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و دەستکردن بە پرۆسەی پێکەوە کارکردن کرد. بەڵێنم بە هاوڕێکانم لێرە لە هەولێر و بەغدا داوە بەوەی بەرپرسانی لیتوانی سەردانیان دەکەنەوە و تەنیا لەبارەی کۆچبەرانەوە قسە ناکەن، بەڵکو مژاری دیکەش، ئێمە پێمانوایە دەکرێت قەیرانی کۆچبەران بە دروستکردنی متمانە چارەسەر بکرێت، ئەگەر ئێمە متمانە دروستبکەین و یەکدی باشتر بناسین و رێگەیەک بۆ داهاتوو دامەزرێنین، ئەوا کێشەکان چارەسەر دەبن و باوەڕم وایە ئێمە لە شەش مانگی رابردوودا توانیومانە ئەو کارە رێکبخەین.
رووداو: یەکێتیی ئەوروپا بیری لەوە نەکردووەتەوە کە زیاتر یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان بدات بۆئەوەی گەنجانی کۆچ نەکەن بۆ ئەوروپا؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: یەکێتیی ئەوروپا زۆر تێکەڵی ئەم بابەتە بووە، چەندین دامەزراوەی ئەوروپی سەرقاڵی چارەسەرکردنی دۆسیەی کۆچبەرانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پێموایە بە پێكەوە کارکردنی عێراق و یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت ئەو کارە باشتر بکرێت، نموونە لەسەر ئەوە سڕینەوەی ناوی عێراق بوو لە لیستی وڵاتانی مەترسیداری سپیکردنەوەی پارە و تیرۆر کە پێموایە هەنگاوێكی زۆر باشە بە ئاراستەیەکی دروست و پیشانیشی دەدات بە متمانە و پێکەوە کارکردن پەنجەرەی زیاتر دەکرێنەوە و دڵنیاشم بەرپرسەکان لێرە لە هەولێر و بەغدا ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و هۆشیارانە بەکاریان دەهێنن.
رووداو: ئایا مامەڵەکردنی ئێوە لەگەڵ دۆسیەی کۆچبەرانی کورد لە سووریا و ئێران بە هەمان شێوەی مامەڵەکردنە لەگەڵ کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا؟ ئایا ئەوان دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە رێگەی سنوورەوە هاتوون، بەدەر لە وڵاتینامەیان، بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە؛ چونکە ئەوانەی کە هاتن زۆربەیان هاوین هاتن و بە شەودا سنوورەکانیان بەزاند، بە دڵنیاییەوە پێت دەڵێم بابەتی وڵاتینامە شتێك نییە کە پاسەوانانی سەر سنوور لەبەرچاو بگرن، ئەوەی کە جێگەی پرسیارە بۆ ئێمە بارودۆخی تایبەتی خودی کۆچبەرەکەیە، ئایا نەخۆشە یان تووندوتیژی لە بەرامبەریدا کراوە، منداڵی کۆرپەیان پێیە یان ژنی دووگیانە، ئەمانە جێگەی لەبەرچاوگرتنن، لە لایەکی دیکەوە بڕیاری کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بۆ وەستان بووە لە بەرامبەر بێلاڕووسەکان، نەک دژ بە ئێرانی، سووری، کورد، ئەفغانی یان هەر کەسێكی دیکە کە بەهۆی زانیاریی هەڵەوە پێیانوابووە دەتوانن بە ئاسانی سنوورەکان ببەزێنن، بۆیە پەیوەندیی بە وڵاتینامەوە نییە، بەڵکو بەرژەوەندیی نیشتمانی و رێزگرتن لە شکۆی مرۆڤایەتی لەبەرچاو دەگیرێت.
رووداو: ئەگەر هاتو چەند کۆچبەرێك سنووری بێلاڕووس بەرەو لیتوانیایان بەزاند؛ چۆن رەفتاریان لەگەڵدا دەکەن، ئایا لە کەمپ دایاندەنێن؟ یان دەیانگەڕێننەوە بۆ نێو بێلاڕووس؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: ئەگەر رێگەیان پێدرا سنوورەکە ببەزێنن، ئەور بابەتە سەرەکییەکەیە..
رووداو: ئەگەر بە قاچاخی چوونە ناوەوە.
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: کەیسی لەو جۆرەمان نەبووە خەڵک بە قاچاخ بچێتە نێو لیتوانیاوە، سنوورەکان کۆنترۆڵ کراون، دەتوانم بڵێم لەو کاتەی سنوورەکان کۆنترۆڵ کراون هیچ کەس سنوورەکانی نەبەزاندووە، بەڵێ هیچ کەس نەیبەزاندوون.
رووداو: بەم دواییە باس لەوە کرا حکومەتی لیتوانیا ئەو کۆچبەرانەی کە بە قاچاخی لە سنوورەوە دەچنە نێو لیتوانیا، بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ناوەندێکدا دەهێڵێتەوە، ئایا ئەمە راستە یان نا؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: نازانم ئەوان باس لە چ کەسانێک دەکەن، چونکە لە هاوینی رابردوودا نزیکەی 4000 کۆچبەر سنوورەکەیان بەزاند، ئەوە پێش ئەوە بوو کە سنوورەکان بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکرێن، بەڵام لەدوای ئەوەی سنوورەکانمان کۆنترۆڵکرد ئیدی تەنیا خاوەن کەیسە مەترسیلەسەرەکان بووە کە ئێمە بڕیارمان داوە بچنە نێو وڵاتەوە. بۆیە ئەگەر کەسێکمان بینی، بۆ نموونە لێی درابێت، ئەوا دەیبەینە ژوورەوە و چارەسەری دەکەین و هەوڵدەدەین رازیی بکەین بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
رووداو: وەکو وابێت ناوەندی هێشتنەوەی کۆچبەرانتان هەبێت؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: ئێمە ناوەندی هێشتنەوەیان پێناڵێین، بەڵکو کەمپی تایبەت بە کۆچبەرانن کە بە تایبەتی بۆ ئەم قەیرانە دروستکراون.
رووداو: بەڕێز لاندسبێرگیس، ئێمە قسە لەبارەی کۆچبەران دەکەین، بۆ نموونە کورد لە سووریا، بارودۆخی ئەو ناوچەیە باش نییە، بە جۆرێک لە جۆرەکان وێرانە، ئایا بۆ نموونە ئەوان دەگەڕێننەوە بۆ سووریا؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: تاکە بڕیار کە دراوە تایبەت بوو بە خەڵکی ئەفغانستان، ئەوانەی کە ئێمە دەزانین ئەفغانین، گەڕاندنەوەی ئەوان وەستێندرا، ئێستا وەستێندراوە، تاوەکو ئەو دەمەی بارودۆخەکە روون دەبێتەوە، ئەوە تاکە بڕیارە کە لەلایەن بەرپرسانی لیتوانیاوە دراوە.
رووداو: وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا گوتی، 4000 کۆچبەری عێراقی لە سنووری نێوان بێلاڕووس و لیتوانیادا گەڕێندراونەتەوە، پلانتان چییە لەوبارەیەوە، ئایا بەمزووانە گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە لیتوانیاوە بۆ عێراق دەکرێت؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: ئێمە ئێستا نزیکەی 100 کەسمان هەیە لە لیتوانیا کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
شاهۆ: ئەوان ئامادەی گەڕانەوەن؟
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بەڵێ ئامادەی گەڕانەوەن، لەوانەیە لە ماوەی یەک هەفتەدا بگەڕێنەوە، ئێستا پرۆسەکە دەستیپێکردووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لە بێلاڕووس هێشتا 2000 کۆچبەر هەن، لە دیوی بێلاڕووس لەسەر سنووری لیتوانیا.
رووداو: ئەوانە بە هیوان سنوورەکە بە ئاراستەی لیتوانیا ببەزێنن.
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: بەڵێ، ئەوانە دەیانەوێت سنوورەکە ببەزێنن و بچنە نێو لیتوانیاوە، بۆیە ئێمە پێمانوایە هێشتا دەبێت پەیامێک بدەینە حکومەتی بێلاڕووس بەوەی رێگە بەو کۆچبەرانە بدات بگەڕێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی شاری مینسکی پایتەختی بێلاڕووس تاوەکو بتوانن بە گەشتی ئاسمانی بەرەو وڵاتەکانیان بگەڕێنەوە.
رووداو: بەڕێز گابرییەڵیس لاندسبێرگیس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، خۆشحاڵ بووم بە قسەکردن لەگەڵتان. زۆر سوپاس.
گابرییەڵیس لاندسبێرگیس: زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.

